2026-08-05 194 جار خوێنراوەتەوە

مەرجەکانی تاران و هەڕەشەی ترەمپ؛ دواین پێشهاتەکانی ڕێککەوتنی گەرووی هورمز

 بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکان، وردەکاریی ڕێککەوتنە کاتییەکەی تایبەت بە گەرووی هورمز ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ۳٠ ڕۆژدا ڕێڕەوی ناوەڕاستی گەرووەکە لە مینی دەریایی پاک دەکرێتەوە و لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی ڕێککەوتنەکەشدا هیچ ڕسومات و باجێک لە کەشتییەکان وەرناگیرێت، بە ئامانجی ڕەخساندنی زەمینە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمی.

 لەم چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کردووە کە واشنتن و تاران لە ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە و هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە بەردەوامن. بەڵام لە بەرامبەردا، میدیای سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکارەوە بڵاوی کردەوە کە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عومان بریتییە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی، جەختیشیان کردەوە کە تاران لەژێر گوشاردا هیچ ڕێککەوتنێک ناکات.

ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە هات کە ترەمپ ڕایگەیاند گەرووی هورمز بە زوویی دەکرێتەوە و هۆشداریی دا ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، ئێران ڕووبەڕووی لێدانێکی سەربازیی زۆر بەهێز دەبێتەوە.

پێش دەستپێکردنی جەنگی ٤٠ ڕۆژە لە مانگی شوباتدا کە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، ڕۆژانە ١٢٠ کەشتی بە ئازادی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێران وەک کاردانەوەیەک گەرووەکەی داخست.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لێپرسراوێکی باڵای ئێرانی ڕایگەیاندووە، تاران دەیەوێت بەشدار بێت لە کۆنترۆڵکردنی چوونی کەشتییەکان و چاودێریکردنی دەرچوونیان وەک بەشێک لە پلانی کاتی لەگەڵ عومان، بە جۆرێک کە مۆڵەتی دەرچوون لە ڕێڕەوی نێوان ئێران و عومان لەلایەن سوڵتاننشینی عومانەوە بێت بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی تاران. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێران لەم دواییانەدا نەرمی نواندووە و دەستبەرداری داواکاریی یەکەمی بووە کە داوای کۆنترۆڵی تەواوەتیی هەردوو ئاڕاستەی هاتن و ڕۆیشتنی دەکرد، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو پێشنیازەکەی عومانی بۆ دابەشکردنی یەکسانی ئاڕاستەکان ڕەتکردبووەوە.

گرنگیی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە لەوەدایە کە پانیاکەی ٣٤ کیلۆمەترە و ڕێگای سەرەکیی تێپەڕینی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەناردەی نەوتی جیهانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ زەریاکان، بەوەش کۆنترۆڵکردنی بووەتە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان. سەبارەت بە لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو، واشنتن جەخت دەکاتەوە یاداشتی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بۆ راگرتنی جەنگ بووە بە مەرجی کردنەوەی گەرووەکە، بەڵام تاران دەڵێت لە یاداشتەکەدا پاراستنی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر ڕێڕەوەکەدا پەسەند کراوە. ئەم هەوڵە نوێیانە بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەش لە کاتێکدایە کە سیستەمی جیاکردنەوەی جووڵەی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی (IMO) لە ساڵی ١٩٦٨ەوە ئاوەکانی ئەو ناوچەیەی بە شێوەیەکی فەرمی لە نێوان ئێران و عوماندا دابەش کردووە.

  • میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج؟

  • چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا

  • لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سه‌رێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟

  • قائانى بۆچى له‌ به‌غداد بوو؟

  • پەرلەمانی تورکیا یاسای چوارچێوە دەخاتە دەنگدانەوە؛ ململانێی ئەنقەرە و قەندیل لەسەر ئازادیی ئۆجالان و ناسنامەی کورد

  • ڕێککەوتنی سەربازیی تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە؛ بەربەستێک لە بەرامبەر نەخشەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل

  • کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن؛ لە ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەوە تا دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان

  • عێراق بۆ رزگاربوون لە هورمز؛ دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر دەکات

  • تەڤگەری ئازادی مەرجەکانی بۆ "یاسای چوارچێوە" ڕادەگەیەنێت؛ ئازادیی ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە زمانی سەپاندن

سەرەکی