2024-11-03
217 جار خوێنراوەتەوە
لەگەرمەی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا دژی ئیسرائیل چەک وپێدایستی تورکی لە بەندەرەکانی ئیسرائیل دادەگیرێن
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی و جیهانیەکان سیناریۆ و بانگەشەکانی تورکیا دژی ئیسرائیل ئاشکرا دەکەن و ڕایدەگەیەنن لە گەرمەی لێدوانە توندەکانی تورکیا دژی ئیسرائیل بە دەیان جار قەبارەی بازرگانی خۆراک و چەک و جبەخانەی تورکی بۆ ئیسرائیل زیادی کردووە.
ڕۆژنامەی ئەڤرەنسەلی تورکی لە دواین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ڕێژەى بازرگانی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە لوتکە و 672% زیاد بووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە ئامارەکانى ئەنجومەنی هەناردەی تورکیا کردووە کە تێیدا ئەنقەرە لەماوەى ساڵێکی شەڕی ئیسرائیل و غەزەدا تاوەکوو مانگی ڕابردوو بە بەهای 95 ملیۆن دۆلار چیمەنتۆ و ئاسن و کەرەستەى بیناسازیی هەناردەى ئیسرائیل کردووە.
بەپێی زانیاری و داتای نێو میدیا تورکیەکان، هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پار 319.5 ملیۆن دۆلار بووە، لە مانگی كانوونی یەكەمدا بەرزبووەتەوە بۆ 430.6 ملیۆن دۆلار، ئەو ڕێژەیەش بڕی مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردووشی تێپەڕاندووە، کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل 408.3 ملیۆن دۆلار بووە .
ئەڤرەنسەلی تورکی دەڵێت، تورکیا لەژێر ناوی فەڵەستیندا درێژە بە کارە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل دەدات بەمەبەستی ئەوەى ڕایگشتی تورکیا کاردانەوە و ناڕەزایی دەرنەبڕن.
پێشترگۆڤاری زەکرەیدەڵ لە ڕاپۆرتێکدا قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان تورکیا و ئیسرائیلی بلاو کردەوە و ئاشکرایکرد، تەنها لە یەک مانگدا تورکیا بەرامبەر 105 هەزار دۆلار چەکی بۆ ئیسرائیل ناردووە و لە ساڵی 2023 شدا كۆی بڕی هەناردەكردنی چەک و جبەخانەی تورکی گەیشتووەتە نزیک یەک ملیۆن دۆلارو كاری نێوان كۆمپانیا توركی و ئیسرائیلیەكانیش بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچوون، ئەو ئالوگۆڕە بازرگانییە سەرباری پەیامە توندەكانی ئەنقەرە هاتووە دژی تەلئەبیب مانگی تشرینی دووەمی 2023 ئەردۆغان ڕایگەیاند، پێویستە ناتانیاهۆ ببرێتە دادگا و وەک ئەنجامدەری تاوانی جەنگ دادگایی بکرێت.
هاوکات بیلالی كوڕی ئەردۆغان لە دواین دەرکەوتنیدا داوای لە گەلی توركیا كرد بایكۆتی کالای ئیسرائیل بكەن، ئەو دوو لێدوانە لە كاتێكدا بڵاوکرانەوە، بوراكی برای بیلال و کوڕی ئەردوغان خاوەنداری ئەو كەشتیانەیە، كە بەشێوەیەكی بەردەوام کەلوپەل و چەک و جبەخانەی بۆ ئیسرائیل ڕەوانە دەکرد و دەگواستەوە.
لە ساڵی 2009 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل گەیشتۆتە 2.5ملیار و 163 هەزار دۆلار، لە ساڵی 2014 لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاڵۆز پیشاندرا، کەچی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب بۆ 5 ملیار823 ملیۆن و180هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە و ساڵی 2017 دا 17% گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و لەماوەی دوو سالی ڕابردووشدا ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایان کردووە کە قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بۆ زیاتر لە10% زیادی کردووە ئەوە جگە لە ئەو بازرگانییەی بەچەکی تورکییەوە بۆ ئیسرائیل دەنێردرێت بە شێوەیەکی نهینی و دوور لەچاوی میدیا و دامەزراوە فەرمیەکانیەکانیان.
|