13   کاتژمێر پێش ئێستا 125 جار خوێنراوەتەوە

دانیشتنی دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی دواخرا؛ چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت

تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ڕایانگەیاند کە لە دانیشتنێکی تری دادگاییدا، دادوەر بەپێی مادەی (456) تۆمەتەکانی ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی و 11 دەستگیرکراوەکەی تر کردووە، بەڵام سەرجەمیان تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە.

 دادگاییەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا بەهۆی ئامادەنەبوونی لائیحەی داواکاری گشتی و تیمی پارێزەران،  چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا حوکمەکان بخوێنرێنەوە. لاهور شێخ جەنگی لە دانیشتنەکەدا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بەو هەموو دواخستنەی پرۆسەی دادگاییکردنەکە.

بەرگریی پارێزەران و وتەی تۆمەتباران

 دانا تەقیەدین، وتەبێژی دەستەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بەڵگەکانی بەردەم دادوەر لە دژی لاهور شێخ جەنگی لاوازن. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا لاهور شێخ جەنگی جەختیدکردووەتەوە هێزەکانیان تەنها بۆ پاراستنی ماڵی مام جەلال و هێرۆخان ناردووە بەهۆی بوونی مەترسیی کودەتایەکی ناوخۆیی، ئەگەر بیەوێت سازش بکات ئێستا لە دەرەوەی دادگا دەبوو، بەڵام بۆ پاراستنی سەروەریی دادگا ماوەتەوە.

لە دانیشتنەکانی پێشووی دادگادا، وەک ئەو ڕۆژەی ڕێبوار حامید حاجی غالی و پۆڵاد شێخ جەنگی وتەیان خستەڕوو، جەخت لەوە کرایەوە کە کۆکردنەوەی چەک یان هەبوونی قەناسە تەنها بۆ ڕێگریکردن لە کودەتا و زانینی دۆخەکە بووە و هیچ مەبەستێکی تیرۆرکردنیان نەبووە.

ڕیشەی ململانێکان و پێکدادانی چەکداری

 ئەم دۆسیە هەستیارە درێژبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی پاش 8ی تەمموزی 2021ە، کاتێک دوای کۆچی دوایی مام جەلال و دروستبوونی قەیرانی هاوسەرۆکایەتی، هێزەکانی کۆماندۆ دەستیان بەسەر دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆردا گرت و لاهور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکایەتی دوورخرایەوە.

 دواجار لە بەربەیانی 22ی ئابی 2025دا، کێشەکان تەقینەوە و لە ئەنجامی شەڕێکی قورسی چەکداری لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی (ناسراو بە هێزی دووپشک/لالەزار)، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ دوو برا، خوشکێک و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی دەستگیر کران و لەو شه‌ڕه‌شدا زیانی گیانی و ماددی زۆر کەوتەوە.

پێشینەی سیاسی و دامەزراندنی بەرەی گەل

 لاهور شێخ جەنگی کە لە ساڵی 1975 لە دایک بووە و برازای جەلال تاڵەبانییە، لە ساڵی 2002 یەکەمین دەزگای دژەتیرۆری بە هاوکاری ئەمریکییەکان دامەزراند و لە ساڵی 2013ش هەردوو دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆری کرد بە یەک.

 ناوبراو دوای بێهیوابوون لە گەڕانەوە بۆ ناو یەکێتی، لە ساڵی 2024 حزبێکی نوێی بە ناوی "بەرەی گەل" دروستکرد و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا توانی دوو کورسی بەدەستبهێنێت. ئێستاش پرۆسەی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دۆسیەیە لە سلێمانی بەردەوامە و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دادگایە لە هەفتەی داهاتوودا.

 

  • تەڤگەری ئازادی: بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە، هەموو هێزەکانمان لە ناو تورکیا بە تەواوی کشاندەوە

  • دانیشتنی دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی دواخرا؛ چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت

  • وردەکاریی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتن؛ سێنتکۆم دڵنیایی دەدات و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لێدوانی توند دەدات

  • مێژووی دەستکاریکردنی دینار لە 2003وە؛ بارقورسی بڕیارە نادادپەروەرانەکانی حکومەت دەخرێتە سەر شانی هاوڵاتییان

  • لە دەستگیرکردنەوە تا دروستکردنی دۆسیەی نوێ؛ ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێرانیدا تێدەپەڕێت

  • تەقینەوەی قەیرانی کەرتی تەندروستی؛ 52 هەزار دەرچووی پزیشکی و تەندروستی بێکارن

  • وەفدی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە؛ کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پشک و شایستە داراییەکان لە بودجە دەست پێ دەکات

  • لە فەرەنسا چی ڕوودەدات؟؛ ترەمپ ناڕەزایەتییەکان دەبەستێتەوە بە ئیسلامەوە و حکومەتیش چەپی ڕادیکال تۆمەتبار دەکات

  • حکومەتی عێراق کورتهێنانی بودجە بە گیرفانی هاووڵاتییان پڕ دەکاتەوە

سەرەکی