2026-08-11 260 جار خوێنراوەتەوە

دەیەیەک بەسەر بێدەنگکردنی پێنووسێکدا تێپەڕی؛ ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن

 ١٠ ساڵی تەواو بەسەر ڕفاندن و تیرۆرکردنی دڕندانەی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، پەیامنێری ئاژانسی (ڕۆژنیوز) لە شاری دهۆک تێپەڕی، بەبێ ئەوەی تا ئێستاش بکەران و دەستەکانی پشت ئەو تاوانە بە سزای یاسایی خۆیان بگەڕێندرێن. لە دەیەمین ساڵیادی ئەم ڕووداوەدا، بنەماڵەکەی و ئازادیخوازان جەختیان لە بەردەوامیی تێکۆشان بۆ مافی خوێنی شەهیدی قەڵەم کردەوە.

١٠ ساڵ لە تەمومژاوی هێشتنەوەی کەیسەکە

 ڕێکەوتی ١٣ی ئابی ٢٠١٦، لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا و لە شەقامێکی پڕ هاتوچۆی شاری دهۆک، ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لەبەرچاو کامێراکانی چاودێری و هاوڵاتیان ڕفێندرا و دوای ئەشکەنجەیەکی توند، بە برینداری لەسەر ڕێگای سێمێل - دهۆک دۆزرایەوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. سەرباری تێپەڕبوونی ١٠ساڵی تەواو بەسەر ئەم تاوانەدا، کەیسەکە بە تەمومژاویی ماوەتەوە و هیچ تۆمەتبارێک ڕاپێچی دادگا نەکراوە، ئەمەش گومانەکان لای بنەماڵەکەی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر دەکات کە تاوانەکە بە چاودێری یان پشتیوانیی دەسەڵاتی ئەمنیی ناوچەکە کرابێت و بەڵگەکان پەردەپۆش کرابن.

یادکردنەوە لە سلێمانی، دهۆک و تاراوگە

ساڵانە لە مەراسیمێکدا لە سلێمانی و لەسەر مەزاری شەهید لە گۆڕستانی شاخکێ لە دهۆک، ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان یادی "شەهیدی قەڵەم" بەرز ڕادەگرن. هاوکات لە تاراوگە و لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، چالاکوانان کۆبوونەوە ڕێک دەخەن و خولەکێک بێدەنگ دەبن بۆ ڕێزلێنان لە ڕوحی وەدات حسێن و سەرجەم شەهیدانی قەڵەم، و ئیدانەی بەردەوامیی گوشار و ئاستەنگەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکەن.

پەیامی بنەماڵەی شەهید وەدات حسێن

پێشتر بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی، سوپاسی بێپچڕانی ڕۆژنامەنووسان، ئاژانسی ڕۆژنیوز، گەنجانی بوێری بادینان و جەماوەری سلێمانییان کرد کە لە ماوەی رابردوودا هەمیشە پشتیوانی کەیسەکە بوون. بنەماڵەکەی جەختیان کردەوە کە وەدات تەنها موڵکی ئەوان نییە، بەڵکو "سەمبولی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە" و هیچ کەسێک ناتوانێت بازرگانی بە خوێنیەوە بکات. هەروەها داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان کرد کە لە هەوڵەکانیان بۆ دادپەروەری بەردەوام بن.

کورتەیەک لە ژیان و خەباتی وەدات حسێن

وەدات حسێن عەلی لە ساڵی ١٩٨٨ لە دایکبووە. خێزانەکەی دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ بۆ باکووری کوردستان کۆچیان کردبوو و لە ساڵی ١٩٩٠ گەڕابوونەوە دهۆک. وەدات وەک چالاکوانێکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس لە ناوچەی بادینان کاری دەکرد و بەردەوام ڕووبەڕووی گوشار و هەڕەشەی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی دەبووەوە، تا ئەو کاتەی لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و بەردەوامبوونی لەسەر ڕاستییەکان، بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کرا.

  • دادگای تاوانەکانی سلێمانی وتەی شەش تۆمەتباری دۆسیەی لالەزاری وەرگرت و دانیشتنەکەی هەڵپەسارد

  • وەفدەکەی هەرێم بۆچی لە بەغدان؟

  • مالیکی و کەعبی وەڵامی گوشارەکان دەدەنەوە؛ ناردنی ستیڤن ڤەیگن و ئامادەکاری بۆ سیناریۆی ڕەتکردنەوەی چەکدانان

  • لە لێدوانێکەوە بۆ دادگا؛ دانپێدانانەکەی هادی عامری کەیسێکی نوێ لەسەر سەرکوتکارییەکانی تشرین دەکاتەوە

  • کێشمەکێش لەسەر هەڵمەتی دژی گەندەڵی؛ ڕەوتی سەدر هۆشداری دەداتە نەیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق

  • کەجەکە هۆشداری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە قەندیل دەدات؛ "دەوڵەتی تورکیاش باش دەزانێت کامپنشینی قبووڵ ناکەین"

  • شەڕی هورمز دەپەڕێتەوە هەرێمی کوردستان؛ هاوپەیمانان ۱۰ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر دەخەنە خوارەوە

  • "سێ کاتژمێر خوێندن نییە بە زمانی دایک"؛ ناڕەزایەتییەکان دژی مەرسوومی ژمارە ١٣ی حکومەتی سوریا هەڵدەکشێن

  • لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران؛ بۆچی ئەمریكا ناتوانێت كۆتایی بە جەنگەكان بهێنێت؟

سەرەکی