2026-09-30 238 جار خوێنراوەتەوە

پاش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان؛ مەسعود بارزانی: پێشمەرگە و سوپای عێراق هەڕەشەکان تێکدەشکێنن

ئەمڕۆ ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەڕێوەچوونی کشانەوەی کۆتایی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتە وێستگەی کۆتاییەوە، لەم چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە، هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) و وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) وردەکاریی گۆڕانکارییە سەربازییەکانیان ڕاگەیاند.

پەیامی مەسعود بارزانی؛ دڵنیایی لەبارەی پاراستنی هەرێمی کوردستان

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ڕۆڵی هاوپەیمانان و قوربانییەکانیان لە تێکشکاندنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری، ئاماژەی بەوە دا کە لە داهاتوودا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی هەلومەرجەکان ڕێککەوتنی دووقۆڵی ئەنجام دەەن.

بارزانی لەبارەی نیگەرانیی هەندێک لایەنەوە سەبارەت بە داهاتووی هەرێم ڕایگەیاند: "دەمەوێ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدڕاڵدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک، جا ئەو هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعشدا بێت یان هەر ناوێکی تر." جەختیشی کردەوە " هەر لایەنێک خەیاڵی زیانگەیاندنی بە سەقامگیریی هەرێم هەبێت، با بزانێت پێشمەرگە و گیانفیدای پێویست هەن بۆ بەرگری و تێکشکاندنی هەموو دەستدرێژییەک، و هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزە عێراقییەکان ئامادەن بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات".

ڕاگەیەندراوی سێنتکۆم و کشانەوە بۆ ئوردن

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە ئێستا توانای تەواویان هەیە سەربەخۆیانە بەرەنگاری مەترسییەکان ببنەوە. پرۆسەی کشانەوەی هێزەکان کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردبوو، لە کۆتایی سێپتێمبەر لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتایی پێ هات، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئامادەییدا دەمێننەوە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، بارەگای سەرەکیی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ئوردن دەگوازرێتەوە و لەوێوە لە هاوکاریکردنی هێزە هاوبەشەکان بەردەوام دەبن. براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی کرد و ڕایگەیاند کە داعش ئیتر مەترسییەکی گەورە نییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق.

هەڵوێستی فەرمیی پنتاگۆن

لای خۆیەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا دوپاتی کردەوە، ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە فەرمی کۆتاییان بە ئەرکەکانیان لە عێراق هێنا، و کشانەوەی ڕێکخراوی هێز و کەرەستە لە بنکەی ئاسمانی هەولێر کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکەیە. پنتاگۆن جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی ئامانجدار و پشتیوانیی هەواڵگری بۆ هاوبەشە عێراقییەکان، تاوەکو خۆیان سەرکردایەتیی هەوڵە بەردەوامەکان بکەن بۆ ئاسایشی وڵات و سەرکوتکردنی پاشماوەکانی داعش.

 

  • پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات

  • دۆخی ئەمنی لە قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ لەنێوان هەوڵەکانی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانی هەرێم

  • دەستوور، هەڵبژاردن و ئەمریکا؛ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکانەوە

  • لە دیداری مێری چۆن نیگەرانییە ئابوورییەکان پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باس کران؟

  • کورد بە مەرج پشتیوانی ئەردۆغان دەکات خۆی کاندید بکاتەوە

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەتوانین بە 24 کاتژمێر حکومەت پێکهێنین و دەرفەتێکی زێرین لەبەردەم کورددایە

  • قەرەیلان مەرجەکانی چەکدانانی گەریلا و ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات

  • شەڕی قاچاخچێتی نەوت و گەرووی هورمز: هەڕەشە توندەکانی ئێران و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا

  • دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟

سەرەکی