ئارام عەلی عەزیز
16/10/2024
180 جار خوێنراوەتەوە
رێكخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
دوای تێپەڕبوونی ساڵێك ، نەتانیاهو لە ژێر ناوی «رێكخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» دا ئاگری جەنگەكەی گەیاندۆتە لوبنان و یەمەن و سوریا و ئیران و لە داهاتویەكی نزیكدا بە هاوكاری وڵاتانی كەنداو دەگاتە عیراق. توركیاش بە بڕیاری پەرلەمانەكەی پەلاماری نەتانیاهو بۆ سەر لوبنان بە مەترسیی و بەشێك لە ئەمنی قەومی خۆی دادەنێت. ئەردۆغان پێیوایە دوای دیمەشق، ئیسرائیل لە ژێر دروشمی «سەرزەمینی میعاد» بە پشتیوانی یەپەگە توركیا دەكاتە ئامانج، لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا بەرەی رۆژئاوای كوردستان زیاتر گەرم بێت.
ئێران، كە نەتانیاهو وەكو هەڕەشەیەك بۆ سەر ئیسرائیل وێنای دەكات، چاوەڕوان دەكرێت بە پشتیوانی ئەمریكا و خۆرئاوا پەلاماری دامودەزگا ئەتۆمیەكانی یان پەلاماری ژێرخانە پیشەسازیی و نەوتییەكانی بدرێت.
لەلایەكی دیكەوە ئێران، كە نەتانیاهو وەكو هەڕەشەیەك بۆ سەر ئیسرائیل وێنای دەكات، چاوەڕوان دەكرێت بە پشتیوانی ئەمریكا و خۆرئاوا پەلاماری دامودەزگا ئەتۆمیەكانی یان پەلاماری ژێرخانە پیشەسازیی و نەوتییەكانی بدرێت، ئێران پێدەچێت خۆی یەكلایی كردبێتەوە لە پێویستی روبەڕوبوونەوەی هەمە لایەنەی ئیسرائیل و پچڕاندنی هەموو پەتی پەیوەندیەكان لەگەڵ خۆرئاوا و ئەمریكادا، لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەكرێت كاردانەوەی سەربازی توندی هەبێت بەرامبەر بە هێرشی چاوەڕوانكراوی ئیسرائیل و بە كردنی «رزگاركردنی قودس» بە سیمبول ژمارەیەكی زۆری هێزی زەمینی لە عیراقەوە تا لوبنان و سوریا بخاتە جووڵەوە، بە پشتیوانی حەشدی شەعبیی و گروپەكانی دیكەی خاوەن دروشمی «یەكێتی گۆڕەپانەكان» و گەرووی هورمز دابخات، كە دەرگای سەرەكی گەیشتنی بەشێكی زۆری نەوت و وزەی ناوچەكەیە بە خۆرئاواو ئەمریكا و چین. چاوەڕوان دەكرێت ئەنساروڵای یەمەنیش كە گەرووی مەندەبیان لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، گەرووی مەندەب دابخەن، بەمەش بازرگانی و گواستنەوەی جیهان، بە تایبەتی بازاڕی وزەی جیهان دووچاری قەیرانێكی گەورە دەبێتەوە.
لەو سەروبەندەدا پێدەچێت بە پێی لێكدانەوەكان، وڵاتانی كەنداو بە هەماهەنگیی ئیسرائیل، پەلاماری عیراق و سوریا بدەن و بە دروشمی جیاجیای مەزهەبیەوە جووڵە بە هێزە سەربازیەكانیان بكەن، بە تایبەت بۆ سەر دیمەشق و نەجەف و كەربەلا. بەمەش عیراق دەبێتە گۆڕەپانێكی دیكەی جەنگەكە و هەرێمی كوردستانیش بیەوێ و نەیەوێت دەبێتە بەشێك لەو جەنگ و ململانێ و گۆڕەپانی لەشكركێشییەی وڵاتانی دەوروبەر، بە هۆكاری جیۆپۆلیتیكی جیاجیاوە.
ناوچەكەمان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەكو نەتانیاهو باسی لێوەدەكات لەسەر دووبارە رێكخستنەوەدایە، هەموو لایەك بەوپەڕی تواناوە خۆیان بۆ ئامادەكردووە و هەریەكەی خەریكی دانانی بەرنامە و پلانی سەربازییە بۆ چۆنیەتی خۆپاراستن و بەدەستهێنانی دەسكەوت لەو دووبارە رێكخستنەوەیەدا، بەڵام مایەی نیگەرانییە، كە كورد، بە تایبەت هەرێمی كوردستان و حزب و حكومەتەكەی مێش میوانیان نییە و بەیەك رستە، یان بە یەك كۆبونەوەش باس لەو رەوشە مەترسیدارە ناكەن و هیچ ئامادەكارییەكیان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو هەلومەرجە هەستیارە نییە، نە لەرووی سەربازیی و نە لە رووی هیچ ئامادەكارییەكی دیكەی ئاوارەتەوە، كە هەڵگیرسانی جەنگ دەیهێنێتە ئاراوە، لەو حاڵەتەشدا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دەبێت خۆیان مشوری دابینكردنی ئەرزاق و پێداویستی دیكەی ژیانی رۆژانەیان بخۆن و كوردستانیش ئەشكەوت و شاخ و داخ و، پەناگەی زۆرە بۆ خۆپاراستن، خوا كوردستان دەپارێزێت ئینشائەڵڵا.
|