2026-06-03 574 جار خوێنراوەتەوە

ئیخوان و قاعیدە و داعش؛ یەک ڕەگ و چەندین لق

ناوەندی هەواڵ

لە نزیکەی سەدەیەکەوە، بیرۆکەکە پەرەیسەندووە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بووەتە دەیان رێکخراو و هەزاران پرۆسەی تیرۆریستی لە جیهان لێکەوتووەتەوە. لە کاتێکدا ناوەکان لە ئیخوانەوە بۆ قاعیدە و پاشانیش داعش گۆڕدرا، ئاڵاو سەرکردەکانیشیان گۆڕدران، بەڵام رەگە فکرییەکانیان هەمان شتە و ئێستاش ماوەتەوە، بەپێی بەڵگەنامەیەکی ئاشکرابووی ئەمریکا، ئەو رێکخراوانە قەوارەی جیا نین، بەڵکو لقی درەختێکن و ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئیخوان.

بەپێی بەڵگەنامەکە، ساڵانێکە جیهان وەک پرسی جیا مامەڵەی لەگەڵ تیرۆر کردووە، کە بەناوی جیا وەک قاعیدە و داعش وئیخوان کاریان کردووە، بەڵام رێبازە نوێیەکە یاخود بیرکردنەوەی نوێ وەک بەشی یەک رێکخراو سەیریان دەکات، کە ئەویش زنجیرەیەکە بە بیرکردنەوەی توندڕەوانە دەستپێدەکات و بە توندوتیژی سنووربڕ کۆتایی دێت.

بەپێی ئەو تێڕوانینە، فکرەکە دەگۆڕێت بۆ وتاری کۆکردنەوە، پاشانیش پرۆسەی رێکخستن و دواتریش دروستکردنی شانەی چەکداری و نهێنی، پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی جێبەجێکردنی پرۆسەکانیان.

ئەو تێڕوانینە پێشی وایە، تیرۆر تەنها لە ئەندامە جێبەجێکارەکاندا کۆنابێتەوە، بەڵکو تۆڕێکی تەواو دەگرێتەوە لە رێکخستن و پاردەدارکردن و بانگەشەو ژێرخانی رێکخراوەیی.

دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1928 کاتێک حەسەن بەننا رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی دامەزراند، ئەو پێی وابوو پرۆژەکە تەنها بانگخوازی نییە، بەڵکو هەڵگری ڕەهەندی سیاسییە بە ڕووپۆشی ئایینی، وە بەشداریکرد لە بنیادنانی رێکخراوێکی فکری کە کاری بۆ تەکفیرکردنی کۆمەڵگە دەکرد لەگەڵ پاساو هێنانەوە بۆ پێکدادان لەگەڵ دەوڵەت و بەکارهێنانی توندوتیژی وەک ئامڕازێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی.

لەناو رێکخراوەکەدا، سەید قوتب دەرکەوت کە بیری ئیخوانی بۆ ئاستێکی زیاتر توندڕەوی گواستەوە، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی فیقهی تەکفیر و دواتر کاریگەری لەسەر نەوەیەکی توندڕەو دروستکرد.

بەپێی تێڕوانینەکان ئەیمەن زەواهیری کاریگەر بووە بە ئەدەبیاتی سەید قوتب، دواتریش ئوسامە بن لادن بوو بە خوێندکاری زەواهیری دواتریش رێکخراوی قاعیدەی لێ بەرهەم هات، لە رەحمی فکری قاعیدەشەوە ئەبو موسعەب زەرقاوی دەرکەوت کە لە عێراقەوە ڕێکخراوی داعشی دروستکرد.

ڕاپۆرتەکە پێی وایە بیری ئیخوان تەنها لە میسر نەماوەتەوە، بەڵکو گواستراوەتەوە بۆ ئەفغانستان و لەوێش ژینگەیەکی گونجاوی بۆ گەشەسەندن پەیدا کردووە، دواتریش لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە ڕێگەی سوودانەوە بە ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە.

سیستمی دەسەڵاتی عومەر بەشیر کە پێشتر لە سوودان باڵادەست بوو، میوانداری ئەندامانی ئەو ڕەوتەی کردووە، لە خەرتووم پێشوازی لە ئوسامە بن لادن کردووە، هەر سوودانیش بووەتە وێستگەیەک بۆ پەڕینەوەی فکرەکە وەک تۆڕێکی سنووربڕ بە ناوچەکەدا.

وەک ئەو ڕاپۆرتە ئەمریکییە ئاماژەی پێداوە، لقی جیاوازی ئەو ڕێکخراوانە، لە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەویی و ئاینی و کۆمەڵایەتییەوە گەشەیان سەندووە بۆ ڕێکخراو و کۆمەڵەی خێرخوازی و بانگخوازی، پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی بنیادنانی شانەی نهێنی.

ئەو ڕێکخراوانە وەک زنجیرەیەکی درێژکراوە لە ڕێگەی بە رێکخستن کردن و بانگەشەو کۆمەڵەی خەیرییەوە، پەلیان هاویشتووە بۆ قۆستنەوەی زیندان و ناوچە کێشەدارەکان تا بتوانن ئەندامی زیاتر کۆبکەنەوە.

هەرچەندە ئەو رێکخراوانە و داعشیش ناوچەی فراوانیان لەژێر دەسەڵاتدا نەماوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەڵام هێشتا وەک شانەی نووستوو لە چەند ناوچەیەک ماون، بۆ نمونەش بەردەوامیی چالاکی توندڕەوەکان لە ئەفریقا بەتایبەتیش لە سۆماڵ و نەیجیریا، هەروەها لە خۆراسان لە ئاسیا و ئەفغانستان، بەمەش هێشتا دەردەکەوێت کە سنوورەکانیان تێپەڕاندووە.

لە یەمەنیش دەردەکەوێت ڕێکخراوی قاعیدە تۆڕەکانی خۆی پاراستووە، جگە لەوەی ئەو توندڕەوانە پەڕیونەتەوە بۆ ئەوروپاش، تەنانەت بانگەشە دەکەن و شانەی نووستووشیان هەیە.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنها لە ڕاوەدوونانی جێبەجێکارانیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو پێویستە کۆی سیستمەکە بە ئامانج بگیرێت، لە ڕەگەوە تا کۆتا لق، چونکە ناو و ئاڵا و جوگرافیاکەیان جیاوازە و دەگۆڕێت، بەڵام فکرەی بنەڕەتی لە پشتیانەوە ماوەتەوە.

 

  • له‌ قه‌ندیل دۆخه‌كه‌ چۆنه‌؟؛ سه‌ركرده‌یه‌كى كه‌جه‌كه‌: تاكه‌ ئامانجى توركیا بێچه‌ككردنى ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مانه‌

  • ڕێككه‌وتنى تاران و واشنتۆن؛ به‌ند و ڕێساكانى قۆناغى نوێ

  • چی روودەدات؟؛ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ ئاڵنگارییەکان و هەڵوێستی ئیسرائیل

  • چیرۆکی شانەیەکی زاواکەی سەدام؛ بەعسییەکان لە خۆشاردنەوە بۆ خۆڕێکخستنەوە و تیرۆرکردن

  • خۆپیشاندان لە تاران و مەشهەد؛ ڕەخنە لە عێراقچی و قاڵیباف دەگیرێت

  • دۆخەکە چارەنوسسازە؛ چی بۆ کورد لە ناوچەکە بەڕێوەیە؟

  • خامنه‌یى دواى زیاتر له‌ چوار مانگ به‌ خاك ده‌سپێردرێت

  • قەرەیلان : وەرن با واژۆی حەرامکردنی شەڕی ناوخۆ و سیخوڕی کردن بەسەر یەکەوە بکەین

  • ئەنجومەنی وەزیران: داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە

سەرەکی