هاوڕێ تۆفیق
16/11/2024
92 جار خوێنراوەتەوە
سزاکانی سەرژمێریی چین؟
لە ماوەی دوو هەفتەی پێشوودا ،پاش بێنەو بەرەیەکی زۆر ،گفتوگۆی گەرم و دانوستانی بەردەوام لە نێوان هەرێم و عێراق، بەشێکی باش لە داواکارییەکانی هەرێم جێبەجێکران، جگە لە یەک خاڵیان نەبێت ، هەرێم ئەیویست کە بە گوێرەی کارتی نیشتمانی ، هاوڵاتیان لەسەر شوێنی ئەسڵییان تۆمار بکرێن، نەک ئەو شوێنەی کە لەرۆژی سەرژمێری لێی ئەبن و پاشان لیژنەی هاوبەشی عێراق و هەرێم هەڵبستن بە بەراوردکردنی داتاکان و ناوەکان بگەرێننەوە بۆ سەر شارەکانیان ، لە کۆتایدا لەگەڵ هەندێک دوو دڵی ،هەرێم یەکلایی بوە کە لە رۆژانی 20 و 21 ی ئەم مانگە، بەشداری سەرژمێری گشتی ئەکات .
لە راستیدا رۆژانی کەم ماون بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، هەقی خۆی بوو کە هەڵمەتێکی میدیایی باشی بۆ بکرایە، بەڵام بەهۆی دوو دڵی حکومەتی هەرێم لە بەشداریکردنی سەرژمێری و بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، هیچ گرنگیەکی میدیایی پێنەدراوە . بۆیە خەڵکی پرسیاری زۆری هەیەو چاوەڕێی وەڵامن، پوختەی سەرنج و زانیارییەکان:
1: ماوەی ڕۆژانی سەرژمێری(15) پانزە ڕۆژە، نەک(2)دوو رۆژ.
بەروارەکانی20 و 21 ی ئەم مانگە کە کراون بە پشووی رەسمی و قەدەغەی هاتوچۆیە. ئەو دوو ڕۆژە تیمی ژمێرکار، تەنها زانیاری سەرەکی ژمارەی خەڵک و خێزان تۆمار ئەکەن، باقی 13 رۆژەکەی تر، تەواوی زانیاری فۆرمی ئەلکترۆنی سەرژمێری تۆمار ئەکەن.
2: ئەو هاوڵاتیانەی لەو دوو رۆژەدا لە کارو خزمەتن و ئێشکگرن وەکو کەرتەکانی پزیشکی و سەربازیی و ئەمنی و میدیایی ، ئەو هاوڵاتیانە ئەتوانن کارتی نیشتمانی خۆیان لەلای خێزانەکەنیان بەجێبهێڵێن و بێ دوو دڵی ،تیمی سەرژمێری تۆماریان دەکەن.
3: بۆ ئەوانەی لەو رۆژەدا خۆیان، یان پێکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەرەوەی وڵاتن، بەهۆیەکانی گەشتکردن و بازرگانی و چارەسەری پزیشکی ، ئەوانیش بەهەمان شێوە ئەتوانن کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری لەلای ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکەنیان دابنێن، بۆ نمونە لەلای ماڵی خوشک، برا، دایک و باوک، ئەوانیش تۆمار دەکرێن.
4: ئەگەر بەهەر هۆیەک رۆژی سەرژمێری تۆمار نەکرایت، مافی وڵاتنامەت لێ وەرناگیرێتەوە (جنسییە) .
5: بۆ ڕەوەندی کوردستانی و عێراقی کە بە دونیادا بڵاو بونەتەوە، ئەوانیش هاوشێوەی ناوەوەی وڵات پاش سێ مانگی تر ،لەرێگای کونسوڵخانەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات تۆمار ئەکرێن و هیچ بەدگومانیی و دوو دڵییەکی ناوێت. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە، بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە 32 ی ساڵی 2023 مادەی (12) برگەی یەکەم ، دەبێت هاوڵاتی عێراقیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات ئەوانیش سەرژمێری بکرێن .
6: بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە (32) ی ساڵی 2023 مادەی (11) پێویستە پاش (11) ساڵی تر سەرژمێری دانیشتوان بکرێتەوە و بۆهەر (11) ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێت.
7: خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی تری مادەی 140 پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆتان، بەگەرانەوەتان گەرەنتی پاراستنی ناسنامەی مێژوویی شارەکەتان دەکەن.
سزاکانی سەرژمێری چین ؟
لەرووی قانونیەوە پرۆسەی سەرژمێری بە دوو قانون رێکخراوە، قانونی سەرژمێری دانیشتوان ژمارە (40 )ی ساڵی 2008 و هەموارەکەی لەگەڵ قانونی دەستەی ئاماری عێراق ژمارە (32 )ی ساڵی2023 ئەمەی دووەمیان قانونێکی زۆر گرنگ و سەرەکیە ، لەو قانونەدا هاوڵاتی پابەندکراوە کە دەبێت بەشداری سەرژمێری بکات و بە پێچەوانەوە سزای قورسی زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی هەیە، سزاکان بەم شێوەیەن؛
1: ئەگەر هاوڵاتی ڕێگریکرد سەرژمێری بکەن ،بە گوێرەی یاسای دەستەی ئامار ژمارە(32) ی ساڵی 2023 مادەی (18 ) برگەی (چوارەم) ، سزا ئەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و سزادانی دارایی کە لە (3) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
2: ئەگەر هاوڵاتی زانیاری درۆی بە مەبەست پێشکەشکرد، بەگوێرەی هەمان قانون ، پاڵپشت بە مادەی (19) برگەی (یەکەم) هاوڵاتی زیندانی ئەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە (7) ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی کە لە (5) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (10) ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.
تێبینی یاسایی:
هەموو هەو قانونانەی کە لە پەرلەمانی عێراقی دەرئەچن، ئەبێت پەرلەمانی کوردستان بۆ کارپێکردنیان لە هەرێم دەنگی پێ بدات. هەرچەندە لەو ماوەیە پەرلەمان هەڵوەشاتەوە، بەڵام پرۆسەی سەرژمێری گشتگیر و نیشتمانی و فیدراڵییە .
|