نوێترین تاوانی ژن کوشتن، ئەمڕۆ لە دهۆک تۆمار کرا ژنێک بە نۆ فیشەک خەڵتانی خوێن کرا، حەوتی ئەم مانگەش تەرمی کچێکی حەڤدەساڵ لە دەربەندیخان دۆزرایەوە، لە پێنجی ئەم مانگە تەرمی ژنێک لە سەیدسادق دۆزرایەوە.
لە یەکی ئەم مانگەشدا گیانلەدەستدانی ژنێکی 22 ساڵ لە باشیک تۆمارکرا. لە 28ی مانگی ڕابردوو لە شێخ تورابی نزیکی هەولێر، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، کە بەر لە گولەبارانکردنی دەستوقاچیان بەستبوو. هەر مانگی ڕابردوو بوو، لە سلێمانی کیژانی تەمەن 30 ساڵ لە لایەن باوکییەوە کوژرا..
هەر مانگی ڕابردوو بوو، لە قەزای سیمێل، کچێ بە دەستی براکەی کوژرا.. ئەم چیرۆکانە ئەڵقەی زنجیرەیەکی درێژی تاوانی ژن کوشتنن کە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە دوای ئەو هەڵمەتە میدیاییە گوماناوییە دێت، کە دەستپێکرا بۆ کپکردنی هەواڵی تاوانەکان و شاردنەوەیان لە میدیا بە پاساوی ئەوەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ژن کوشتن، هۆکاری پەرەسەندنی حاڵەتەکان و بەدیاردە بوونیانە.
دوای چەند ساڵێک لە شاردنەوەی ئامارەکانی ژن کوشتن و کپکردنی دەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان، دەرکەوت تاکتیکی شاردنەوەی تاوان، هیچ کاتێک دەستەبەری دووبارە نـەبوونەوەی ناکات، بەڵکو دەبێتە هاندەری سەرەکی دووبارەبوونەوەی تاوانەکان، چونکە بکوژەکان دڵنیان لەوەی بێ ئەوەی بەدناو بن و "شەرەفی بنەماڵەکەیان پاک دەکەنەوە".
ئەوانەی پشتیوانیان لە شاردنەوەی تاوان دەکرد، بە ناوی تێگەیشتن لە میدیاوە، هەقوایە لە خۆیان بپرسن، لێکەوتەی ئەو شاردنەوەیە جگە لە درێژەپێدانی تاوان و دەربازبوونی تاوانباران چیتر بووە؟
دوای شکستی ئەو تاکتیکە نامرۆڤانەیە، کاتی ئەوەیە، دەرفەت بدرێت، ئامارەکان ڕۆشنایی ببینن، حاڵەتەکان بە وردی باس بکرێن، میدیا سۆراغی ڕێکارە یاساییەکان بۆ دەستگیرکردنی بکوژان بکات (لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی پیشەدا)، کۆمەڵگە ئاگاداری ڕێڕەوی دادوەری بێت و تاوانبارانی ڕاستەقینە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، ڕێکاری کردەییانەی پێویست بۆ کۆنترۆڵی چەکی مۆڵەتدار و بێ مۆڵەت بگیرێتەبەر، تا چیتر ئەو چەکانە بە تایبەت مۆڵەتپێدراوەکان نەبنە ئامرازی سەرەکی ژن کوشتن.
ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەریخست، تەنیا دامەزراوە حکومەتییەکانی تایبەت بە پرسی ژن دەرەقەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژییە نایەن، (کە لە سایەی: بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، شاردنەوەی ئامارەکان، ساردوسڕی لە بەدواداچوونی دۆسییەکانی تاوان، لاوازبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بێزراندنی ڕێکخراوەکان، شکاندن و تیرۆری کەسایەتیی چالاکانی ژن) تا دێت زیاتر ڕوو لە هەڵکشان دەکات.
هەڵکشانی توندوتیژی بە تایبەت ژن کوشتن گەیشتووەتە ئاستێک، کە چیتر هیچ ڕێکارێکی ئەمنی توانای شاردنەوەی نیە، چونکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا ئەو حاڵەتانەی دەرفەت ڕەخساوە، وەک هەواڵ بڵاوببنەوە، گەیشتوونەتە نزیکی پەنجا حاڵەتی کوژرانی ژنان، ئەمە جگە لەو حاڵەتانەی ڕۆشناییان نەبینیوە و وەک هەواڵ بڵاونەکراونەتەوە.
هەموو ئەوەی ڕوودەدات، دەرهاویشتەی ئەو پاشەکشەیەیە، کە بە کاری ڕێکخراوەیی کراوە و ئامادەیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و بیانییەکانیش سنووردار و لاواز بووە، هەروەها دادگا و ڕێکارە دادوەرییەکان بە هۆی مشتومڕە سیاسییەکان و کاریگەری ناوەندەکانی هەژموونەوە پێگەی بەهێزیان بۆ خۆیان دەستگیر نەبووە.
کوردستان
بیروڕا
شاردنەوەی تاوانەکانی ژن کوشتن هۆکاری بەردەوامی تاوانەکانە
نوێترین تاوانی ژن کوشتن، ئەمڕۆ لە دهۆک تۆمار کرا ژنێک بە نۆ فیشەک خەڵتانی خوێن کرا، حەوتی ئەم مانگەش تەرمی کچێکی حەڤدەساڵ لە دەربەندیخان دۆزرایەوە، لە پێنجی ئەم مانگە تەرمی ژنێک لە سەیدسادق دۆزرایەوە.