×

بایدن و سودانی
2024-10-06 330 جار خوێنراوەتەوە

سودانی لەبارەی مەترسییەکان و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە نامەیەك بۆ ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا دەنێرێت

ناوەندی هەواڵ

سەرۆك وەزیرانی عێراق، نامەیەك ئاراستەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكات، تێیدا پێی وتوون" ناوچەكە لەسەر لێواری خلیسكانێكی مەترسیدارە كە ڕەنگە هەموو لایەک و جیهانیش بۆ شەڕێكی بەردەوام ڕابكێشێت".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نامەكەیدا باسی لەوەکردووە:"دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی2023 و بەردەوامبوونی داگیركاری ئیسرائیل لەسەر غەززە و درێژبوونەوەی داگیرکارییەکە بۆ لوبنان و هەڕەشە بۆ ناوچەكە، عێراق هەڵوێستی پێشوەختەی هەبوو، كە ئیسرائیل هەوڵدەدات شەڕەكە فراوان بكات بەهۆی بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات".

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێت: “لەسایەی ئەو گۆڕانكارییە مەترسیدارانە كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، پەیامێك بۆ هەموو دۆستەكانمان دەنێرین، بەتایبەت بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، ئێمە لەسەر لێواری خلیسكانێكی مەترسیدارین، كە ناوچەكە و جیهانیش بەرەو شەڕێكی بەردەوام ڕادەكێشێت، ئەوەش ئابووری جیهان دەهەژێنێت و گەشەپێدان تووشی شكست دەكات، لەكاتێكدا ناوچەكەمان وەك سیی وایە و  جیهانی وزە هەناسەی پێدەدات”.

سودانی لەناوەڕۆکی نامەکەیدا، هەڵوێستی ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەرز دەنرخێنێت كە داوای كردووە ئیتر چەك نەدرێتە ئیسرائیل و كار بكرێت بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ، سودانی دەڵێت “ئەو هەڵوێستەش لە پێزانین بە مەترسیداری دۆخی ناوچەكەوە هەڵقوڵاوە”.

بەوتەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، حكومەتەكەی هەوڵی زۆری داوە بۆ دورخستنەوەی عێراق لە كاریگەری ئەو ئاڵۆزییانە، دەشڵێت “لەم كارەدا بە پاڵپشتی ئێوە و هەموو دۆستانی جیهان سەركەوتوو بووین”.

سودانی دەڵێت:" قۆناغی داهاتوو ئەوە دەخوازێت هەوڵەكان چڕتر بكەینەوە، لەسەروو هەموو شتێكیشەوە وەستاندنی بە ئامانجگرتنی كەسانی سڤیل و ڕزگاركردنی ناوچەكە لە هەڵگیرسانی جەنگێكی نەبڕاوە، کە هیچ كەس تێیدا براوە نییە و تەنها كوشتن و وێرانكاری لێدەكەوێتەوە.

نامەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا لەكاتێكدایە، جیهان چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلە بۆ ئەو هێرشە موشەكییەی سەرەتای ئەم مانگە ئێران كردیە سەر ئیسرائیل، ئەویش لە تۆڵەی كوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری حزبوڵڵا و ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و عەباس نیلفروشان فەرماندەی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە.

  • ئێران؛ مردنی پێشوەختە دەیان هەزار کەسی تێپەڕاند

  • ئەڵمانیا ڕەتیدەكاتەوە سەربازەكانی هاوكاری ئیسرائلیان لەشەڕدا كردبێت

  • ئەمریکا بۆ تورکیا: ئەمریکا هیچ کارنامەیەکی نیە بۆ کشانەوە لە سوریا

  • ترەمپ مایک واڵتس دەکات بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا

  • ئیسرائیل بە فەرمی داوای پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ كورد دەكات

  • قەتەر پشتیكردووەتە حەماس؟

  • ئەمریکا دەربارەی هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ ئێران تۆمەتبار دەکات

  • نانسی پیلۆسی: بایدن هۆكاری شكستی دیموكراتەكان بوو

  • نەتەوە یەكگرتووەكان: لەسەدا 70ی كوژراوانى غەززە ژن و منداڵن

سەرەکی