×

سەرتیپ جەوهەر 15/05/2024 226 جار خوێنراوەتەوە

لەكوردستانی سەربەخۆوە بۆ پارێزگاريی لەپەلكانە

🔻 ئەرشەد ساڵحی لەكەركوكەوە هات بۆ دیدەنی توركمانەكانی قەیسەری هەولێر، بەڵام پەرلەمانتارەكانی كورد تائێستا نەچوونەتە پەلكانە

🔻 ئەو هەرێمەی دەیتوانی پرۆسەی سیاسی عیراق پەكبخات، ئێستا دەرهەقی دەستدرێژی سەر گوندێكی نایەت

🔻 لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو، حزبە كوردستانیەكان چەقۆیان لەیەكتر دەسویی، كەچی خەڵك هەر دەنگی بەلیستە كوردستانیەكاندا

🔻 هەموو سەركردایەتی پارتی و یەكێتیی ماڵەكانیان لەهەولێرو سلێمانییە. 

✍️ سەرتیپ جەوهەر

ماوەی چەند هەفتەیەكە جارێكی دیكە ژمارەیەك عەرەبی شۆڤینیی و راسپێردراو خەڵكی گوندی پەلكانەی باشوری هەولێر یان رۆژئاواى كەركوكیان تەواو هەراسان كردووە. دیسان دەیانەوێ‌ زەوی كوردان داگیربكەن، بەڵام تائێستا نەپارتی و نەیەكێتیی دەنگێكی ئەوتۆیان لێوەنەهاتووەو تائێستا ئەندامانی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق یاخود ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدەم كێشەكەوە نەهاتوون و تەنانەت سەردانێكی گوندەكەشیان نەكردووە!

ئەمە لەكاتێكدا دوكانەكانی قەیسەری لەهەولێر سوتان، ئەرشەد ساڵحی كە توركمانەو لەسەر پارێزگای كەركوك ئەندامی پەرلەمانی عیراقە، دوێنێ بەهاوڕێیەتی وەزیرێكی توركمان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دوكانە سوتاوەكانی قەیسەریان بەسەركردەوەو لەنزیكەوە گوێبیستی خاوەن دوكانەكان بوون! بێگومان پرسیاری زۆر لەبارەی گوندی پەلكانەو كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان هەیە، بەڵام چەند عەیبە ئەندامێكی توركمان لەكەركوكەوە لەخەمی برا توركمانەكانیەتی دێتە هەولێر بۆ دڵنەوایی توركمانە زیانمەندەكانی قەیسەریی، كەچی چ پارتی و یەكێتیی لەسەر ئاستی باڵا، چ ئەندامانی پەرلەمانی عیراق لەو دوو حزبەو تەنانەت ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا-ش نەهاتوون دڵنەوایی خەڵكی پەلكانە بكەن لەو گرفتەی تێیكەوتوون!ئەمە لەكاتێكدا وەزیری دادی عیراق كە پەیوەندی راستەوخۆی بەزەوی و زارو كێشەی ناوچە دابڕاوەكان هەیە كوردەو لەپشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە.

كاتێك تەماشای گرفتی گوندی پەلكانە دەكەیت، تێدەگەیت كەمینەی بڕیاربەدەستی كوردستان چییان بەسەر گەلی كورددا هێناوە. جاران كابینەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق لە كوردستان دروستدەكرا، لەعیراق بێ‌ كورد بڕیار نەدرا، خەون و خواستی گەلی كورد گەیشتن بوو بەسەربەخۆیی، بەڵام حوكمڕانانی كارێكیان بەم هەرێمە كرد، خەونی گەلێك لەناردنی موچە كۆببێتەوە.

ئەو هەرێمەی دەیتوانی پرۆسەی سیاسی عیراق پەكبخات، ئێستا دەرهەقی دەستدرێژی سەر گوندێكی نایەت و سەركردایەتی و بەرپرسانی دەستەودامێن لێی دانیشتوون و خەڵكەكەیشی لەخودا زیاتر شك نابەن تا هانای بۆ ببەن.

نزیكەی 10 ساڵیش دەبێت سەركردایەتی كورد لەپێكهێنانی حكومەتەكانی عیراق، مەرجی بەشداریان لەحكومەت نەبەستۆتەوە بەجێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور، بەڵكو ناوچە جێناكۆكەكانیان لەكارنامەی حزبی خۆیان فەرامۆشكردووە، ئێستا هەموو خەمیان بووە بەمسۆگەركردنی پشكی حزبیی خۆیان لەبەغدا، نەك مسۆگەركردنی مافی گەلی كوردستان.

لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو، حزبە كوردستانیەكان لەبری یەكڕیزیی و رووبەرووبونەوەی ئەو دۆخە خراپەی ناوچە جێناكۆكەكان تێیدا دەژیت بەرامبەر حەشدی شەعبی، كەچی لایەنە كوردستانیەكان چەقۆیان لێك دەسویی و ددانیان لەیەكتر جیڕدەكردەوە! سەرباری ئەو نابەرپرسێتیەی لایەنە كوردستانیەكان، خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هەستیان بەبەرپرسیارێتی كردو بەگوڕو تینێكی كوردانە چوونە سەر سندوق و دەنگیان دایەوە بەلیستە كوردستانیەكان تا خۆیان و مێژووی مللەتەكەیان رووزەردی مێژوو نەبێت.

لەمێژووی هەموو میللەتان، سەركردایەتی و بەرپرسانیان لەنێو خەڵكی خۆیان و  لەگەڵ خەڵكی خۆیان بوون، كەچی ئەوانەی ئێرە بەتایبەت پارتی و یەكێتیی، هەموو سەركردایەتی و بەرپرسانیان نەك لەنێو خەڵكی خۆیان نین بەڵكو هەموویان ماڵەكانیان یان لەهەولێرە یان لە سلێمانیی؟! ئاخر ئەگەر دۆخی كەركوك خراپەو ئەمین نییە، بۆ لەنێو خەڵكی خۆیان نین و خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكانیان كردۆتە قەڵغانی خۆ پاراستنی خۆیان؟! ئەگەر كەركوك ئەمینەو هیچ گرفتی نییە بۆ ماڵەكانیان نابەنەوە كەركوك و لەنێو خەڵك و لەگەڵ خەڵك بژین؟ّ! رەنگە خەڵك بپرسێت ئەرێ‌ ئێوە خەمی كەركوك و خەڵكەكەتانە، یان كەركوكتان دەوێت تەنها بۆ موزایەدەی سیاسی و دۆشین؟!

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

سەرەکی