2026-03-02 618 جار خوێنراوەتەوە

"ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن"

هێزەكانی رۆژهەڵات داوایەك لە چەكدارانی رژێمی ئێران دەكەن

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، داوای لە هێزە چەكدارەكانی ڕژێم لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، ئەم دەرفەتە لە كیس نەدەن و دەستبەرداری پاشماوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بن.

هاوپەیمانی هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەروەها داواشی لە گەل كردووە تا دەتوانن خۆیان لە بنكە و ناوەندە سەربازییەكانی ڕژێم بەدوور بگرن.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، سەبارەت بە دۆخی ئێران ڕاگەیاندراوێكی نووسراوی بڵاو كردەوە كە تیایدا هاتووە: لە ڕۆژی شەمەوە ڕەوتی ڕووداوەكان لە ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕێكی قووڵ و بنەڕەتی دەچن. ئەو شەڕەی كە لە ئێستادا هەڵگیرساوە ئاكامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازیی ڕژێم، دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، پاڵپشتیی تێرۆریزمی دەوڵەتی، پێداگری لەسەر دەستخستنی بۆمبی ئەتۆم و پێشخستنی پیشەسازیی مووشەكی، دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی و پێملنەبوونی ڕژێم بە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەكانە؛ سیاسەتێك كە دواجار هەم ئێرانی كردە وڵاتێكی وێران بە ئابوورییەكی داڕماو و هەم ڕژێمەكەش بەرەو ڕووخان برد.

هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵات دەڵێن كوژرانی خامنەیی، ڕێبەری ڕژێم و دەیان فەرماندەی نیزامی و كاربەدەستی سیاسیی ئەم ڕژێمەش دۆمێنۆی ئەو ڕووخانەی خێراتر كردووە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئەم شەڕە، شەڕی كۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمریكا و ئیسڕائیل و كۆمەڵگەی جیهانی نییە، بگرە ئەوە ڕژێمی دیكتاتۆر و سەركوتكەری كۆماری ئیسلامییە كە هەموو خەڵكی وڵاتی بەبارمتە گرتووە، هەموو ماف و ئازادییەكی لێ زەوت كردوون و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا هەزاران كەس لە خەڵكی ڕاپەڕیو و مافخوازی ئێرانی كۆمەڵكوژ كرد. لە ئێستاشدا كە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەكانی خۆیاندان، ڕوو بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوا دەكەین:

١- خەڵكی كوردستان پێ بە پێی ڕەوتی ڕووداوەكان پێویستە لەسەر هەست بن و هۆشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەكان ببنەوە و هەڵسووكەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و ڕاسپاردەكانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ڕێكبخەن و ئەم هەماهەنگی و پەیوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بكەن.

٢- لە ڕۆژانی بەچۆكداهاتنی ڕژێم و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵكدا پێویستە سەرجەم  بنكە و دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەكان لەپێناو بەرژەوەندی و پێداویستییەكانی گشتیدا بپارێزرێن.

٣- داوا لە هێزە چەكدارەكان ڕژێم لە كوردستان دەكەین ڕیزی خۆیان لە پاشماوەكانی كۆماری ئیسلامی جیا بكەنەوە. پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشتتێكردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەكەیان لەكیس خۆیان نەدەن.

٤- پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەوڕووی گۆڕانكارییەكان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاكەكەسی كە زیان بە ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی كۆمەڵگە دەگەیەنێت بپارێزن.

٥- داوا دەكەین لە پێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چەندی دەتوانن لە بنكە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەكانی ڕژێم دوور بكەونەوە.

٦- داوا دەكەین لە ڕۆژانی سەختی بەردەمماندا خەڵكەكەمان بەتایبەت توێژی بازاڕ و دووكاندار و خاوەنماڵەكان زیاتر لە هەر كاتێك ئاگاداری یەكتری بەتایبەت خەڵكی كرێچی، هەژار و بێنەوا بن و بە دەسگرۆیی یەكتر ئەو ڕۆژە سەخت و دژوارانە تێپەڕینین.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا سیاسەت و بەرنامەكانی لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەكانی دیكی خۆیەوە بڵاو دەكاتەوە.”

  • پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات

  • دۆخی ئەمنی لە قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ لەنێوان هەوڵەکانی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانی هەرێم

  • دەستوور، هەڵبژاردن و ئەمریکا؛ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکانەوە

  • لە دیداری مێری چۆن نیگەرانییە ئابوورییەکان پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باس کران؟

  • کورد بە مەرج پشتیوانی ئەردۆغان دەکات خۆی کاندید بکاتەوە

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەتوانین بە 24 کاتژمێر حکومەت پێکهێنین و دەرفەتێکی زێرین لەبەردەم کورددایە

  • قەرەیلان مەرجەکانی چەکدانانی گەریلا و ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات

  • شەڕی قاچاخچێتی نەوت و گەرووی هورمز: هەڕەشە توندەکانی ئێران و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا

  • دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟

سەرەکی