×

ئارام عەلی عەزیز 13/11/2024 108 جار خوێنراوەتەوە

ترەمپ دێتەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

باشترین بژاردەی هەڵسانەوە و «رزگاركردنی ئەمریكا - Save America»، كە ترەمپ بانگەشەی بۆ دەكات، گەڕانەوەی ئەمریكایە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بەهێزترین بیانوش بۆ ئەم مەبەستە پاراستنی ئیسرائیل و پشتیوانیكردنی پرۆژەی رێكخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە،  كە نەتانیاهۆ لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە دەستی داوەتێ و جەنگەكەی گەیاندوەتە لوبنان و یەمەن و سوریا و ئێران و خەریكە هەموو  ناوچەكەش دەگرێتەوە.

دوور نییە دۆناڵد ترەمپ لە رێگای جێبەجێكردنی مەرجەكانی پوتین و گوشارخستنە سەر زیلینیسكییەوە جەنگی ئۆكرانیا بوەستێنێت ترەمپ لە میانی وتارێكیدا لە واشنتۆن لە سێپتەمبەری رابردوودا وتی: «ئیسرائیل لە كێشەیەكی گەورەدایە» و ئەگەر ئەو سەرنەكەوێت «لە سەر رووی زەمین دەسڕدرێتەوە».  نەتانیاهۆش لە تویتێكدا وەك پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكەی نوسیویەتی: «پیرۆزباییمان بۆ مەزنترین هاتنەوە لە مێژوودا» وەكو ئەوەی «فریادڕەس» هاتبێتەوە و «هەیكەل»ی بنیات نابێت، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ قسەكەی پێشتری ترەمپ كە بەڵێنی دروستكردنی هەیكەلی لە قودس دابوو.

ترەمپ دەیەوێت بە بیانووی پاراستنی ئیسرائیل بێتەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئومێدی رزگاركردنی وڵاتەكەی، نەك شتێكی دیكە، لە وتاری سەركەوتنیشیدا وتی: «خودا منی پاراست تا ئەمریكا رزگار بكەم» راشیگەیاند: «بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی ئیسرائیل دەكەین بۆ سەركەوتن لە جەنگەكەیدا دژ بە تیرۆر»، تۆمەتباركردنی ئێرانیش بە هەوڵی كوشتنی ترەمپ سەرەتای پلانەكەیە، كە لە رووی ستراتیجیەوە كۆدەبێتەوە لە گەورەكردنی جەنگەكە لە رێگای هێرشكردنە سەر سوریا و عیراق و ئێران، بە پلان و سیناریۆی جیاواز و بە یەكدادانی گلانی ناوچەكە لە ژێر ناوونیشانی جیاجیا. بەریتانیا، فەرەنسا و میسر و عەرەبستانی سعودیە و  ئوردن و دەوڵەتانی كەنداویش پاڵپشتی ئیسرائیل و ئەمریكان لەو جەنگەداو لەو رووەوە ئامادەكاریی سەربازیی و لۆجستیی پێویستیان كردووە.

وا پێدەچێت ئەردۆغانیش سات و سەودایەكی پراگماتیكانە لەگەڵ ترەمپی «دۆست»یدا بكات ، وەكو لە زمانی پیرۆزبایی كردنەكەیدا دیارە، لە رێگای واڵاكردنی دەستی توركیا لە رۆژئاوا و هەرێمی كوردستاندا، بەرامبەر بە دووركەوتنەوەی لە بەرەی ئێران، بەڵام پێناچێت ئەم عەشقەیان تا سەر بەردەوام بێت.

لە لایەكی دیكەوە، دوور نییە ترەمپ لە رێگای جێبەجێكردنی مەرجەكانی پوتین و گوشارخستنە سەر زیلینیسكییەوە جەنگی ئۆكرانیا بوەستێنێت و سازش لەگەڵ بەرەی روسیا و چیندا بكات، لەبەرامبەر دژایەتی نەكردنی پلانەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا (لەو بارەیەشەوە ئەگەر هەیە روسەكان لەگەڵ ئەمریكا پێكبێن و پشت لە ئێران و هاوپەیمانەكانی ئێستایان بكەن).

بەكورتی ئەمریكا لە لێواری ئیفلاسبوون و داڕمان و، ئیسرائیلیش لە نێوان مان و نەماندایە، بۆیە دەیانەوێ‌ بە جەنگێكی گەورە یان خۆیان رزگار بكەن و ببنە ئیمپراتۆری جیهان، یان هەموو جیهان لەگەڵ خۆیاندا بسوتێنن، بەڵام ئەو هۆكار و مقەوماتەی، كە لە یازدەی سێپتەمبەرەوە بوەتە هۆی سەرنەكەوتنی پرۆژەكانی ئەمریكا لە تەواوی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر ماوە، بگرە دوای حەوتی ئۆكتۆبەر بەهێزتریش بووە، بۆیە پێناچێت ئەمریكا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانیان سەركەوتوو بن. مردووش زیندوو ناكرێتەوە، مەگەر بە حەزرەتی یەسەع نەبێت.

 

هەموو وتارەکانی ئارام عەلی عەزیز

هەموو وتارەکانی ئارام عەلی عەزیز

هەموو وتارەکانی ئارام عەلی عەزیز

هەموو وتارەکانی ئارام عەلی عەزیز

هەموو وتارەکانی ئارام عەلی عەزیز

سەرەکی