ئەحمەد کامەران
27/08/2026
167 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژئاوا لەخەباتی چەکدارییەوە ، بۆ خەباتێکی سیاسی و ئاشتەوایی
ڕۆژئاوای کوردستان ئەو پارچە بێنازو بێکەسەی کوردستانە ، کە ساڵانێکی دوورو درێژە لەنێو جەنگی مان و نەماندا ژیانیان گوزەر دەکرد. هەموو وڵاتانی زلهێزی جیهان بە ئاشکرا پشتیان تێکردبوو . بەڵام ئیرادەی بەهێزی گەل و شەڕڤانان ، بوونی سەرکردەیەکی خەمخۆری ڕاستەقینەیی وەکو ژەنەڕاڵ مەزڵوم توانیان بەرخۆ بدەن .
من ئەوکات تەمەنم تەنیا ۱۲ ساڵ بوو بەبیرمە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی بە خەباتی ڕزگاری کرد . هەمووجارێک بەخۆمم دەگوت ئاخۆ کەی ڕۆژێک دێت جەنگ لە ڕۆژئاوا تەواو دەبێت و کورد بە ئاسودەیی بحەسێتەوە ؟ پێشینان دەڵێن لە پاش هەرناخۆشییەک، خۆشییەک بەڕێوەیە. دواجار خەونەکەم هاتەدی قۆناغی ژیانی جەنگ و ئاڵۆزی لە ڕۆژئاوا ماڵئاوایی دەکات. خۆشبەختانە قۆناغێکی نوێی ئاشتی و یەگرتویی بەڕوویی گەلی ڕۆژئاوا دەکرێتەوە. دەبێت ئەم قۆناغە قۆناغێکی هەمیشەیی و مسۆگەر کراو بێت بۆ پاراستنی تەواوی مافەکانی گەلی کوردی ڕۆژئاوا. ببێتە چەترێکی ئاسودەیی بۆیان ، کەتێیدا خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەڕوات.
دستپێکی ئەم قۆناغە نوێیە لە پاش ئەوە دێت ، کاتێک ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە ۲٥ ئاب لەکۆشکی کۆماری سوریادا بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی ڕاگەیاند . ئەو هێزەی ساڵانێک وەکو قەڵغانێک بۆ پاراستنی ناسنامەی گەلی کورد و گەلانی دیکە لەدژی تیرۆرستانی داعش و گرووپەکانی دیکە خەباتی دەکرد .
هەڵوەشاندنەوەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزە بەمانای کۆتایی خەباتی کورد نایەت، بەڵکو بووە دەستپێک بۆ قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسی لەتەواوی ڕۆژئاوا و سوریادا، چیتر خوێنی هیچ شەڕڤانێکی دیکە نەڕژێت . قۆناغی پاش خەباتی چەکداری ، پێویستە لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسی دا پێگەی کورد لەسوریادا لەئاستێکی تۆکمەدا بێت بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.
سەبارەت بەو ڕەخنانەی ئاراستەی بڕیارەکانی مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی کوردی ڕۆژئاوادەکرێت، گوایە ئەم بڕیارە بە ئاشتبەتاڵ و بە فیڕۆچونی خوێنی ۱۲ هەزار شەهید لەقەڵەم دەدرێت، یاخود چاوەڕێی ئەوە دەکرا هاوشێوەی باشور ، لە ڕۆژئاوا هەرێمێک بێتە درووست بوون ، کەچی دەست لەنێو دەستی دوژمن نرا. پێویستە بە لۆژیک بیربکەینەوە بۆ پرسی سیاسەت و گۆڕانکاری ناوچەکە نەک بە ڕق و کینەی بێ بنەما.
لەیادمان نەچێت لەسەرەتای کانونی دووەم ئەم ساڵ لەهێرشە فراوانەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەمریکا بە ڕاستەوخۆ پشتی خۆی لەڕۆژئاوا بەردا ، ئەگەر ئەوکات یەگرتویی کوردانی هەرچوار پارچە نەبوایە ئێستا کوردانی ڕۆژئاوا لەژێر قەتل و عامی گشتیدا بوون.کورد لە درێژایی مێژووی خەباتی خۆیدا هیچ کاتێک دۆستێکی ڕاستەقینەیی نەبووە کەپشتی خۆی پێ ببەستێت ، جگە لە چیاکان.هەرکاتێک بەرژەوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ کورد کۆتایی هاتبێت، هەرزوو لەنیوەی ڕێگا دەستبەرداری تەواوەتیمان دەبنەوە، وەکوبڵێی پێشتر ئێمەیان نەناسیبێت ، بەتەنیا لەگۆڕەپانەکە بەجێمان دەهێڵن .
بۆ بەشێکی دیکەی ڕەخنەکان گوایە نەیان توانی بەقەد پارتی و یەکێتی هەرێمێک بۆ ڕۆژئاوا درووست بکەن ، پێویستە باش بزانین ئەم هەرێمەی لە باشور هاتە درووست بوون بۆمان، ئەگەر بەرژەوەندییە سیاسی و بازرگانیەکانی ئەمریکا نەبوایە لە عێراق و چاودێری ڕاستەوخۆی هەژمونەکانی ئێران بەسەر ناوچەکەوە ، دڵنیام ئێمەش ئەم هەرێمەمان بەچاو نەبینی . چونکە ئەمریکا هەرێمی کوردستان وەکو ناوەندێکی گرنکی سپی کردنەوەی ڕووداوەکان هەژمار دەکات. ئەگەرنا هیچ کاتێک ئامانجی تەواوەتی بۆ بەرژەوەندی دۆزی کورد نییە .
بۆ دابەشکردنی مووچەیەک کەچی چاومان لە بەغدایە ، ئیتر کوا هەرێم و ئابوری سەربەخۆ ؟ ڕۆژانە بەئاشکرا کار لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێم دەکرێت ، کوا پاراستنی سەروەری هەرێم ؟ پەیامم ئەوەیە لەم قۆناغەدا ، پێویستە زمانی ڕق و کینە بەلاوە بنێین ئیتر، هەموومان پشتیوانی ڕاستەوخۆی پڕۆسەی نوێی ئاشتی بین لە ڕۆژئاوا. دڵنیام لەداهاتوودا پڕۆسەی ئاشتی دەسکەوتی گەورەی مێژوویی دەبێت بۆ هەموو کوردێک
|