لە زمانی شیرینی کوردی و کەلتوری کوردەواریدا، دەستەواژەی "چۆلەکەمان زۆرە" واتای جۆراو جۆری هەیە، بە شێوەیەکی گشتی و لە کلتوری گشتیدا ئاماژەیە بۆ زۆریی منداڵ و زارۆک لە ناو ماڵ یان خێزانێکدا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە چۆلەکە هاوشێوەی منداڵ بەریئن و جوڵەیان زۆرە، چۆلەکەش بەوە ناسراوە کە زۆر جوڵاوە و بە خێرایی لە شوێنێکەوە دەچێتە شوێنێکی تر.
بەڵام دەستەواژەی "چۆلەکەمان زۆرە" لە کایەی سایسی و سەربازیدا واتاکەی جیاوازە، بەواتای ئەوەدێت کە ئەو لایەنەی بانگەشەدەکات "چۆلەکەی زۆرە" گوێ و چاوی کراوەیە و هەموو شتێک دەزانێت و خەڵکانی زۆری هەیە بۆ چاودێریکردنی هەمووشتێک و لەهەموو شوێنێک و هەمووشتێکی پێدەگات لەلایەن چۆلەکەکانیەوە، کە ئەگەر بەدەستەواژەی سەربازی بیڵێن رەنگە “سیخور” هاواتایەکی تەواو بێت و بریتییە لە کەسێک کە بە نهێنی زانیاری و سەرچاوەی گرنگی دەوڵەتێک، ڕێکخراوێک، یان لایەنێک کۆدەکاتەوە و دەیدات بە لایەنێکی دژبەر.
ئەوەی سەرنجی راکێشاین بۆ ئەم دەستەواژەیە لێدوانی بەرپسێکی پارتێکی دیاری کراوی هەرێمی کوردستان بوو لەدیمانەیەکدا، ئەم دەستەواژەی بەکارهێناو وەکو ئاماژەیەک بۆ ئاگاداربوونیان لەهەموو شتێک.
ئەم زۆری چۆلەکەیە میللەت دەخاتە دوریانێکەوە ئایە زۆری و کەمی چۆلکەی لایەنێک یان لایەنەکان بۆ چی و لەپێنا و چی، ئایە لەبەرژەوەندی گەل و میللەت کاردەکەن یان بەپێچەوانەوە، ئایا لەکوێ ئەم چۆلەکان بوونە هۆکاری تەبای و باشکردنی دۆخی میللەت؟ هەروەها کۆمەڵێک پرسیار لای رای گشتی دروست دەکات کە ئایە سودی ئەو چۆلەکانە چیە؟ ئایە چۆلەکەکانیان ئەوەیان پێدەڵێن کە دۆخی خراپی سیاسی و حکومڕانی ٣٦ ساڵە رابردوو چی لە گیان و ژیانی میللەتەکە کردووە؟ ئایە چۆلەکان پێیان ناڵێن کە کوردستان هەپرون بووە بەدەست قەیرانە زۆرەکانیانەوە بەدەست نادادیەکانیانەوە، پێیان دەلێن موچەی دەیان مانگی موچەخۆرانی ئەم میللەتە لای ئەوانە و لەبەر خراپی ئیدارەدانی ئەوان فەوتاوە، یان پێیان دەڵێن بەهۆی ئەوانەوە نرخی کارەبا بێ هیچ هۆکارێک دە هێندە زیاتر کراوە و بۆ تەبارگرانیەکەی گەورە.
هەروەها ئەو چۆلەکە نازدارانە دەبێت پێیان بڵێن بە ٣٦ حکومڕانی هەرێمێکیان پێ یەک نەخراوە، پڕە لە ئاسەواری دووئیدارەیی. ئاخۆ ئەم چۆلەکە زۆرانە پێیان دەلێن کە هەرێمەکەتان چۆل بوو لە گەنج و لە جێگای ئەوان عەرەب و رۆژهەڵاتی و تورک جێگەیانیان دەگرێتەوە، یان پێیان دەڵێن گەنج چیتر ناتوانی هاوسەرگیری بکات بژیێت و بەردەوام بێت و هێمن و ئارم بێت لەسەر ئەو هەموو بەربەختیانەی ئێوە بۆتان دروستکردن.
ئاخر چۆن ئارام بگرێت، بەشداری سیاسی دەکات تەماشا دەکات سیاسەت بۆ میرات گرەکانتان و چۆلەکەکانتانە، ئەیەوەێ کاربکات و دابمەزرێت دەبینێت و کار و دامەزراندن بۆ نزیکی میراتگراکانتان و چۆلەکاکانتانە، نا وازە لەوانە هەمووی دێنێت و دەیەوێت ببێتە خۆبەخشێک کار لەرێکخراوی مەدەنی باکات سەیردەکات ئەویش بەهەمان شێوە یان بۆ نەوەی نەوەمیراتگرەکانە یان بۆ چۆلەکانی چۆلەکەزۆرەکانتانە، لێرەش دیسان بێ ئومێد دەبێت و سەری خۆی دادەخات و خۆی دەخواتەوە، لەناکاو گوێی لە هەڵای هەڵبژاردن و گۆرانکاری و درۆی ئایندەیەکی باشتر و دادپەروەری و دیمکراسیەکی نوێ و هەلی کار و حکومڕانی باشتر دەبێت و دەکەوێتە نێو دووڕیانی بایکۆت و بەشداریکردن و بەشداری دەکات و دەنگدەدات و دەبینێت بەدوو ساڵ ئەنجامی دەنگدان و پەرلەمانەکەی لە خەلدا بۆ خۆش دەکەن دەیسەلمێنن ئە سیناریۆیەک زیاتر نەبووە و نەبای دێ و نەباران، ئاخر بە پیرۆزیەکانتان سوێندتان دەدەم چۆلەکە زۆرەکانتان ئەمانەتان پێدەڵێن، نا نا پێویست ناکا سوێند بخۆن نایڵێن. چۆلەکەکان تائێستا هەوڵی ئەوەیان بۆ هێناون کە بەرپسێک چەندی گەندەڵی و دزی کردووە، وتایانە نەوت و گاز و بەنزین بەچەندە و میللەت چۆن هیلاک بووە بەدەست خراپیەوە، پێان گووتوون ئەم لە شکرە میدیا و پەیجانە چاوی میللەتیان بە هەڵا و هەڵەشە و شەڕەقسە و کاری نامۆڕاڵانە کوێر کردووە، تائستا جریوەیان سەبارەت بەزانکۆکان بەجادەکان بە بازگەکان بە گومرگەکان و بەفرۆکە خانەکان بۆکردوون ئەگەر بۆیان نەکرەبن هاوارە، بەڵام ئەگەر بۆیان کردبن ئەوە سەد جار هاوارە.
ئاخر چۆلەکە چۆن جریوە جریوێک دەکەن کە لۆی خراپبی، کوا ئەوەتان پێدەڵێت چەک وەکو نوقڵ لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت، ماددەی هۆشبەر ئاسانتر لە شەکر و شوتی بازرگانی پێوە دەکرێت، کۆمپانیاکانی قومار راوەڕووتی ئەم میللەتەدەکەن، یاساکان زەلیل بوونە بەدەست دادگاکانەوە، نەخۆشخانەکان بوونە دەرگایەکی گەورە و بنکەیەکی نەجیب بۆ بازرگانی، هەرگیز گوێت لە چۆلەکەیەک نابێ ئەوەشتانە بڵێت ئاخر خۆرەش و ڕووت هۆکاری ئەوشتانە نین چۆلەکەی چۆلەکەزۆرەکان یان چۆلەکە زۆرەکانن یان خاوەنی چۆلەکەکانن.
چیرۆکی ئەم چۆلەک زۆرانە زۆر کۆنن بەقەدەر مێژوو، زۆرێک خاوەنی چۆلەکەی زۆربوون، ئێستا خۆشیان نین نەک چۆلەکەکانیان، بەڵام رەنگە باشتربێت بەهەمووان ئیتر بولبول پەروەدەبکەن و بولبولتان زۆر بێت، ئاخر چۆلەکان کە ئامانجیان خزمەتی گەل و نیشتیمانی و میللەتەکەیان نەبێت و بازبازێنی سەرلقی دارەکان تەنها بۆ ئەوەبێت کە گەڵا بوەرێنێن و مێشکی سەری میللەت بەرن بە جریەوەی دەستکرد و هەڵخەتێنەر و بەردەرکە و سەربانەکان وێران بکەن و دانی ئەو گەلە بخۆن، هی ناو زیندان بێنیتە دەرەوە هی دەرەوی زیندان زیندانی بکەن ئیتر بەمیللەت چی زۆریان و جریواندنیان؟ گەلی کوردستان جۆلەکەی زۆری ناوێت ئەیەوێت وڵاتەکەی ببێتە باخێکی ئارام و ڕازاوە و پڕ هیوا و ئارامی و بولبول تیایدا بخوێنێ.