ئارام عەلی عەزیز
11/09/2024
188 جار خوێنراوەتەوە
پلانی هێرش بۆ سەر لوبنان پێشكەش بە ئەمریكا كرا
جەنەڕاڵ مایكل كوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتكۆم) كە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبات، رۆژی یەكشەممەی رابردوو جارێكی دیكە سەردانی ئیسرائیلی كرد.
لە بەیاننامەیەكدا سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە سەردانەكەی جەنەڕاڵ كوریلا رایگەیاندووە، كوریلا لەگەڵ سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل و فەرماندەكانی دیكە كۆبووەتەوە و تیایدا دوایین هەڕەشەكانی لوبنان و ئێران تاوتوێ كراوە.
هەر سەبارەت بەو مەسەلەیە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل نووسیویەتی، لە ژووری ژێرزەمینی فەرماندەیی جەنگ لە بەرەی باكوور ئەو پلانە ئۆپەراسیۆنانەی كە بۆ لوبنان ئامادەكراون، پێشكەش بە كوریلا فەرماندەی سێنتكۆم كراون.
لە بەیاننامە رەسمیەكەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: كە فەرماندەی باكوور ئۆری گۆردین پلانەكانی شەڕی لە ژوورە ژێرزەمینییەكەدا نیشانی ئەمریكییەكان دا.
سوپای ئەمریكا دوای كوشتنی فوئاد شوكور و ئیسماعیل هەنیە لە كۆتایی مانگی تەمموزدا، فڕۆكە هەڵگرەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ پاراستنی ئیسرائیل جێگیر كردووە.
هاوپەیمانی سەرەكی ئیسرائیل، كە ئەمریكایە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و هاوپەیمانانی خۆرئاوا، لە كاتی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە مانگی نیسانی رابردوودا، مووشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێرانیان خستە خوارەوە.
هەر سەبارەت بە ئەگەری هێرشی وشكانی بەرفراوانی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان نەسیم ڤاتوری، ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە و بەرگری لە كنێستی ئیسرائیل رایگەیاند، دەستپێكردنی شەڕێكی تەواو لەگەڵ لوبنان پرسی چەند رۆژێكە. ڤاتوری، كە ئەندامی پەرلەمانە لە لیستی لیكود، كە پارتەكەی بنیامین نەتانیاهۆیە، ئیدیعای كردووە كە قەڵای حزبوڵای لوبنانی لە بەیروت كە گەڕەكی زاحیەیە، وەكو غەززەی لێدێت كاتێك، شەڕ دەست پێدەكات. بە گوتەی نەسیم ڤاتوری، سەرەتا جەنگەكە بە بۆردومانێكی چڕی ئاسمانی كە 4 - 5 رۆژ دەخایەنێت دەست پێدەكات و دواتریش لەشكركێشی وشكانی بۆ سەر لوبنان بەدوای خۆیدا دێنێت.
هەر سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بینی گانتس، ئەندامی پێشووی كابینەی جەنگی رایگەیاند، پێویستە سەرنجی سوپای ئیسرائیل بگوازرێتەوە سەر حزبوڵا و سنووری لوبنان و ئەگەر پێویست بكات، دەتوانرێت لە لوبنان بدرێت.
حزبوڵا، لە هەشتی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە پێكدادانی رۆژانەدایە بە موشەك و فرۆكەی بێ فرۆكەوان و رۆژ بە رۆژیش زیاتر ئەو پێكدادانانە لە كۆنتڕۆل دەردەچێت.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دوور نییە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی سەرتاسەریی، كە ئێران و هاوپەیمانە ناوچەییەكانی بەشێك دەبن تیایدا، دوێنێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیاش لە ریازی پایتەختی سعودیە لە حەوتەمین كۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیژیی ئەنجومەنی هاریكاری روسیا و كەنداو تەئكیدی كردەوە، كە هەندێك دەیانەوێ جەنگێكی گەورە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرسێنن. بەمەیش تەواوی سوریا و عیراق دەبنە گۆڕەپانی جەنگێكی ئیقلیمی گەورە، كە ئێستا ئاماژە سەرەتاییەكانی دەبینرێت.
|