ئاوات عەبدوڵا
28/09/2026
53 جار خوێنراوەتەوە
کلتور پێویستی بە ئازادییە، نەک چەتری دەسەڵات
قوڕگی نوسین و نوسەرو ڕۆژنامەنوس و هونەرمەندو دەزگای ڕاگەیاندنی شارەکەت گرتووە کەچی دێیت چەتر بۆ گەشەپێدانی دروست دەکەیت ؟
بەڕێزان کلتورو ڕۆشنبیری بەرلەهەرچی پێویستی بەئازادیە نەک چەتر و سایەو سێبەر تۆ دەست لەکلتورو هونەرو ڕاگەیاندن هەڵگرە وازیان لێبێنە دەزگاکانیان دامەخە ڕۆژنامەنوسان زیندانی مەکە هەلی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو کۆمەڵگا بڕەخسێنە ئیتر ئەمەگەورەترین خزمەتە نەک بەکەلتور بەڵکو بەئازادی! لەسەر کۆمێنت نوسین لەسەر دەربڕینی بیروڕای ئازاد خەڵک مەخەرە لیستی ڕەشەوە نان بڕاویان مەکە ئەوە بۆخۆی باشترین شتە کەبیکەیت.
کاک قوباد تاڵەبانی بۆ ڕۆژنامەنوسان لەبەشێکی قسەکانیدا وتی بەسە ئیتر باخەڵک واز لەسیاسەت بێنێت تەبعەن من لەمەبەستەکەی بەڕێزیان باش تێدەگەم دەیەوێت خەڵک واز لەڕەخنەگرتن و موتابەعەی هەناگاوەکانیان و دووساڵ پەکخستنی پەرلەمان و ...هەموو ئەوانە بێنن خۆتان خەریک بکەن بەکلتورو هونەرەوە بێئاگا لەوەی کلتورو هونەر دانەبڕاون لەسیاسەت و لەڕەخنەی سیاسی و چاودێری وردی سیاسەت و دەسەڵات باشە ئاساییە واز لەسیاسەت دێنین ئەی ئێوە بۆ واز لەکلتورو هونەر ناهێنن ئەم هەموو تەداخول و ڕێکخستن و خوتبە خوێندنەوەیە لەنێو کایەی کلتوری لەپای چی ؟!
بەبڕوای من هەر دەسەڵاتدارو سیاسیەک داوای دورکەوتنەوەی کایەی گشتی لەسیاسەتکرد بێگومانبن لەوەی ئەو دەسەڵاتدارە بەنیازی ئەتکردنی سیاسەت و دەسەڵاتە و دەیەوێت پرۆسەی ئەتکردنەکە بەبێدەنگی و بەخشکەیی بچێتەسەر دەمەویست قسەیەکیش لەسەر خودی نوخبەی ڕۆشنبیری بکەم بەڵام گەر ڕاستتان دەوێت لەمێژە دەستم لەم چینە شتووەو پێشم باشنیە کاتی خۆم و ئێوەش لەم باسە بەفیڕۆ بدەم بالێیان گەڕێین کاسب حەبیبی خوایە !
|