×

کاوە شێخ عەبدوڵا 08/10/2024 925 جار خوێنراوەتەوە

بافڵ دەبێ وەک خۆی قبوڵ بکرێ

حەفتەیەک زیاترە، بانگەشەکانی بافڵ تاڵەبانی هەر گەرموگوڕیی نا، بەڵکو مۆدێلێکی تاقینەکراوەی لە بانگەشە و وتاردان هێناوەتە ناو ژیانی سیاسی کوردستانەوە.

چ باش چ خراپ ئەمەیان خەڵک خۆی بڕیاریان لەسەر داوە، چ بەشێوازی قسە و دەربڕینەکانی، چ بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی. بەڵام ئەوەی بۆ من جێی سەرنجە مۆدێلێکی نوێیەو بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان نەبینراو و نەکراوە.
من بۆ خۆم ماف دەدەم بە بافڵ تاڵەبانی ئەو شتانە بکات، چونکە ئەو حزبەی کە بە میرات بۆ ئەم ماوەتەوە؛ لە 2006 ــەوە گرفتار و دەردەداری کێشە ناوخۆییەکانییەتی.

نەوشیروان مستەفا باڵێک و هەردوو لاقی لێکردەوە، د. بەرهەم ساڵح بەشی خۆی لێکردەوە، پاشان بەشێکیشی بەهۆی دەرپەڕاندنی لاهوور شێخ جەنگی چوونە حاڵەتی سستبوون و دانیشتنەوە.

هەروەها پارتیش بەئەندازە و بەپێی توانای خۆی، کاری لەسەر لاوازکردن و دەستەمۆکردن و پووکانەوەی پارچە بەجێماوەکانی نەوشیروان مستەفاو د.بەرهەم و لاهوور کردووە. ئەوەی دەیویست پێیدەکرد و ناوبەناو کادر و سەرکردەکانیشی دەبرد بەۆ خۆی. ئەوەی کە مابوویەوە بۆ مام جەلال و میراتگرەکانی، یەکێتییەکی نایەکێتی و لەتلەت، ترساو و پەڕوباڵکراوی شەرمن بوو.

حزبێکی ئاوا بەو هەموو برین و کەلەبەر و زامەوە، هەردەبێ بانگەشەکارێکی ڕاشکاو و دەنگڕ بە جووڵەی سەیر و چاوەڕواننەکراوەوە دەنگدەرەکانی بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئێستا یەکێتییەکی تر هەیە کە دەنگی بدەنێ.

بزووتنەوەی گۆڕانی لێدەرچێ هیچ حزبێک بە ئەندازەی یەکێتی پێویستی بە بانگەشەیەکی ئاوا گەرموگوڕ و نەبینراو نییە.

پارتی و بەتایبەت بنەماڵەی بارزانی، لە دوای شۆڕشی ئەیلوولەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لەگەڵ بەرکەوتنی کەس و دیارەی نوێی سیاسیدا هەیە.. مەلا مستەفا لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد..

پاشان ئیدریس و مەسعوود بارزانی لەگەڵ مام جەلال و نەوشیروان مستەفا.. ئێستایش مەسروور بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی..

بنەماڵەی بارزانی بە شێوازی خۆیان دەیانەوێ سیاسەت و سەرکردایەتیی بکەن، بەڵام لەناکاو دەکەون بەسەر هێزێکی نوێدا کە خۆی لە شەخسێکدا دەبینێتەوە، ئەو شەخسەش بە  "نەخێر" یان "نابێ"یەکی کتوپڕ دەکەوێتە ناو بازنەی ململانێکانەوە. 

لە هەردوو مۆدێلەکەی پێشوودا سەرەتا بە شۆک و حەپەسان و ڕەتکردنەوە ململانێکان دەستیپێکردووە، پاشان ملی کێشاوە بۆ شەڕ و خوێنڕشتن. عاقیبەت قبوڵکردن و مامەڵەکردنی واقیعیانە خۆی سەپاندووە.

خەڵکێکی زۆر هەن کە ترسی زۆریان لێنیشتووە بەهۆی ئەم بانگەشە توند و ناباوەی بافڵەوە، کوردستان دیسان گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ ببێتەوە. بەڵام دەبێ خەڵک ئەوە بزانێ کە ئەمەی بافڵ دەیکات بانگەشەی هەڵبژاردنە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی مۆدێرندا ئەو قسە و ڕەفتارانە نامۆ نین.

شەڕی ناوخۆ ئەگەرێکی زۆر دوورە چونکە ئێستا هەردوولایان خاوەن جوگرافیایەکی دیاریکراو و لەم جوگرافیایەدا مەسڵەحەتی زۆریان پێکەوەناوە.

دڵنیابن پاش دامرکاندنەوەی کەفوکوڵی بانگەشە و خودی هەڵبژاردن، هەردوولایان دەچنەوە سەر مێزێک و بە تۆمارکردنی چەند چرکەیەک پێکەنین بۆ تیڤییەکان، لەسەر دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان ڕێکدەکەونەوە.

نەوەی نوێی تاڵەبانییەکان و بارزانییەکان هەردوولایان بێجگە لە هێزی چەکدار و وزە مرۆییەکەی کورد، خاوەنی غازو نەوتی دەست بۆنەبراون. غاز و نەوت تەوەرە ڕاستەقینەکەی سیاسەت و دەسەڵاتن نەک چەند قسەیەکی زبر و توندی بانگەشەی هەڵبژاردن.

بۆ پارتی و پارتییەکان.. بۆ بنەماڵەی بارزانی باشتر وایە بافڵ تاڵەبانی وەک خۆی قبوڵکەن نەک وەک خۆیان بیانەوێ. بافڵ دیاردەیەکی نوێیە و هێزێکی بەخەبەر نەهاتووی لەبەردەستدایە.

بۆ ئەوەی هەرزوو ئەمیش بچێتە پاڵ ئەزموونەکانی باپیر و باوکی، دەبێ واقیعیانە قبوڵ بکرێ نەک بە رەتکردنەوەیەکی وا کە بڵێی تلیاککێشە و کاڵفام و هەرزەیە.

هەردوولا بەباوک و باپیرەوە هەموو ڕێگاکانیان تاقیکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە یەکتر. عاقیبەت ئەوەیە کەسیان تەواو نەبوون و بوون بە دوو پایەی ڕەگداکوتیو.

عاقڵ ئەوەیە زووتر دیاردە نوێکان قبوڵ دەکات نەک ئینکاریکردنێکی کوێرانە.


هەموو وتارەکانی کاوە شێخ عەبدوڵا

هەموو وتارەکانی کاوە شێخ عەبدوڵا

سەرەکی