2024-07-23
394 جار خوێنراوەتەوە
مەزڵوم عەبدی: ئامادەین بۆ گفتوگۆ و بۆ بەرخۆدان
ناوەندی هەواڵ
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە ڕایگەیاند، یەکڕیزی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو پێشکەوتن دەبات، دەشڵێت، هەمیشە ئامادەین بۆ بەرخودان و ئامادەشین لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا گفتوگۆ بکەین بەو مەرجەی سوپاکەی و چەتەکانیشی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە و کۆتایی بە داگیرکردنی عەفرین و گیرێ سپی و سەرێ کانی بهێنیت.
لەبارەی دەستکەوتەکان لەسەر ئاستی بەرگری و سیاسی، و مەترسی و هەڕەشەکان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- قەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار، ڕایگەیاندووە، لە ماوەی 12 ساڵدا بەرخۆدانێکی گەورە کراوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکان بەردەوامن و لەگەڵ ئەوەشدا یەکڕیزی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو پێشکەوتن دەبات.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچەکەدا ڕاستییەکی نکۆڵی لێنەکراو هەیە، بۆیە ناکرێت بگەڕێینەوە بۆ 12 ساڵ لەمەوبەر، پێشهاتی نوێش لە 13یەمین ساڵی شۆڕشدا بەدی دێت.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرایدەکات، کێشە و ناکۆکی زۆر لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا هەیە، بۆیە ئەستەمە ئێستا بگەنە هیچ ڕێککەوتنێک.
دەشڵێت، ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەمووان بەتایبەت حکومەتی دیمەشق، چونکە باوەڕمان بە گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ دیمەشق هەیە، لە ئێستاشدا بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا لە پەیوەندیدان، بەڵام دەبێت دیمەشق پێداچونەوە بە هەڵوێستى خۆیدا بکات.
ڕاشیگەیاندووە، ئامادەین لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا گفتوگۆ بکەین بەو مەرجەی سوپاکەی و چەتەکانیشی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشەش ئامادەین بۆ بەرخودان.
سەبارەت بەوەی کە وا بڕیار بوو لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەبچێت و دەوڵەتی تورکیا هەوڵیدا ئەو هەڵبژاردنانە بکاتە بیانوو بۆ هێرشەکانی، مەزلوم عەبدی دەڵێت، زۆر زیادەڕەوییان لە پرسی هەڵبژاردن کردووە پرسێکی گەورەیە کەس مافی ئەوەی نییە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانمان بکات، بەڵام دەبێت بیر لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بکەینەوە متمانەم هەیە کە خەڵک و دامەزراوە و لایەنەکانمان کە لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان کاندید دەکەن، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پرسە دەکەن. هەروەها متمانەم هەیە کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە پێناو بەرژەوەندی گەلدا ڕاستترین بڕیار دەدات.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ، سەبارەت بە پرسی کورد و چارەسەرەکەی بەتایبەتی،دەڵێت، وڵاتانی داگیرکەر و بەتایبەت دەوڵەتی تورک و ڕژێمی سوریا دەترسن دان بە واقیع و بوونی کورددا بنێن، ئەوان ڕەتیدەکەنەوە گەلی کورد قەوارەیەکی سیاسی هەبێت ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەمووان، بەڵام کێشەیەک هەیە لە پرسی داننان بە قەوارەی سیاسی گەلی کورد، ئەمەش بنەمای دوژمنایەتییە، ئەوان باش دەزانن کە ئەگەر دەستکەوتەکانی شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مسۆگەر بکرێن، زۆر بابەتی گەورە چارەسەر دەبن و گەشەپێدان و پاراستن و بەدەستهێنانی دانپێدانانی سیاسی هەموو ئەو بابەتانەن کە حیساباتی ڕژێمی سوریا و هەندێک زلهێزی نێودەوڵەتی تێکدەدەن و ئاەژوویان دەکەنەوە.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا مەزلوم عەبدی ڕایگەینادبوو، کە ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکان دابنیشین بە تورکیاشەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی سوریا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئێمە پێمان وایە کێشەی سوریا بە شەڕ چارەسەر نابێت مەحاڵە بەم شێوەیە چارەسەر بدۆزرێتەوە، چارەسەر بە شێوازی ئەمنی بەدی نایەت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەدی بهێنرێت، بێگومان دیالۆگ تەنیا لەگەڵ ڕژێمی سووریا نابێت، بەڵکو لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەبێت، ئەگەر ئەو خەڵکەی ئێستا لە ئیدلب و عەفرین و شوێنە داگیرکراوەکانی دیکە کراوەن بۆ گفتوگۆ و مەرجی سەرەتایی ئێمە قبوڵ بکەن، ئەوا ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆو مەرجی بنچینەیی ئێمە بۆ دەولەتی تورک و دڵسۆزانی ئەوەیە کە سەرەتا باسی پرسی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری بکەین، ئەوان مەرجی خۆیان هەیە و ئێمەش مەرجی خۆمانمان هەیە، مەرجی ئێمە کۆتایی بە داگیرکردنی عەفرین و گیرێ سپی و سەرێ کانییە، بەم پێیە ئێمە کراوەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هێزانە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە لە نێوان خۆماندا چارەسەر بکەین.
|