2026-09-30 327 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دارایی لەسەر دۆسیەی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری سلێمانی دەستی لەکار کێشایەوە

لە گەشەسەندنێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا لە ناوخۆی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری کە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و لە ئێستادا چاوەڕوانی یەکلاکردنەوە و پەسندکردنیەتی.

 ئەم هەنگاوەی وەزیری دارایی، وەک نزیکەکانی دەڵێن "دوای زنجیرەیەک لە کێشە، دەستێوەردان و فشارە ئیداری و حزبییەکان دێت کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان وەزارەتی دارایی و ئیدارەی سلێمانیدا سەریان هەڵداوە".

هۆکارە ڕیشەییەکانی دەستلەکارکێشانەوەکە

بەپێی زانیارییە وردەکانی سەرچاوەیەکی ئیداری و نزیک لە وەزارەتی دارایی، بۆ ئیرادە میدیا، هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانییەوە هەیە، کە ناوبراویش لە پشکی هەمان بزووتنەوە پۆستەکەی وەرگرتووە. ئەم بەڕێوەبەرە (ئاسۆ قادر) زیاتر لە هەفتەیەکە بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حەوت دۆسیەی جیاواز لەسەر ئەم بەڕێوەبەرە لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی تۆمار کراون و بەشێک لە دۆسیەکانیشی پەیوەندییان بە تەجاوزات و موڵک و ماڵی خانووبەرەوە هەیە و لەسەری ساغ بوونەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئەوەیان خستە ڕوو، هۆکاری نیگەرانی و بڕیارەکەی وەزیری دارایی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەستگیرکردن و جووڵاندنی کەیسەکانی ئەو بەڕێوەبەرە باڵایە بەبێ پرس و ڕاوێژ بە وەزارەتی دارایی ئەنجام دراوه، لە کاتێکدا پۆستەکە هەستیارە و فەرمانگەکە سەر بە وەزارەتی داراییە.

 وەزیری دارایی لەم بارەیەوە هەڵوێستی هەبووە و ڕایگەیاندووە: "بەبێ بەڵگە ئەو بەڕێوەبەرە دەستگیرکراوە و ئەگەر بەڵگەکان سەلمێنران، منیش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم." هاوکات زانیارییەکان دەردەخەن کە ئاوات شێخ جەناب داوای کردبوو ناوبراو دەستگیر نەکرێت و کەیسەکانی نەجووڵێنرێن، بەڵام وەک نزیکەکانی دەڵێن "بەهۆی ڕەتکردنەوەی داواکەی و بەردەوامبوونی فشار و تەداخولاتی ئیدارەی سلێمانی و حزبی لەسەر فەرمانبەر و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی لەو سنوورە، بڕیاری داوە دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش بکات".

داهاتووی دۆسیەکە و کاردانەوەکان

سەرەڕای ئەوەی ئاوات شێخ جەناب ماوەی سێ ڕۆژە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، بەڵام تا ئەم ساتە بە فەرمی قبوڵ نەکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی بەدواداچوون و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەن. ئەم قەیرانە نوێیە گورزێکی توندە لە هاوسەنگیی کارگێڕیی نێوان وەزارەتی دارایی و یەکە ئیدارییەکانی سلێمانی، بەتایبەت کە دۆسیەکانی گەندەڵی و دەستپاکی لەم دواییانەدا بوونەتە جێی سەرنجی میدیاکان و لایەنە چاودێرەکان. چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێوەچوونی ئەم کێشەیە ڕەنگدانەوەی زیاتری لەسەر پێکهاتەی کارکردنی حکومەت و پشکی لایەنە سیاسییەکان لە کابینەی نۆیەمدا هەبێت.

 

  • پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات

  • دۆخی ئەمنی لە قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ لەنێوان هەوڵەکانی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانی هەرێم

  • دەستوور، هەڵبژاردن و ئەمریکا؛ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکانەوە

  • لە دیداری مێری چۆن نیگەرانییە ئابوورییەکان پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باس کران؟

  • کورد بە مەرج پشتیوانی ئەردۆغان دەکات خۆی کاندید بکاتەوە

  • بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەتوانین بە 24 کاتژمێر حکومەت پێکهێنین و دەرفەتێکی زێرین لەبەردەم کورددایە

  • قەرەیلان مەرجەکانی چەکدانانی گەریلا و ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات

  • شەڕی قاچاخچێتی نەوت و گەرووی هورمز: هەڕەشە توندەکانی ئێران و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا

  • دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟

سەرەکی