×

سیامەند خەلیل 26/11/2024 258 جار خوێنراوەتەوە

نیشتمان.. پشەکە خواردی

لەنێو کوردەوارییدا واباوە، بۆ گاڵتەوگەپ بە مناڵ ئەوترێت: پشەکە خواردی. ئەم دەستەواژەیە بۆ کاتێکە شتێک لە منداڵ بشارنەوە. جا لەم دۆخەی ئێستادا کە هەر بەراستی دنیایەک بودجە و داهاتی گشتی، پشەکە خواردویەتی. حەق وایە بپرسین: بەدەر لە موچە و ئابوریی وڵات، چی تر ماوە، تا پشیلەکان بیخۆن؟

 درێژەی هەواڵ و شیکاری سیاسی و ئەم هەموو چەلەحانێیەی حزبەکانی ناوێ، بە چەند دەقیقەیەکی کەم، دەتوانین تێبگەین لە دەوروبەرمان چی دەگوزەرێ؟ روسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەتۆم دەکات. ئۆکراین شەڕ بۆ خۆرئاوا دەکات. ئەمریکا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات. کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا لە هەموو کات زیاتر ترسیان لێ نیشتووە، دەیانەوێت لە سەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن هەژموون بن. هەموو ئەم ململانێ گەورانەی جیهان تەنها شەڕی هەژموونە کە پشت بە باڵادەستبوونی تەکنەلۆجی و زانستی دەبەستێت.  

لەمێژویی مرۆڤایەتیدا، ئێستا لە حزەیەکی زۆر گرنگە، گرنگترە لە شۆڕشی پیشەسازی. جیهان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و خێرا لە بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجی، تەکنەلۆجیایەک کە هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، تەکنەلۆجیایەک کە بڕیار لەسەر هێز و هەژموونی وڵاتان دەدات و ململانێ سەربازیی و ئابورییەکان یەکلایی دەکاتەوە. لەم نێوەندەدا کۆمەڵگەکان دابەش دەبن بەسەر دوو جۆردا، ئەو جۆرەیان کە توانای پێشکەوتن و دەستەبەرکردنی ئامرازی نوێی تەکنەلۆجیان هەیە، دەمێننەوە. ئەو جۆرەی تریان کە هیچ توانایەکی لەو چەشنەی نییە، کۆمەڵگەکانیان دەبێتە تاقیگە و رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو برسێتی و هەژاری زیاتردەچن. 

بۆ گەلانی ئەم سەردەمە، زانست و تەکنەلۆجیا لە زمان و نەتەوە گرنگترە، هەموو ئەو وڵاتانەی لە پێشەوەی کێبڕکێدان، خەڵکەکەی هاوسۆزییان بۆ ئەو قەوارە سیاسییە هەیە کە تێیدا دەژین و پێشیاندەخات. وە ئەو گەلانەی کە هیچ ئاییندەیەکی گەش چاوەڕوانیان ناکات بەردەوام لەنێو دروشمی نەتەوایەتی و خەبات و سەروەریدا دەخولێنەوە، بێ ئاگان لەوەی پێشکەوتنی زانستی و بەرهەمهێنانی کەرەستەی تەکنەلۆجی تاکە هۆکاری گەشەسەندن و مانەوەیە لە جیهانی نوێدا.

 بێگومان هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە لەم هاوکێشە نوێیە، بێ ئاگا نین ئەمما سەد مەخابن ئەوانەی کە بەرپرسن دەبوو خەم بخۆن. لەم دواکەوتنە قەرەبوو نەکراوەدا، تونێلی بێ بەشبوونمان لە هاوکێشەی زانستی سەردەم زۆر لە تونێلی کێشە ئابورییەکان تاریکترە ئەمما داخەکەم هەژاریی تەنگی بە میللەت هەڵچنییوە. دەبوو ئێستا،هەرکەس کە دەسەڵاتدارە، یان سەرمایەدارە، یان رۆژنامەنوسە و رۆشنبیرە و سیاسەتمەدارە، بەبێ بەشداریی لە پێشکەوتنی زانستیدا شەرم بکات، نەوەک بەچەشنی ئێستا، بێ باک و بێ ئاگا و سوودمەندبێت. 

پێدەچێت دەسەڵاتداران پێیانوابێت، بە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و بەبێ ئاوڕدانەوە بۆ زانست و بۆ تەکنەلۆجیا، بۆ بەرهەمهێنانی ناخۆیی و بۆ یەکگرتویی کۆمەڵایەتی، دەتوانن لە جیهانی نوێدا هەڵبکەن، یان پێدەچێت دەسەڵاتدارانی خۆماڵی بە نیازبن لەدەرەوەی نیشتمان سەرمایەگوزاریی بکەن و خۆیان بپارێزن، بێ ئاگا لەوەی سیستمی نوێی جیهانی کە هەموو زانیارییەکی ئابوری و جومجوڵی دراو و تۆڕی نوێی بانکەکان بە سیستمی زۆر وردتر لە ئێستا، دەخاتەژێر چاودێرییەوە، کە هەرگیز لێناگەڕێن تا سەر لەسایەی سامانە پاشەکەوتکراوەکانیاندا بحەوێنەوە. 

تێناگەم بۆ هەر کەس گلەیی لەوی تر دەکات و لەماڵەکەی خۆیەوە دەستپێناکات؟ هیچ نەبێت سەرەتا لەپێناو پاراستنی خۆی و نەوەکانیدا، پاشان لە پێناو گەنجانی ئاییندەی ئەم وڵاتەدا، با حزبەکان لە جیاتی بارەگا، سەنتەری کۆکردنەوەی داتا و ناوەندی توێژینەوەی زانستی هەمەجۆر دابمەزرێنن، لانی کەم بۆ ئاییندەی خۆیان بەرچاوڕوون دەبن،  لانی کەم دەزانن چۆن خۆیان و میللەت باشتر دەحەوێننەوە. 

ئەوکات پێش خەڵک، دەرفەتی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان دەرەخسێت.

باوەڕم بەوە نییە، کە پردەکانی کارلێک و پەیوەندی لەنێوان دەسەڵاتدار و خەڵکدا بەتەواوی پچڕابێت، پێموایە ئەوانیش کارتێكراون بە هەندێک هەستی ئینسانی و رای گشتی، ئەمەش وادەکات جارجارە کاری باشیان لەدەستبێت، لەبەرئەوە باشترین هەنگاو لە ئێستادا بۆ حزبەکان، داخستنی بارەگاکانیان و گۆڕینیەتی بە سەنتەری زانستی و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر، بەتایبەت کە هەڵبژاردن سەلماندی سوودێکی ئەوتۆیان نییە.  جا ئەگەر لێبگەڕێن سیاسەت بۆ ئەوان و خوێندن و تەکنەلۆجیا بۆ کوڕ و کچی هەژاری ئەم وڵاتەبێت ئەوا هەنگاوەکانی هەستانەوەمان دەستپێکردووە، ئەگەرنا خوا و هەموو کەسێکی هۆشیار باش دەزانێت بەردەوامبوون بەم چەشنەی ئێستا، نیوە یان زیاتری کۆمەڵگە لەبرسا دەکوژێت و نیوەکەی تر بە مەراق و نەخۆشی و کێشەی کۆمەڵایەتی، ئەوکات مەگەر بڵێین: نیشتمان پشەکە خواردی.

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

سەرەکی