×

تاڤان سەرکەوت 07/10/2024 216 جار خوێنراوەتەوە

بەشداری ژنان لە کایەیی سیاسیدا

بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیدا کارێکی تازە نییە لە کۆمەڵگادا، بەڵکو لە دێر زەمانەوە بوونی هەبووە بە پرەنسیپی جیاواز.

قۆناغ بە قۆناغ ژنان بەرەو پێشچوون.

قۆناغ بە قۆناغیش ژنانی کورد دەستیان کردووە بە بەرەوپێشچوون بۆ وەرگرتنی پۆستە ئیداریی وسیاسییەکان.

لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمدا، تەنها یەک ژن پلەی وەزیری وەرگرت، بەڵام دواتر لە گۆڕانکاري زیاتریي کۆمەڵگادا، وردە وردە رێژەی بەشداریکردنی ژنان زیادی کرد، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغێک کە بڵێین بەرامبەر بە رێژەی پیاوان ژنانیش رۆڵ و پێگەیان لە پۆستە ئیدارییەکاندا هەیە.

نموونەش بۆ ئەمە، لە کابینەی نۆیەمدا تەنها سێ ژن پلەو پۆستیان پێدرا لە کۆیی 23 کەس کە ئەمە رێژەیەکی زۆر کەمە و ناهاوسەنگی زۆری تێدایە، بەڵام ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کار کراوە بۆ زیادکردنی رێژەی ژن لە کابینەی حکومەتدا.

بەشداریکردنی ژنان لە هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردنیان یەکێکی ترە لە خاڵە گرنگەکان، کە پێویستە هەموو لایەک و چین و توێژێک بە گرنگی بزانن و گرنگی پێبدەن.

دەنگم تەنها بە ژن داوە

شیرین عەلی ژنێکی دانیشتووی کەلارە و لەهەموو هەڵبژاردنێکدا بەشداری کردووە دەڵێت: هەمیشە دەنگی من بۆ رەگەزی خۆم بووە و دەنگم تەنها بە ژن داوە لەبەر ئەوەی ژن دەزانێت مافی منی ژن چییە وە چۆن مافم بۆ وەرگرێت.

ئەو خانمە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: دەنگدانی من بۆ ژن ئەوە دەسەلمێنێت، کە ژن حەز دەکات ژنە هاوڕێکەی پلە و پۆستی هەبێت، تاکو بتوانێ ده‌نگی هەموو ژنێک بگەیەنێت و من هەمیشە دەنگ دەدەم بە ژن و هەر پشتگیری ژنان دەکەم، تکاش دەکەم ژنان خۆیان کاندید بکەن و ژنەکانی تریش وەک قەڵا لە پشتیان بن.

ئەوەی پێویستە لە کۆمەڵگەدا بکرێت بۆ ژنان چییە؟

یەکەم- بەکلتوورکردنی بەشداری ژنان لە کایە سیاسییەکاندا.

دووەم- رەخساندنی ژینگەی له‌بار بۆ ئەوەی ژنان بێنە پێشەوە، بۆ گرتنەدەستی پۆستە باڵاکانی هەرێم .

سێیەم- راگرتنی هاوسەنگی جێندەری لە کۆمەڵگا‌دا.

چوارەم- هاوکاریکردنی ژنان لە نێوان خودی خۆیاندا و پشتگیر و پاڵپشتی یەکتربن.

پێنجەم- رێگە خۆشکردن بۆ خۆکاندیدکردنی ژنان، کە ئەوەش مافێکی سەرەتایی خۆیانە.

پێویستە ژنان رۆڵ بگێڕن

لەپاڵ ئەمانەشدا پێویستە ژنان خۆیان رۆڵێکی باش بگێڕن، لە وەرگرتنی پلەو پۆستەکاندا، ئەمەش بە خۆکاندیدکردن و بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و پشتیوانی ژنان خۆیان بۆ ژنان و لە پشتی یەکتر بن.

هەموو وتارەکانی تاڤان سەرکەوت

سەرەکی