سەرتیپ جەوهەر
07/07/2024
93 جار خوێنراوەتەوە
ترس لەتوركیا، بارزانیی گەیاندە بەغدا
🔻 ترس هەیە تورك پشتێنەیەكی ئەمنی بەدرێژایی سنور دروستبكەن
🔻 رەنگە ئەم ئۆپراسیۆنەی توركیا ببێتەهۆی دواخستنی هەڵبژاردن
🔻 لەوانەیە تورك ئۆپراسیۆنی سنوردار لەناوچەكانی یەكێتیش بكەن.
🔻 ئەگەر گارە داگیربكرێت، دهۆك دەكەوێت و ئەگەری رووبەرووبونەوەی پەكەكەو پارتیش زیاتر دەبێت
🔻 ئەنجامی هاتنی تورك هەرچی بێت، پارتی لێی بەرپرسیارە
🔻 پەلاماردانی توركیا بەئاگاداری عیراق و چرای سەوزی ئەمریكایە
رۆژ دوای رۆژ هاتنی هێزی تورك بۆ باشوری كوردستان روو لەزیادبوونە، لەگەڵ هەر ئۆپراسیۆنێك ژمارەی قەرەقۆلی جەندرمە زیاد دەكەن و بەشێك لەو هێزانە دەمینێنەوە. هاوكات رووبەری داگیركاریی بەدرێژایی سنوری هەرێمی كوردستان لەگەڵ باكور زیاد دەكات. دوێنێش هێزێكی زۆری تورك گەیشتنە ناوچەی برادۆست و خۆیان لەچەند ناوچەیەكی نوێ جێگیركرد.
بەپێی زانیاریی ناڕەسمیی، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو، سەدان زرێپۆش و جۆرەها چەكی جیاوازو سەدان جەندرمەی دیكە هێنراونەتە باشوری كوردستان، بەشێك لەهێزەكانیش لەڕێی فرۆكەی بارهەڵگری شینۆك دەگوێزرێنەوە ناوچە سەختەكان.
تائێستا ژمارەی جەندرمەی تورك لەباشوری كوردستان ئاشكرا نییە، بەڵام ئەوەی باسی لێوەدەكرێت زیاتر لە 120 قولەو قەرەقۆل و سەربازگەو بنكەی ئاشكراو نهێنی تورك لەباشوری كوردستان هەیە، زۆربەی هەرە زۆریان دەكەوێتە سنوری پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك، ئەمە جگە لەكونسڵخانەو نوسینگەی پەیوەندی كە لەهەولێرو سلێمانیی هەیە.
هێشتا روون نییە، بەڵام یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان، توركیا لەچەند شوێنێكەوە هێز بهێننە ناوچەی بەریەككەوتن و تەماسی هێزەكانی پارتی و یەكێتیی لەسنوری پشتی رانیەو قەڵادزێ، پێشبینی دەكرێت لەچەند شوێنێك ئۆپراسیۆنی سنوردار لەناوچەی نفوزی یەكێتیش بكەن! هەروەك لەماوەی چەند هەفتەی رابردووش رۆژنامە یەنی شەفەق-ی نزیك حزبەكەی ئەردۆغان، ناڕاستەوخۆ باسی پەلاماردانی فرۆكەخانەی سلێمانی كردبوو.
لەئاداری رابردوو وەزیری بەرگریی توركیا یەشار گولەر بەروونی رایگەیاند ئەوان دەیانەوێ لەهاوینی ئایندە وەك تەواوكارییەك بۆ ئەو پشتێنە ئەمنیەی نێوان باكوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان (توركیاو سوریا) دروستیانكردووە بەقوڵایی 30 بۆ 40 كیلیۆمەتر، لەنێوان باكورو باشوری كوردستانیش (توركیاو عیراق) دروستی بكەن! بۆیە ئێستا ترسێكی جددی هەیە ئەم داگیركارییە بەرێككەوتنێك بێت لەگەڵ ئێران و روسیاو هەڵكردنی گلۆپی سەوز لەلایەن ئەمریكاوە! ترسی گەورەتر ئەوەیە ئەم داگیركارییە پەیوەندی بەكشانەوەی توركیاوە هەبێت لەناوچەكانی ئیدلب و باكوری سوریا كە لەكۆتایی 2019 چەند كەناڵێكی راگەیاندن باسیان لێوە كرد.
ئەم داگیركارییەی تورك تەنها داگیركردنی خاك نییە، بەڵكو هەوڵدانە بۆ دروستكردنی گرفت لەبەردەم هەڵبژاردنی كوردستان كە بڕیارە دوای سێ مانگی دیكە (20ی ئۆكتۆبەر) بكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر ئەو هێزانە توركیا چیای گارە داگیربكەن، لەرووی ئەمنیەوە دهۆك دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی توركیاو ئەگەری رووبەرووبونەوەی هێزەكانی پارتی و پەكەكەش زۆر زیاتر دەبێت.
هەموو جموجۆڵ و ئۆپراسیۆنەكانی تورك لەماوەی 30 ساڵی رابردوو لەناوچەكانی نفوزی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە كە بەزۆنی زەرد ناسراوە، بەڵام هاتنی ئەمجارە ترسێكی زۆرو جددی لای پارتیش دروستكردووە. بۆیە لەچەند مانگی رابردوو پارتیی زۆر خێرا رووی بەرەو ئێران وەرگێڕاوەو پێشكەوتنێكی زۆر گەورە لەپەیوەندییەكانی هەردولادا دروستبووە.
سەردانەكەی كاك مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و خاوكردنەوەی گرژییەكانی رابردوو، دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە شیعەی (ئێرانیی) دەچێتە ئەو چوارچێوەوە. ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیكرا وەك كێشكردن و هاندانێك بوو تا روو لەبەغدا بكات، بۆیە بەشێك لەكێشەكانی حكومەتی هەرێم كە لەلایەن كاك مەسرور بارزانیی كوڕە گەورەی كاك مەسعود بارزانیی سەرۆكایەتی دەكرێت ئەگەر بەكاتییش بێت چارە دەكرێت وەك كێشەی موچەو تەوتین و هێزەكانی پێشمەرگە. لەبیریش نەكەین لەو سەردانەدا بارزانیی بۆ بەغدا چاوی بەموقتەدا سەدر نەكەوت كە لەسەر هێڵی یان بەرەی توركیا حیساب دەكرێت ئەمەش بۆخۆی ئاماژە لەپەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ توركیا. ئەوەی هەیە پێدەچێت پارتی ترسێكی زۆری هەبێت لەجموجۆڵی تورك بۆیە ئەگەر هەیە رووی خۆیان لەتورك وەرگێڕن و بیانەوێ قوڵایی ستراتیجی خۆیان بگوێزنەوە بۆ بەغدا. لەرێی پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لەمەترسیەكانی داگیركاریی تورك كەم بكەنەوە.
راستیەكەی هاتنی تورك و ئاڵۆزبوونی ئەم بارودۆخە، راستەوخۆ پەیوەندی بەململانێی توندی نێوان ناوخۆی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندی حزبیەوە هەیە، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوپەیمانی سەرەكی توركیا بووە، ئێستاش دۆخەكە بەجۆرێك ئاڵۆز بووە بەپارتی چارەسەر ناكرێت، ئەنجام و نەتیجەكەیشی هەرچی بێت هەر پارتی لێی بەرپرس دەبێت.
|