13 کاتژمێر پێش ئێستا
72 جار خوێنراوەتەوە
دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: دانانی قەییووم نامانترسێنێت
ناوەندی هەواڵ
لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلووری پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وابێت بە دانانی قەییووم پارتەکەمان دەترسێنن، بە هەڵەدا چوون."
ئەمڕۆ هەینی 22-11-2024 پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەکو کاردانەوەیەک دژی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانی شارۆچکەی پلووری سەر بە پارێزگای دێرسم، لە هەژماری خۆیدا لە ئێکس نووسی، حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی دانانی قەییوومەوە ویستی گەل لەناودەبات.
دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئەنجامی بڕیارە سیاسییە قەییوومییەکان، ئەمڕۆ دەست بەسەر شارەوانییەکانی دێرسم و پلووریدا گیرا."
دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وایە بە پێداگریکردن لەسەر کودەتای قەییووم پارتەکەمان دەترسێنن، ئەگەر پێتان وایە دەتوانن وا لە گەل بکەن واز لە بژاردە سیاسییەکانی خۆی بهێنێت، وا لە کۆمەڵگە بکەن ئەو کودەتایە قبووڵ بکات، بە هەڵەدا چوون."
هاوکات، هەر ئەمڕۆ هەینی، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، شەڕوپێکدادان هیچ شتێکی بە تورکیا نەبەخشیوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی تورکیا دەیەوێت بە دانانی قەییوم بەربەست بۆ چارەسەری پرسی کورد دروستبکات.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
دۆغان وتی، دانانی قەییوم کاریگەری لەسەر ئەگەری دەستپێکردنی چارەسەرکردنی پرسی کورد دروست دەکات، وتیشی، "لە کاتێکدا هەلێکی وەها هاتووەتە پێشەوە، هەندێک مشتومڕ دەستیانپێکردووە و لای خەڵک چاوەڕوانییەک دروستبووە، بەڵام کەسانێک دەیانەوێت لە ڕێگەی قەییوومەوە ئەو چاوەڕوانییە نەهێڵن".
وتەبێژی دەم پارتی ڕاشیگەیاند، شەڕوپێکدادان چارەسەری کێشەکان ناکات چونکە، "بەدرێژایی سەد ساڵ بینیمان کە شەڕ جگە لە مردن، ئازار، فرمێسک و بەهەدەردانی سەرچاوەکانی وڵات، هیچ شتێکی دیکەی نەهێنا".
دۆغان سەبارەت بە هەنگاونان بە ئاراستەی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی، وتی"یەک ئەگەر هەیە، گرنگترین ڕێگە بۆ دروستکردنی ئەو ئەگەرەش هەڵگرتنی گۆشەگیرییە لەسەر (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)لەوێوە دەستپێبکرێت و دۆخێک بڕەخسێندرێت کە بەڕێز ئۆجەلانیش بتوانێت تێیدا بەشدار بێت".
وتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دەنگی ئەوانە ببیسترێت کە لەگەڵ ئاشتی و چارەسەردان و دەیانەوێت تورکیایەکی یەکسان، سەربەخۆ و دیموکرات بنیاد بنرێت و "بە هەنگاوی سیاسی و کرداری، وەڵامی ئەو دەنگە بدەنەوە نەوەک بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دژەدیموکراسی و سیاسەتەکانی چارەسەرنەکردن".
ڕۆژی دووشەممە 04-11-2024، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانرا؛ ئەمڕۆش بۆ شارەوانیی دێرسم دانرایەوە.
دەوڵەت باخچەلی سەرەتای مانگی ڕابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی تەوقەی کرد و ڕۆژی 22-10-2024ش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیێنێت
ئەمڕۆش هەینی 22ی تشرینی دووەمی 2024 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، بڕیاری دانانی قەییوومی بۆ شارەوانی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور بڵاوکردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسم و مستەفا ساریگوڵ، سەرۆکی شارەوانیی پلوور " لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە پەکەکە، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە."
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاردراوە لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە".
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ی ئاداری 2024 کرا، جەودەت کۆناک، بەربژێری دەم پارتی رێژەی 40.22٪ی دەنگەکانی شارەوانیی دێرسمی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانیی پارێزگاکە هەڵبژێردرا.
تا ئەم ئەمڕۆ شارەوانی شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسم لە لایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەبرا و مستەفا ساریگوڵ، بەربژێری ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا رێژەی 33.63٪ی دەنگەکانی بردەوە و بە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرا.
ڕۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی رووها لە باکووری کوردستان دانرا.
|