2026-08-05 228 جار خوێنراوەتەوە

پرۆژەیاسای چوارچێوە دەبرێتە پەرلەمانی تورکیا؛ ڕۆژی هەینی قۆناغێکی هەستیاری پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکات

پەرلەمانی تورکیا دەستپێکردنی ڕێکارەکانی تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای «پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی» ناسراو بە «یاسای چوارچێوە» ڕادەگەیەنێت، لە کاتێکدا دەولەت باخچەلی داوای دەستەبەرکردنی مافی هیوا و ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات، و هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵا ئۆجالانیش جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم یاسایە کلیلێکە بۆ گواستنەوە بەرەو کۆمارێکی دیموکراتیک.

پەرلەمانی تورکیا شاهیدی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی فراکسیۆنی ئاکەپە بوو بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی پەرلەمانتاران لەسەر ناوەرۆکی پرۆژەیاسای چوارچێوە کە ناوی لێنراوە «پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی». لە کۆبوونەوەکەدا ئەفکان ئالا جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکەپە و عەبدوڵا گولەر سەرۆکی فراکسیۆنەکە، وردەکاریی پێشنیارەکەیان بۆ پەرلەمانتاران خستە ڕوو، بۆ ئەوەی دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ڕۆژی هەینی پرۆژەیاساکە لە لیژنەی دادی پەرلەماندا تاوتوێ بکرێت و تا کۆتایی هەفتەش لە کۆبوونەوەی گشتیدا بە خێرایی پەسند بکرێت و ببێتە یاسا.

لەلایەکی دیکەوە، دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ‘میللەت’ پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی و یاسای چوارچێوە دەربڕی و ڕایگەیاند واژۆکردنی پرۆژەکە بە مانای هێنانەدی بۆ هەزاران ساڵەی برایەتییە کە ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن. باخچەلی ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی پارێزەرانەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە و جەختی کردەوە پێویستە دەمیرتاش بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی و قەیوومەکان لەسەر کار لاببرێن، هاوکات داوای کرد «مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەستەبەر بکرێت» تاوەکو ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدی بێت.

ئەم یاسایە کە وەک گەرمترین بابەتی ڕۆژڤی تورکیا سەیر دەکرێت، لە ئاراستەی دیدگا سیاسییەکاندا بە هەنگاوێکی بنەڕەتی و مێژوویی دادەنرێت؛ لەم بوارەدا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ڕایانگەیاند لە کۆتا دیداریاندا، (عەبدوڵا ئۆجالان) یاساکەی وەک «یاسای ڕەگ/بنەڕەت» و «دەستپێکی پرۆسەیەکی دیموکراتیزەکردن کە بە هێندەی دامەزراندنی کۆمار گرنگە» پێناسە کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی شاندەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجالان، ئەم پڕۆژەیە یاسایەکی کۆتایی یان ڕۆژانە نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتگیر و دەستپێکە بۆ گواستنەوە لە «یاسای نێگەتیڤ و دوژمنکارانە» کە لە مێژووی کۆماردا پەیڕەو کراوە، بەرەو «یاسای پۆزەتیڤ»، ڕێگەش لە بەردەم پرۆسەیەکی درێژخایەنی بونیادنانی کۆمارێکی دیموکراتیک دەکاتەوە.

  • "ململانێی پێکهێنانی حکومەت؛ چۆن یاری بە چارەنووسی دەرچووان کرد؟

  • دەیەیەک بەسەر بێدەنگکردنی پێنووسێکدا تێپەڕی؛ ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن

  • میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج؟

  • چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا

  • لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سه‌رێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟

  • قائانى بۆچى له‌ به‌غداد بوو؟

  • پەرلەمانی تورکیا یاسای چوارچێوە دەخاتە دەنگدانەوە؛ ململانێی ئەنقەرە و قەندیل لەسەر ئازادیی ئۆجالان و ناسنامەی کورد

  • ڕێککەوتنی سەربازیی تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە؛ بەربەستێک لە بەرامبەر نەخشەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل

  • کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن؛ لە ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەوە تا دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان

سەرەکی