ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
27/08/2024
339 جار خوێنراوەتەوە
ریفراندۆم وەک تێپەڕیوێک لە رابردووماندا
زەمەنێک دوای کردەی ریفراندۆم، خودی ئەنجامدەرانی ریفراندۆم گەڕانەوە بەغدا، مەلەف و تۆماری ریفڕاندۆم پێچرایەوە و "وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: جۆ بڵاو" کرا لە ریفراندۆم، ئەوە یەکەم خاڵی دەرخستنی نهێنییەکی راستەقینەی پشت بابەتی رێفراندۆم بوو کە بۆ دەوڵەت نەبووە و بە مانایەک لە ماناکان پەردەی شانۆنامەی ریفراندۆم دادرایەوە.
لە ئێستادا، ئێستا وەک شوێن و کاتی کورد و کوردستان، قسەکردن لەسەر گەڕانەوە بۆ دەرئەنجامی ریفراندۆم، هیچ نییە جگە لە یارییەکی دیکەی خراپ بە قەبارەی نەتەوە و نیشتمانەوە، هیچیش نییە جگە بەردەوامبوون لەسەر هەڵەیەکی کوشندەی دووبارە کە لە وێنەی یەکەمدا روونە دۆخی کوردی بەکوێ گەیاند و چۆن لە لووتکەی بڵندییەوە داکشاینە دامێنی دەوڵەتێکی وەک عیراق!.
ریفراندووم جگە لەوەی کردەیەکی پێنەگەشتووبوو لەرووی کات و شوێنەوە و لە رابردووماندا جێماوە، هیچیتر نییە، هەر مانا پێبەخشینەوەیەکیشی بەرامبەر بەغدا، کارتێکی سووتاوە و دەستێکی دۆڕاوی کەشفە، ئەگەر بەغداش لە قۆناغی یەکەمدا توانیبێتی تێکیبشکێنێت و ئاوای بکات، ئەوا لە مانابەخشینەوەیەشدا بە ریفراندۆم، هیچ ترسێکی نابێت، بەپێچەوانەوە ریفراندۆم یەکێک بوو لەو خاڵانەی بەغدای بەهێزکرد.
لەو تەراجوعە پڕ هەڵچوونەدا بەرەو ریفراندۆم، پارادۆکس و دژیەکییەک لە بابەتی مردن و زیندوکردنەوەی ریفراندۆمدا دەبینرێت، گەڕانەوەیەکی لەو شێوەیە بۆ ریفراندۆم مەعقولیەتی تێدا نییە خۆیان بەدەستی خۆیان ریفراندۆمیان لەگۆڕ نابێت بەڵام هەر خۆشیان داوابکەن لەگۆڕ دەربهێنرێتەوە و بڵێن هێشتا زیندووە، هەندێک ریفراندۆم وەک هێز و پەستانی کوردایەتی و کوردبوون پیشان دەدات و ناوبەناو باس لە زیندووکردنەوەو تاپۆبوونی دەکات دژی بەغدا، هەندێکیتریش باس لەوە دەکات کە ریفراندۆم بۆ دەوڵەت نەبووە و تەنها راوەرگرتنی هاووڵاتیان بووەو ئەوان لەچوارچێوەی عێراقدا دەمێننەوە!.
لەدەرەوەی واقیع هەر ئاوڕدانەوەیەک بۆ کردەی ریفراندۆم و مێژووەکەی، جگە لە زیاتر ناشیرینکردن و لەناوبردنی هەر خەون و ویستێکی راستەقینە بۆ ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردی لە داهاتووی ئێمەی کورددا، هیچی دیکە نییە، چونکە ئەگەر ریفراندۆم بەپێی دۆخێکی سیاسی پوچەڵکرابێتەوە و وەک پڕۆسەیەکی مێژووکرد کۆتایی پێهێنرابێت، ئەوە وەک ماف و ویستێک بەناوی دەوڵەتەوە شتێکی ترە و بەلای هێزی نەتەوەیی و بڕوادارە راستەقینەکانی پرسی دەوڵەت و سەربەخۆیی، شتێکیترە و مێژوو نەخشەی دیکەی خۆی دەنەخشێنێت لە داهاتوودا.
|