رێبوار عەلی
03/09/2024
180 جار خوێنراوەتەوە
قەوارەی هەرێمی یەکپارتی و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان
سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بکەمەوە،مەبەست لە وشەی یەکپارتی (یەکێتی و پارتی )ە کورتکراونەتەوەوتێکەڵاوکراون، -یەک- ە کە هی یەکێتیەو –پار- ەکە هی پارتیەو -تی-ەکەش هاوبەشی هەردووکیانە،کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەرێمی کوردستانیش باکوری عێراقەو بەشێکە لە چوارپارچەی کوردستانی گەورە،کە لەساڵی ١٩٩١ دا وەکو دیفاکتۆ بووە هەرێمێکی سەربەخۆوساڵی ٢٠٠٣ لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا چەسپاو شێوازێکی نیمچە سەربەخۆی دانپیادانراوی وەرگرت.
لە دوای ئەزمونی ٣٣ ساڵ دەسەڵاتی ڕەهای ئەم دوو حیزبە سوشیالیست و دیموکراتەوە، هەرێمەکە لە ڕوی کردەییەوە بووەتە هەرێمی مانەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، کە لەزۆر شتدا وەکو یەکیان لێهاتووەو دوو دیوی یەکدراون و بوونەتە بنەماڵەیی و دوو ناوچەی جوگرافیان لەبەردەسدایەو بە ڕەنگی خۆیان ڕەنگڕێژیان کردوون. بەوەش ئەم هەرێمە لەوە دەرچووە هەرێمی کوردستان بێت، بەڵکو بە زەبری خۆسەپێنی بووەتە قەوارەی یەکپارتی، دوو حیزبی تەقلیدی دەیبەن بەڕێوەو دووچاری دەیان قەیرانیان کردووە، کەهۆکاری دەسەڵاتی ڕەها و باڵادەستیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕەهاندانەی خوارەوە:
یهكهم: قۆرخكردنى پیرۆزیهكانى نهتهوه بۆخودى خۆیان ، كه لهو ڕێگهیهوه زهمینهیان بۆ سهركوتكردنى ئهویدى ونههێشتنى جیاوازیی ڕاستەقینە خۆشكردووه،ئەوەش لە ئەنجامی ئەو شەرعیەتە شۆشگێڕییەی بەدەستیان هێناوە، کە پڕە لە هەورازونشێوو تاریکایی.
دووهم:كودهتاى حزب بهسهر دهسهڵاتدا، ههربۆیه لهساتهوهختى وهرگرتنى دهسهڵاتهوه، حزب كودهتا بهسهر حوكومهت دهكاتو كۆى ژیانى سیاسىو ڕۆشنبیرىو تهنانهت ژیانى كۆمهڵگهى مهدهنىو كۆمهڵایهتى له كوردستاندادەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، حیزب ههموو جومگەکانی حكومهتى تهنى، كهئهوهش بووه هۆكارى سهرجهم گهندهڵىو نادادیهكان.
سێیەم:ئەنجامدانی ساختەکاری و تەزویر لە سەر جەم هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا،هەر وەک مام جەلال بە وردی باسی ئەو ساختەکارییە دەکات کە لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دا ئەنجام دراوە.(دیداری تەمەن مام جەلال لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری/ئامادەکردنی سەلاح ڕەشید/چاپی یەکەم/٢٠١٧/٢٢٨-٢٢٩).
چوارەم: بوونی هێزی چەکداری حیزبی و بەکارهێنانی بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە سیاسیەکان، کەبەوەش ڕەهەندێکی گەورەوگرنگی ژیانی مەدەنی کە یاسا سەروەریە، لەکەدارکردووەو خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
پێنجەم: وابەستەیی بۆ وڵاتانی هەرێمایەتی و هاوکاری کردنی هەواڵگری و سەربازی لە گەڵیانداو بەزاندنی زۆربەی هێڵە سورە نەتەوەی و نیشتیمانیەکان.
ئهمانه ههموویان ڕاستى حاشا ههڵنهگرنو بەڵگەی سەلمێنراون لەسەر دەسەڵاتی کوردی و بە ئاسانی لێی قوتارنابن و ڕووبەڕی بەرپرسیارێتی مێژووییان دەکاتەوە. هەروەک قەوارەی هەرێمەکە لەوەدەردەکات، کە قەوارەیەکی نیشتیمانی بێت و هاوڵاتیان پابەندبن پێوەی و هەوڵی پاراستنی بدەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لێی هەڵدێن و حەز بە قڵپبوونەوەی دەسەڵاتەکەی دەکەن. تەنانەت کار گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیداری وەها، خەڵک ژیانێکی شکۆمەندانەی دەوێ لە هەرلایەکەوەبێت، چیتر بەئاگری سیاسەتی هەڵەی یەکپارتی نەسوتێن و ئەوان لە سەر گوەرانی خۆیان باجی مانەوەی قەوارەی دەسەڵاخوازی دوو بنەماڵەی فەرمانڕەوابدەن. دەسەڵاتی یەکپارتی کوردستان، ئێستا لە لوتکەوە بەرەو خوار گلۆر دەبێتەوەو لە ئەنجامی هەڵە ستراتیجیەکانی خۆیان، وڵاتانی هەرێمایەتی و هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، کلک و باڵی کردوون و دەسەڵتیانی لە مەحەک داوەو لەگەڵ بەغداد هاوسەنگی کردوونەتەوە، دەسەڵاتی ناوەندیش لە ڕێگەی دادگا نێودەوڵەتی و دادگای فیدڕاڵیی عێراقەوە دەسەڵاتیان بچکۆلە دەکاتەوەو بەنیازە وەکو مەلەکەی مەلای مەجبورەیان لێبکات.
ئەوانیش بەناچاری بابەندی بڕیارەکانی دەبن و هەموو جۆرە دانوستانێک دەکەن، تاکو لە قەوارەکەیاندا بەباڵا دەستی بمێننەوە،کە هاوڵتیانی هەرێمەکە باجەکەی دەدەن. لەدوای ئەو سنوردارکردنەشیان، یەکپارتی لەسەر هەمان پایەکانی مانەوەی جارانیان لە قەوارەکەیاندا ماونەتەوە- کە لە ڕەهندەکانی پێشەوەدا خستماننە ڕوو- پێدەچێت هێزە هەرێمی و نێودەوڵتیەکان کە نەخشەی ستراتیجی ئایندەی ناوچەکە بەڕێوەدەبەن، مانەوەی یەکپارتی و باڵادەستی دووبنەماڵەکە لە هەرێمەدا بەو جۆرەی ئێستایان پەسەند بکەن و تاکو کاتی گۆڕانکاریە ڕیشەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستکاری قەوارەی هەرێمی یەکپارتی نەکەن و لە دەسەڵات بیانهێڵنەوە، بە بەردەوامی پێنج پایەکەی کە لەسەری ڕاوەستاون.
هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٠٢٤:
لە ئەنجامی ئەوئەگەرو دراوانەی پێشەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنەکان وەکو ئەوانی دی بەڕێوەدەچێت و یەکپارتی بەباڵادەستی دەمێننەوەو هێزە زۆروبۆرە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هەر درێژە بە پەرتەوازەیی و بەرژەوەندیە تاکی و دەستەییەکانیان دەدەن و دەکەونەوە دوای دەسەڵاتەوە. هەموو ئەو پاساوانەش کە دەیهێننەوە ئەم جارە پرۆسەکە جیاواز دەبێت و گۆڕانکاری ڕوودەدات، نیەتی باش و خەونی خۆشە و ئەو جۆرە لێکدانەوەیە کە حەزیان لێیەتی ڕووبدات، نەوەک خوێندنەوەی زانستی و پێشبینی دروست.
لە باشترین حاڵەتیدا پرۆسەی سەرجەم هەڵببژاردنەکان، لە ژێر مانەوەی باڵادەستی یەکپارتیدا، ئەو ئاستە بەرزەبوو کە بزوتنەوەی گۆڕان ساڵی ٢٠٠٩ بە ڕابەرایەتی نەوشیروان مستەفا بەدەستی هێنا و لەگەڵ ئیسلامیەکانی و ئەوانی تردا نزیک بۆونە ٤٠ کورسی، بەڵام بینیمان سەرئەنجامەکەی نەک گۆڕانکاری بەرپانەکرد، بەڵکو شکستی هێناو لە ئاستی جەماوەری ناڕازی کوردستاندا بێ هیواییەکی گەورەی دروستکرد. کە ئاکامەکەی لە دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقداو بەپێی ڕاگەێندراوی فەرمی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی بایکۆت لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ٪٥٩، بەپێی ڕاگەیانراوی فەرمی کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەکان ٤١٪ ی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١/١٠/١٠ بەشداریان کردووە، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە لە ڕاست ناچێت، تەنها بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە بە پێی ستانداردی نەتەوە یەکگرتووەکان بیگونجێنن، ئەگەرنا ڕێژەکە لە ئاستی لە ٣٠٪ - ٢٠٪ تۆمارکرا. بەڵگەش بۆ ئەوە دابەزینی ئاستی دەنگی حیزبەکانە بەڕێژەیەکی زۆر گەورە لە چاو هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ لە کاتێکا ژمارەی دانیشتوان و دەنگدەر ساڵانە لە زیاد بووندایە.
هەموو ئەمانەی سەرەوە ئەوڕاستیە دەچەسپێنن، کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئایندەی کوردستان، هەمان تاسوحەمامی جارانەو خەڵکی وەک دەربڕینی ناڕایەکانیان لە دەسەڵاتی یەکپارتی دەری دەبڕن و بایکۆتی سیستەمی حوکمڕانی قەوارەکە دەکەن و هەموو بەشداربوونێک لە پەرلەمان و حوکومەتی هەرێمەکە، بە درێژەدان بە تەمەنی دەسەڵاتەکە دەانن. بۆیە بەبۆچوونی من بایکۆتی سەرجەم چالاکیە سیاسیەکانی هەرێم بۆ ئەم قۆناغە قەیراناویەی گەل و وڵاتەکەمان، بە بژاردەیەکی ڕاست و گونجاو دەزانم، کەوەک فشارێک بۆ نیشاندانی ڕووی ڕستەقینەی دەسەڵاتەکەو سەرجەم هێزە هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازەکان وەکو کارتی ناڕەزایی بەکاری بهێنرێت.
جەماوەری ناڕازی گەلەکەمان ئەوەندە هۆشیارن، دەبینن بە بەر چاوی ئەوانەوە پەرلەمانەکە دادەخرێت و سەرۆکەکەی کەی بیانەوێت ناهێڵن لە دەرگاکەیەوە بچێتە ژوورەو هەر پەرلەمانتارێکی کارا -گەر هەبێت- بتوانن بە ئاسانی دووری بخەنەوەو سەرجەم یاساکانی لە بەرژەوەندی دەسەڵات دەربچێنن، بەشی ئۆپۆزسیۆنەکانیش هۆکاری دەوڵەمەندبوون و هاوارهاوارو خۆنمایش کردنبێت! هەر لەبەر ئەوە بایکۆتی هەڵژاردن باشترین بژاردەیە، تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوودەدات...
|