سەرتیپ جەوهەر
05/08/2024
145 جار خوێنراوەتەوە
شنگال.. ژانێكی نەپساوە
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر پەلامارە دڕندانەكەی گروپی تیرۆرستی داعش بۆسەر ئێزدخان تێدەپەڕێت كە بووەهۆی جینۆسایدو كۆمەڵكوژكردنی گەلی كورد لەوناوچانە. ئەم تاوانە برینێكی قوڵی لەجەستەی ئێزدخان و كوردانی ئێزدی بەجێهێشت و تائێستا نەك چارەسەرنەكراوە.
بەر لە 10 ساڵ ئەو هێزە چەكدارانەی پارتی لەشنگال و دەوروبەری بوون بێ هیچ بەرگرییەك ناوچەكەیان چۆڵكردو دانیشتوانەكەیان وەك نێچیرێكی بێدەرەتان بۆ پەلاماری دڕندانەی داعش بەجێهێشت و سەرئەنجام بووە هۆی كوشت و بڕو كۆمەڵكوژییەكی گەورەو بەكەنیزكبردنی هەزاران كچ و ژنی ئێزدی.
ئەوە 10 ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورە تێدەپەڕێت، بڕیاربوو لێكۆڵینەوە لەهۆكاری بەرگرینەكردن و چۆڵكردنی ناوچەكە بكرێت، بەڵام بێدەنگی لێكراو تائێستا هیچ كەسێك رووبەرووی دادگا نەكراوەتەوەو ئەم پرسە بێدەنگی لێكرا.
ئەوەی هەموومان دەیبینین و دەیزانین تائێستا وەك پێویست كارنەكراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوی خەڵكی ئەوناوچانە. دەبوو حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی كورد لەبەغدا كاربكەن بۆ دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەوناوچانە كە بەهۆی شەڕو شۆڕو تاوانی داعش وێرانبووەو تائێستا ئاوەدان نەكراوەتەوە.
هاوكات كاربكرێت ئەو تاوانە لەپەرلەمانی عیراق بەیاسایەكی تایبەت بەجینۆساید بناسێنرێت و حكومەتی ناوەند ناچار بەقەرەبووی ماددی و مەعنەوی بكرێت. هەروەك دەبوو تائێستا دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەموو بەڵگەكانی جینۆسایدكردنی گەلی كورد لەشنگال بەدیكۆمێنت بكەن هەر لەگۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە تا پرسی بەكەنیزەككردن و هەموو كوشتن و لەناوبردنێكی ئەو گروپە، دەبوو ئەو بەڵگانە بەكاربهێنرێن بۆ بۆ ناساندنی ئەو تاوانە گەورە لەسەر ئاستی دونیا، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوە 10 ساڵ تێدەپەڕێت كەچی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم لەبری هەوڵدان بۆ سارێژكردن و نەهێشتنیی شوێنەواری ئەو تاوانە گەورەیە، هەموو سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندی حزبیی و قوڵكردنەوەی ناكۆكیی و ململانێی حزبیەكانە.
سەرباری وێرانبوونی ناوچەكانیان، دوای 10 ساڵ لەم مەرگەساتە، تائێستا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی شنگال و دەوروبەری لەكەمپەكانی پارێزگای دهۆك و دەورەبەری بەهۆی وێرانەیی ناوچەكانیان و نەبوونی پێداویستیەكانی ژیان و نیشتەجێبوونیان نەگەڕاونەتەوە، پێویست دەكات هەرچی زووە هەموو ئەو ئاستەنگانە هەڵبگیرێت كە رێگرە لەگەڕانەوەیان بۆسەر شوێن و واری خۆیان.
كۆمەڵكوژكردنی گەلی كورد لەلایەن داعش لەشنگال و دەوروبەری، تاوانێكی گەورەیە لەمێژووی نوێدا، جینۆسایدە بەهەموو پێوەرەكان، دەبوو تائێستا ئەوانەی بوونە هۆكاری ئەم مەرگەساتە بدرێنە دادگاو راستیی پاشەكشەی لەناكاوی هێزە چەكدارەكان بخرێتە روو، هەروەك درێژەكێشانی ئازاری ئەو برینە قوڵەو ئاوەداننەكردنەوەی ئەو ناوچانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی ئەم حكومڕانیە كە بەهۆی ململانێی حزبیی و ناكۆكی سیاسیانەوە خەمی ئەم میللەتەیان نەماوە.
|