کاوەی مەلاحسێن
14/04/2025
197 جار خوێنراوەتەوە
کاتی پرۆژەیە نەک قسە
هەموو ساڵێک لە۱٤ۍ نیساندا یادی جینۆسایدی گەلی کورد دەکرێتەوە و کۆمەڵێک قسەو لێدوان دەدرێت، بەبێ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو قسانە بکرێت بەکردارو و چرۆبکات و کەس و کاری ئەنفالکراوان لەبەرهەمەکەی بخۆن و لەسێبەرەکەی پشوویەکی دەرونی و مادی بدەن، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو لێدوان و بەڵێنانە نابنە کردار ساڵ لەدوای ساڵ بەرپرسانی باڵا لەبری بەشداریکردن لەو یادەو ڕاستەوخۆ گوێ بۆخەم و فرمێسکی کەس و کاری ئەنفالکراو بگرن، خۆیان لەیادەکە دەدزنەوەو لەئاسێکی لاواز بەشداری دەکەن.
ئەم یادە ئەوندەی کرا بەپرسێکی حزبی ئەوندە هەوڵنەدرا بکرێت بەپرسێکی نیشتمانیی و بەردی بناخەی خەونی سەدساڵەی کورد پێ بەدیبهێنرێت، جگە لەهەوڵە کەسێکان بەهۆی نوسینی کتێب و وەرگێریانیان بۆ زمانی بیانی هەوڵێکی ئەوتۆ نابینرێت لەلایەن حکومەتەوە تاوانی ئەنفال بەدەرەوە بناسێنرێت، بەداخەوە تا ئێستاش ڕاگەیاندنەکانمان لەم ئاستەدا زۆر لاوازو کرچ و کاڵی دەبینرێت لەپەیامەکانیان تەنها یادەکە بەخۆمان ئاشنا دەکرێتەوە، لەکاتێکدا بەئێستاشەوە هەڕەشەی قڕکردن و لەناوبردنی کورد بوونی هەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی دەوروبەر.
لەگەڵ کردنەوەی ئەم یادەدا لەشارێکی وەک قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کەسوکاری ئەنفالن، دوای چەند مانگێک دانیشتوانەکەی 15 رۆژجارێک ئاوی خواردنەوەیان بۆ دێتەوەو لەڕەوشێکی خراپی بێ ئاوی بێ کاری ژیان دەگوزەرێنن، بەڵام لەهەمانکاتدا بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵێک خەڵک بەدوری زیاتر لە30 کیلۆمەتر لە زێی گەورەوە ئاو بەبۆڕییەکی گەورە ڕادەکێشرێت بۆ دروستکردنی دەریاچەیەکی دەستکرد لە ناو پرۆژەیەکدا لە پایتەختی هەولێر، کەچی زیاتر لە بیست ساڵە نەیانتوانی40 کیلۆمەتر بۆڕی ئاو لە گۆپتەپەوە بۆ چەمچەماڵ ڕاکێشن و 300 هەزار هاوڵاتی کەزۆرینەیان کەس وکاری ئەنفال و پێشمەرگەو شەهیدن لە تینوێتی ڕزگار بکەن.
|