حسین عەلی شەریف
24/08/2024
986 جار خوێنراوەتەوە
سەری پڕمان ناوێت سمتی خڕمان ئەوێت!
ئەگەر بەو وەهمە فریوت خواردوە کە ئێرە، زەوی ئازادکراوو خاکی سەربەخۆو حوکمی خۆماڵی هەیە، ئەوە چارەنوست لەوە باشتر نابێت، کە لەشەقامێکی شاردا بەر دەستڕێژی فیشەکت بدەن!
ئەگەر بەو شیعاراتانە فریوت خواردوە کە ئێرە بەشێکە لەنیشتیمانی گەورەو كورد حوکمی ئەکات، ئەوە حەتمەن چارهنوست هەرئەوە ئەبێت، کە درۆنێک لەڕێگهیەکی سەرەکیدا بتسوتێنێت!
مەیەن بۆ ئێرە، ئەگەر سەرتان پڕە لەخەمی نیشتیمان، مەیەن بۆ ئێرە ئەگەر سنگتان پڕە لەدوکەڵی خەمی نەتەوە، مەیەن بۆ ئێرە ئەگەر چاوتان لەئازادییەو بیرتان لەنیشتیمان!
لێرە میوان ڕاناگیرێت، ئێمە خۆمان خاوەنی ماڵنین هەتا فەرموو لەکەس بکەین، لێرە کەسمان مافی فەرمومان نییە لەمیوان، ئەگەر ئەو میوانە براو خوشکیشمانبێت!
ئەگەر سەرت بەتاڵەو سنگت پڕەو سمتت خڕەو خەمت تەنها خەمی گیرفانە، ئەوە فەرموو، ئەم بستە خاکە باشترین جێگایەکە کە لەڕۆژو شەوێکدا ببیتە خاوەنی ڤێلاو ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز!
ئەگەر مێشکت پڕە لەبیری ئازادییو لەتاو نادپەروەرییو زوڵمی دوژمن هەڵاتویت، ئەوە نەکەی بەئێرەدا گوزەربکەیت، خۆ ئەگەر سەرت تەنها بەندی گەعدەی تیایە، ئەگەر بەباڵای پیاوە قەزەمەكانماندا هەڵئەدەیت، ئەگەر ئەبیتە بوکەڵەیەک بۆ تێرکردنی سەرکردە شەهوانییەکانمان، ئەگەر ئەبیتە کەپڵی کوڕە بەرپرسێکمان، فەرمو وەرە، ئێرە ئەو بەهەشتەیە کە تۆ ئەتەوێت، ئێرە ئەو فەزایەیە کە تۆی تیا ئەبیتە پاڵەوانی شاشە!
مەیەن تکایە مەیەن، بڕۆنە ئەنكەرەو دیمەشقو تاران، لەوێ دەنگ هەڵبڕن، هیچنەبێت لەوێ شانسێک هەیە بۆ ژیانو ئەتوانن لەکونجی زیندانەکانی دوژمندا وانەیەک پێشکەشبکەن، بەڵام هەر کە پێتان نایە ئێرە، زۆر بەئاسانی تیرۆرتان ئەکەن!
ئامان نەکەن فریو بخۆن بەوەی کە ئەم خاکە ڕزگارکراوە، باوەڕبکەن ئەم خاکە لەکاتی ژێردەستەیی بێگانەدا زیاتر کوردایەتی پیادە ئەکرد هەتا ئەمڕۆ، باوەڕبکەن غیرەتی تاکی ئەم بەشەی نیشتیمان لەکاتی ژێردەستەییدا بونی هەبوو نەک ئێستا.
ئەم نیشتیمانە جاران تەنها داگیرکەرێک داگیریکردبوو، بەڵام ئێستا هەر بستێکی بەدەست مناڵە وردکەی بەرپرسێکەوەیە، بەهەوەسی خۆی لەشفرۆشی تیا تاوئەداتو بەسەر هەرچیو پەرچیدا دابەشی ئەکات.
ئەم نیشتیتمانە ئێستا لەناو دوکەڵی درۆی کوردایەتیدا خنکاوە، ئێستا داگیرکەرێکی خۆماڵی وای بەسەر هێناوە کە ئیتر داگیرکەری دەرەکی پێویستی بەوەنییە کە داگیری بکات، مەیەن بۆ ئێرە ئامان، ئێرە دوو بەشە، بەشێکی سەر بەشوعبەی میتەو بەشەکەی تری سەر بەقەرارگەی ڕەمەزان، کۆمەڵێک نمایشکەری سێرکیش بەجلی کوردییەوە کە موچەخۆری ئەو دوو دەزگان، حوکمی ئەکەن!.
ئەمە ڕاستییەو جگە لەوانەی کە نانی نامەردی ئەخۆن هەمو کەس ئەیزانێت!
ئاو بێرەو دەست بشۆ، ئەمە حەقیقەتە تاڵەكەیە!
|