2026-03-03
496 جار خوێنراوەتەوە
ترەمپ بۆچی پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە کردووە؟
ناوەندی هەواڵ
پێگەیەکی ئەمریکی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرا دەکات، هەرچەندە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستی نەکردۆتەوە.
پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی ئەوەبووە گفتوگۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بکات.
تەنها دوای رۆژێک بووە لە دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران
ئەو ماڵپەرە ئەمریکییە لە زاری سێ سەرچاوەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، پەیوەندیەکەی ترەمپ بە بارزانی و تاڵەبانی تەنها دوای رۆژێک بووە لە دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، واتە رۆژی یەکشەممەی رابردوو.
گفتوگۆکان هەستیار بوون
بە وتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، گفتوگۆکان هەستیار بوون و هیچ زانیارییەکی دیکەی لەوبارەیەوە ئاشکرا نەکردووە.
لەبارەی پەیوەندییەکەوە، کارۆلین لیفیت، وتەبێژ بەناوی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند:سەرۆک ترەمپ پەیوەندی بە زۆرێک لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانیەوە کردووە لە ناوچەکە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا.
کورد خاوەنی هەزاران شەڕکەری راهێنراوە لە سنوری عێراق و ئێران
بەپێی راپۆرتەکەی ئاکسیۆس، کورد خاوەنی هەزاران شەڕکەری راهێنراوە لە سنوری عێراق و ئێران، چەند ناوچەیەکی ستراتیژیشیان لەژێر دەسەڵاتدایە، بۆیە رۆڵی گرنگیان دەبێت لە فشارخستنەسەر ئێران.
کوردانی عێراق پەیوەندییەکی قوڵیان لەگەڵ پێکهاتەی کورد لە ئێران هەیە
ئاکسیۆس نوسیویەتی:کوردانی عێراق پەیوەندییەکی قوڵیان لەگەڵ پێکهاتەی کورد لە ئێران هەیە، ئەمەش دەبێتە خاڵی بەهێز بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران.
دوێنێ هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، ڕاگەیاندراوێكی نووسراوی بڵاو كردەوە
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە، دوێنێ هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، سەبارەت بە دۆخی ئێران ڕاگەیاندراوێكی نووسراوی بڵاو كردەوە كە تیایدا هاتووە: لە ڕۆژی شەمەوە ڕەوتی ڕووداوەكان لە ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕێكی قووڵ و بنەڕەتی دەچن. ئەو شەڕەی كە لە ئێستادا هەڵگیرساوە ئاكامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازیی ڕژێم، دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، پاڵپشتیی تێرۆریزمی دەوڵەتی، پێداگری لەسەر دەستخستنی بۆمبی ئەتۆم و پێشخستنی پیشەسازیی مووشەكی، دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی و پێملنەبوونی ڕژێم بە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەكانە؛ سیاسەتێك كە دواجار هەم ئێرانی كردە وڵاتێكی وێران بە ئابوورییەكی داڕماو و هەم ڕژێمەكەش بەرەو ڕووخان برد.
هێزە سیاسیەكانی رۆژهەڵات دەڵێن كوژرانی خامنەیی، ڕێبەری ڕژێم و دەیان فەرماندەی نیزامی و كاربەدەستی سیاسیی ئەم ڕژێمەش دۆمێنۆی ئەو ڕووخانەی خێراتر كردووە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئەم شەڕە، شەڕی كۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمریكا و ئیسڕائیل و كۆمەڵگەی جیهانی نییە، بگرە ئەوە ڕژێمی دیكتاتۆر و سەركوتكەری كۆماری ئیسلامییە كە هەموو خەڵكی وڵاتی بەبارمتە گرتووە، هەموو ماف و ئازادییەكی لێ زەوت كردوون و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا هەزاران كەس لە خەڵكی ڕاپەڕیو و مافخوازی ئێرانی كۆمەڵكوژ كرد. لە ئێستاشدا كە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەكانی خۆیاندان، ڕوو بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوا دەكەین:
١- خەڵكی كوردستان پێ بە پێی ڕەوتی ڕووداوەكان پێویستە لەسەر هەست بن و هۆشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەكان ببنەوە و هەڵسووكەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و ڕاسپاردەكانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران ڕێكبخەن و ئەم هەماهەنگی و پەیوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بكەن.
٢- لە ڕۆژانی بەچۆكداهاتنی ڕژێم و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵكدا پێویستە سەرجەم بنكە و دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەكان لەپێناو بەرژەوەندی و پێداویستییەكانی گشتیدا بپارێزرێن.
٣- داوا لە هێزە چەكدارەكان ڕژێم لە كوردستان دەكەین ڕیزی خۆیان لە پاشماوەكانی كۆماری ئیسلامی جیا بكەنەوە. پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشتتێكردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەكەیان لەكیس خۆیان نەدەن.
٤- پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەوڕووی گۆڕانكارییەكان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاكەكەسی كە زیان بە ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی كۆمەڵگە دەگەیەنێت بپارێزن.
٥- داوا دەكەین لە پێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چەندی دەتوانن لە بنكە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەكانی ڕژێم دوور بكەونەوە.
٦- داوا دەكەین لە ڕۆژانی سەختی بەردەمماندا خەڵكەكەمان بەتایبەت توێژی بازاڕ و دووكاندار و خاوەنماڵەكان زیاتر لە هەر كاتێك ئاگاداری یەكتری بەتایبەت خەڵكی كرێچی، هەژار و بێنەوا بن و بە دەسگرۆیی یەكتر ئەو ڕۆژە سەخت و دژوارانە تێپەڕینین.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا سیاسەت و بەرنامەكانی لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەكانی دیكی خۆیەوە بڵاو دەكاتەوە.”
رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردەم گۆڕانكاریدا
بەپێی وتەی چەند بەرپرسێكی رۆژهەڵاتی كوردستان، هاوپەیمانێتی حزبە كوردییەكان بە ئاگاداری ئەمریكا بووە و ئەگەر شەڕ بچێتە قۆناغێكی نوێوە، پێدەچێت ئەو حزبانە بچنە نێو شاروشارۆچكەكان.
بۆردومانی ناوچە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل چڕكراوەتەوە، هۆكارەكەی بۆ لاوازكردنی هەژموونی ئێران لەو ناوچانە دەگێڕدرێتەوە.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، هۆكاری بۆردومانكردنی ناوچە كوردییەكانی رۆژهەڵات بۆ لاوازكردنی توانا سەربازییەكانی ئێرانە لەو ناوچانە، تا لە قۆناغی دواتردا كورد ڕاپەڕێت و ناوچەكانی كۆنترۆڵ بكات.
ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێكخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان، دەڵێت ئەگەر فشارەكانی سەر ئێران بەردەوام بن، پێدەچێت ئێران هێزەكانی لە رۆژهەڵات بكشێنێتەوە.
جموجۆڵی حزبە كوردییەكان
هەرچەندە حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەكارییان ئەنجامداوە و هێز و رێكخستنیان لەناوخۆی رۆژهەڵات خستووەتە ئامادەباشییەوە، بەڵام هێشتا جموجۆڵی سەربازییان ئەنجام نەداوە.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، هۆكاری نەجوڵانی حزبە كوردییەكان پەیوەندی بەوەوە هەیە هێشتا ئێران لەسەر زەوی بەهێزە، چاوەڕێی كات و دەرفەتی زیاترن.
پێدەچێت هۆكاری نەجوڵانی حزبە كوردییەكان بەشێكی تری پەیوەندی بەوەوە هەبێت، هێشتا لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵنەكرابێت.
شای ئێران
لەكاتێكدا حزبە كوردییەكان بە ئاگاداری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوپەیمانێتییان بۆ قۆناغی نوێی ئێران ئەنجامدا، بەڵام رەزا شای پەهڵەوی لەدژیان هەڵوێستی نواند و ئەمەش پەیوەندی نێوانیان هەردوولای ئاڵۆزتر كرد.
هێشتا هۆكاری هەڵوێستە نەرێنییەكەی كوڕی شای ئێران روون نییە، بەڵام ئەوە روونە هەڵوێستەكەی كوردی زیاتر كردە نەیاری، ئەمە جگە لەوەی سەرۆكی موجاهیدینی خەڵق دەرفەتی قۆستەوە و هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر كورد دەربڕی.
-
ژیانی ساڵح موسلیم؛ ئەو سەركردە كوردەی لە سەرەمەرگیشدا ژیانی كەسێكی دیكەی نەخستە مەترسییەوە
|
-
بۆچی ئەمریكا و ئیسرائیل دوورگە گرنگەكەی ئێران بە ئامانج ناگرن؟
|
-
جەنگی ئێران سەری لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەمریكا شێواندووە
|
-
عێراق بۆ قەرەبووی راگرتنی نەوت لە رێگەی هورمزەوە دەیەوێت لە هەرێمەوە نەوت هەناردە بكات
|
-
مەتەڵی دەسەڵات لە بەغداد؛ كێ یەكەمجار دەكشێتەوە مالیكی یان چوارچێوە؟
|
-
ئەگەر جەنگ بوەستێت كێ براوەیە و ئەگەرەكان چین؟
|
-
ئیسرائیل تاوتوێی كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بە بێ گۆڕینی رژێمەكەی دەكات
|
-
ئێران چۆن شانازی عەرەبەكانی كەنداوی كرد بە خەون
|
-
سی پی تی ئەمریکی: تا ئێستا (196) جار هێرشكراوەتەوە سەر هەرێم
|
|
|
|