×

لەتیف فاتیح فەرەج 17/09/2024 61 جار خوێنراوەتەوە

کورد و سەرژمێریی ناوچە دابڕێنراوەکان

ڕۆژ بەڕۆژ وادەی سەرژمێریی گشتیی عێراق نزیکدەبێتەوە، ئەم سەرژمێرییە لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێت، لە کۆتایی ساڵی 2007 هەنگاوە کردەییەکانی مادەی 140 پەکخراوە، واتە نە ئاسایی کردنەوە تەواو بوو نە سەرژمێریی کرا نە ڕاپرسیش، هیچ یەک لە شار و شوێنە دابڕێنراوەکانیش نەگەڕێنرانەوە سەر کەرکووک وێڕای شوێنگەلی دیکە، سەرژمێریی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بەم دۆخەی ئێستا زیانێکی گەورە لە خەڵکی ڕەسەنی ئەم شارە و شوێنە دابڕێنراوەکانی دیکە دەدات، ئەگەر چارەسەرێکی ئاوەزی بۆ هەموو ئەو کەرکووکیانە نەدۆزرێتەوە کە لەدەرەوەی کەرکووکن، ئەمە بۆ خانەقین و موسڵ و زۆر شوێنی دیکەش وەسایە.

بەبێ جێبەجێکردنی مادەی 140 سەرژمێریی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان پێشێلکردنێکی بێگرێ دەستوورە بۆیە دەکرێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بکرێت، ئەگەر لەم ماوە کەمەی ماوە بیر لە چارەسەرێکی گونجاو نەکرێتەوە، هەڵبەت ئەو ڕێ و شوێنەی ئێستا زۆر ناقۆڵایە گوایە دەبێت هەموو کەرکووکییەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و لەوێ بەشداریی بکەن لەکاتێکدا دەکرێت لە شوێنەکانی تریش کەرکووکی و خانەقینی و خورماتوویی هەر بە خەڵکی ناوچەکانی خۆیان تۆمار بکرێن و پێویست بەوە نەکات بۆ ئەو ڕۆژە لە شوێنەکانی خۆیان بن، باوەڕم وایە ئەمە ئەزیەتدانێکی لە خۆڕای خەڵکە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا دەستەیەکی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی هەیە کە سەرۆک و ستافی خۆی هەیە، دەکرێت لە ڕێگەی ئەم دەستەیەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی یان لایەنی پەیوەندییدار بەسەرژمێری چارەسەر بۆ ئەم پرسە بدۆزێتەوە، بە تایبەت لە کەرکووک بۆ ئەمەش ئەو دەستەیە دەبێت لە ئێستاوە لە ڕێگەی نوێنەرە کوردەکانەوە لە بەغدا هەنگاوی خێرا و ئەرێنی بنەن و باسی ئەو بارودۆخە پڕ لە ستەمکارییە بکەن کە بەر ئەو ناوچانە هاتووە و هێشتان هەزاران کەس نەگەڕاونەتەوە شوێن و ڕێی خۆیان.

لە ڕاستییدا من ئاواتەخوازی ئەوەم ئەو دەستەیە و سەرۆکەکەی لە ئێستادا هەموو کارێک بخەنە لاوە و پڕۆژە و بەرنامە بۆ ئەوکارە دابنێن، ئیدی دەکرێت لەو بارەیەوە پرس و ڕاوێژ بە شارەزایان و تەدبیرکارانی ئەو بابەتە بکرێت، نایشارمەوە ئەگەر هەرهیچ دەرفەتێک نەبێت ئەوە دەبێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکرێت لە هەموو ئەوانەی مادەی 140یان پەکخست، بە تایبەتی مەحموود مەشهەدانی کە لە کاتی خۆیدا ڕۆڵێکی زۆر خراپی گێڕا، لە سکاڵا کەشدا دەبێت داوای چارەسەر بکرێت.

هەموو وتارەکانی لەتیف فاتیح فەرەج

سەرەکی