2025-11-13 2894 جار خوێنراوەتەوە

كێ سه‌رۆكایه‌تى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات؟

كاندیدێكى براوەی هاوپەیمانیی 'تصمیم' لەپارێزگای بەسە، کە تەمەنی 77 ساڵەو بەتەمەنترینی دەرچووانە، سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
 
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان‌و کۆتاییهاتنی ماوەی وەرگرتنی تانەو سکاڵاکان، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامەکان پەسنددەکات.

دوای ئەوە یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لەبەغدا بەڕێوەدەچێت، لەدانیشتنەکەدا پەرلەمانتاران سوێندی دەستووریی دەخۆن‌و دواتر دەست بەهەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان‌و هەردوو جێگرەکەی دەکرێت.
 
عامر حوسێن جاسم فایز کە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە لەخولی شەشەمی پەرلەمانی 2025، تەمەنی 77 ساڵە، ئەندامی پێشووی خولی پەرلەمانی عێراق بوو، كاندیدى براوەی هاوپەیمانیی 'تصمیم' لەپارێزگای بەسڕە، 8565 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
کەسە بەتەمەنەکانی پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە 2005-2021

خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق 2005
بەتەمەنترین ئەندامی خولەکە، عەدنان پاچەچی کۆچکردوو، ئەوکات تەمەنی 82 ساڵ بوو.
 
خولی دووەمی پەرلەمانی عێراق 2010
بەتەمەنترین ئەندامی خولەکە، فوئاد مەعسووم بوو، تەمەنی ئەوکات 72 ساڵ بوو، دواتریش بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
 
خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق 2014
مەهدی حافزی کۆچکردوو، بەتەمەنترین ئەندام بوو، تەمەنی ئەوکاتی 71 ساڵ بوو.
 
خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق 2018  
محەممەد عەلی زەینی، بەتەمەنترین ئەندام بوو، تەمەنی نزیکەی 79 ساڵ بوو.
 
خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق 2021
مەحموود مەشهەدانی بوو، تەمەنی 73 ساڵ بوو، لە کاتی دانیشتنەکەدا باری تەندروستی تێکچوو.
 
هەنگاوەکان‌و ماوەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق
بەگوێرەی رێکارە دەستوورییەکانی عێراق، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوای هەڵبژاردنەکان، ئەو ماوەیەی پێویستە بریتییە لە 130 بۆ 150 رۆژ و چەند قۆناخێک لەخۆدەگرێت.
 
قۆناغی یەکەم، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، 40 بۆ 60 ڕۆژ دەخایه‌نێت.
 
دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، وەک فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونیکردووەتەوە، سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات. لە یەکەم دانیشتندا، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
 
دواتر پەرلەمان لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێرێت. پاشان سەرۆک کۆماری نوێ لە ماوەی 15 رۆژدا كاندیدى گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت. لەکۆتاییدا سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو 30 ڕۆژی لەبەردەستدەبێت بۆ ئەوەی کابینەکەی پێکبهێنێت‌و متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
 
بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لەساڵی 2005وە لەعێراق پەیڕەو دەکرێت، سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعەو جێگری دووەمیش بۆ کورد دەبێت.

  • میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج؟

  • چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا

  • لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سه‌رێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟

  • قائانى بۆچى له‌ به‌غداد بوو؟

  • پەرلەمانی تورکیا یاسای چوارچێوە دەخاتە دەنگدانەوە؛ ململانێی ئەنقەرە و قەندیل لەسەر ئازادیی ئۆجالان و ناسنامەی کورد

  • ڕێککەوتنی سەربازیی تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە؛ بەربەستێک لە بەرامبەر نەخشەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل

  • کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن؛ لە ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەوە تا دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان

  • عێراق بۆ رزگاربوون لە هورمز؛ دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر دەکات

  • تەڤگەری ئازادی مەرجەکانی بۆ "یاسای چوارچێوە" ڕادەگەیەنێت؛ ئازادیی ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە زمانی سەپاندن

سەرەکی