روشەن چەکر
10/11/2024
501 جار خوێنراوەتەوە
ئەو 20 پرسیارەی دەمەوێت لە ئۆجالان بپرسم
پڕۆسەیەکی بێناو لە تەوقەکەى دەوڵەت باخچەلییەوە لەگەڵ دەم پارتییەکان دەستیپێکرد، هێشتا کەس لە بوونی پڕۆسەیەک دڵنیا نییە. یەک لە گرنگترین ئاکتۆرەکانی پڕۆسەکە عەبدوڵا ئۆجالانە، بێگومان هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە و دەم پارتی لەسەر پرسی پەکەکە و چارەسەری کێشەکان ئاماژە بە گرنگی رۆڵی ئۆجالان دەکەن.
لەم سۆنگەیەوە هەڵگرتنى گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و گوتەکانی بۆ قەندیل و بۆ رایگشتی دواڕادە گرنگە.
وەک رۆژنامەنووسێک، کە لە مانگی ئایاردا، دەبێتە چلەم ساڵی پیشەی رۆژنامەوانیم. دەخوازم چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەم. ئومێدەوارم بە جۆرێک ئەو دەرفەتە بڕەخسێت. لەم قۆناغەدا بە ئاستەم دەبینرێت، بەڵام بە خۆم دەڵێم هێشتا دیار نییە چی دەگوزەرێت و پرسیارەکان بە خەیاڵمدا دێت، لێرەدا بیست لەو پرسیارانە دەنووسم.
هەموو پرسیارەکانم جگە لە هەڵبژاردنەکەی ئیستەنبوڵ لە ساڵی 2019، پرسیارەکانی دیکەم لەبارەی ئێستا و داهاتووە.
بێگومان وەک رۆژنامەنووسێک دەمەوێت لەسەر تەواوى ژیانی ئۆجالان گفتوگۆ بکەم، بەڵام سەرنج دەخەمە سەر ئەو تەوەرانەى کە بۆ ئێستا و ئایندە گرنگ بێت.
1-لەپاش 43 مانگ بۆ یەکەمجار لەگەڵ برازاکەت عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەى رووها دیدارتان ئەنجامدا.
لە پاش ئەو دیدارەش، گۆشەگیریی لەسەرتان بەردەواممە. لەو دیدارەدا راتانگەیاندبوو، ئەگەر هەلومەرجەکە بڕەخسێت ئەوا تواناى ئەوەم لە دەستدایە ئەم قۆناغەی ئێستای شەڕ بۆ زەمینەیەکی سیاسیی، یاسایی لەڕووی تیۆری و پڕاکتیکییەوە بگۆڕم. سەرەتا مەبەستان لە هەڵگرتنى گۆشەگیری چییە؟
2-دووەم پرسیارم لەبارەى ئەوەیە ئاماژەتان بەوەداوە هەلومەرجەکان بڕەخسێت، مەبەستان لەمە چییە؟ بەدەر لە هەڵگرتنى گۆشەگیری، چ رێکارێکی دیکە بۆ رەخساندنى هەلومەرجەکان بگیرێتەبەر؟
3-کاتێک باست لە گۆڕانی قۆناغی شەڕ بۆ قۆناعێکی سیاسیی و یاسایی کرد مەبەستان لە چەکدانانی پەکەکە بووە؟
4- بەگوێرەى هەواڵەکەی رۆژنامەنووس ئەمبەرین زەمان لە مۆنیتەر، ئایا ئێوە پەیوەندیتان بە سەرکردەکانی قەندیلەوە کردووە و بڵێن کاتی ئەوە هاتووە چەکەکانتان دابنێن و رێککەوتن بکەن. کاتێک ئەوانیش پرسیاری ئەوەیان کردووە چۆن بڕیار لەسەر ئایندەى خۆیان بدەن، ئێوە بە توڕەییەوە تەلەفۆنەکەتان داخستووەتەوە. ئایا ئەمە راستە؟
5-ئایا ئەوە راستە سەرەڕای ئەوەی گۆشەگیری لەسەر ئێوە هەیە، بەرپرسانی دەوڵەت بەشێوەیەکی بەردەوام دیدار لەگەڵ ئێوە ئەنجام دەدەن؟
6- لە ساڵی 2019 پێش دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ئیستەنبوڵ، لەڕێى پارێزەرەکانتەوە داواتان کرد هەدەپە بێلایەن بێت.
سەرەڕای بانگەوازەکەى ئێوە دەنگدەری هەدەپە پابەندەى بانگەوازەکەى سەڵاحەدین دەمیرتاش بوون، کە لە زیندانەوە داوای کرد پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بکەن، بینیمان دەنگیان بە ئیمامئۆغڵو دا. لەمڕۆدا ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەوکاتە بکەیت چی دەڵێیت؟
7-بۆچوونت چییە لەسەر ئەو دەنگۆیانەى لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش دەگوترێت، بەوەى وەک رکابەر و سەرۆکێک لە بەرامبەر بە ئێوە دەبینرێت؟
8-هەڵسەنگاندنتان بۆ گوتەکانى دەوڵەت باخچەلی چییە؟ تاوەکو چەند جێگەى سەرنجی ئێوە بوو؟
9-پێتان وایە جیاوازییەک لەنێوان دەولەت باخچەلی و سەرۆککۆماردا هەبێت؟
10-ئایا ئێوە بە راستی دەتانەوێت لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتیدا لە پەرلەمان گوتار پێشکەش بکەن؟ ئەگەر دەتانەوێت لەوێدا چ شتێکی گرنگ دەڵێن؟
11-پرسی کورد لە پرسێکی ناوچەیی بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی، رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە پێتان وایە پەکەکە بچێتە هاوکێشەیەکەوە لەدژى تورکیا بێت؟
12-ماوەیەکی زۆرە پژاک چالاکییەکانی لەدژى ئێران وەستاندووە، پێتان وایە لە داهاتوودا پژاک بچێتە هاوکێشەیەکەوە ئێران نیگەران بکات؟
13-پارێزگاریکردن و هاوکارییکردنی پەیەدە و یەپەگە لەلایەن ئەمریکاوە، زۆرجار بە هاوکاریکردنی پەکەکە لە قەڵەم دەدرێت، ئایا ئێوە لەوبارەیەوە نیگەرانیتان هەیە؟
14-ئایا رێگەتێچووە رۆژاڤای کوردستان فۆڕمێک بدۆزێتەوە تاوەکو نیگەرانییەکانى ئەنقەرە لەئارادا نەهێڵێت؟
15-ئایا ئێوە بە تەنها دەتوانن قەناعەت بە سەرکردەکانى قەندیل بکەن تاوەکو چەک دابنێن؟
16-لەکاتی چەکدانانی پەکەکە، پێتان وایە داهاتووى ئەندامان و سەرکردەکانی پەکەکە چی دەبێت؟
17-لەم روانگەیەوە بۆ داهاتووی خۆت چ ئومێدێکتان هەیە؟ بۆچوونت لەسەر گوتەکانى باخچەلی چییە کاتی باسی مافی ئومێدی بۆ ئێوە کرد؟
18-لە دوا پڕۆسەی ئاشتیدا هۆکاری پەککەوتنى پڕۆسەکە چی بوو؟ ئەگەر پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتەوایی بێتەئاراوە چی بکرێـت تاوەکو هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە؟
19-لە تەواوى ئەو پڕۆسانەى باسمان کرد، جەهەپە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان چ ئەرکێکیان لەسەرشان دەبێت؟
20-هەڵبژاردنەوەى دۆناڵد ترەمپ، چ رۆڵێکی لەسەر پرسی کورد لە تورکیا دەبێت یان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر پرسی کورد باش دەبێت یان خراپ؟
سەرچاوە: پێگەى مێدیاسکۆپ
10ى تشرینی دووەمی 2024
|