لەتیف فاتیح فەرەج
19/11/2024
71 جار خوێنراوەتەوە
کەرکوک وەک دەردی دەردان
لەکاتی ئاسایدا دەبینی کەرکوکیەکان توڕەن، ڕەخنەدەگرن، لەوبارودۆخەی هەیە قەڵسن، کە تەنگانە دێتە پێش، کە کوردستان و کورد وکەرکوک پێویستی پێیان دەبێت هەموو شتێک لەبیر دەکەن، یان باشترە بڵێین لەو دووتوێی خەمەکانی خۆیاندا هەڵیدەگرن و دەڵێن واچاکە جارێ لەوە گەڕێین و ڕۆژی هیمەتە.
لەم ڕۆژانە چەند دۆستێک نامەیان بۆ ناردم کە پشتگیری گەڕانەوەی خەڵک بکەم بۆ کەرکوک بۆ ئەوەی بەشداری سەرژمێری بکەن، بەیەکێک لەهاوڕێکانم گوت، بۆ ئەوە بکەم لەکاتێکا، خەمی مادەی 140 نەخورا، پڕۆژەی هاوبەشی چارەسەری کێشەی کەرکوک نیە، زۆرێک بەناوی حزبەوە کەرکوکیان دۆشی و پشتیان تێکرد، برادەرەکە وەڵامی نەدامەوە، وەک بڵێی پێمبڵێ کاتی ئەوقسانە نیە، دواتریش من ماوەیەکی زۆرەو لەمێژە لەسەر خەم و ئازاری کەرکوک دەنوسم ، وتم ئێ ناکرێ ئەمجارەش پشتی تێبکەین، لەو شارەی لەزەرەر زیاتری لێنەداوم خێرا ناسنامەو شتەکانم بردو بڕیارم دا ئێمەش سەری خۆمان بژمێرین، بەڵام گەلۆ کەرکوک پێویستی بەچارەسەری ڕیشەیی هەیە، دەنا ئایندەی کەرکوکیش وەک حەویجە باشتر نابێ، حەویجە ڕۆژگارێ هەموو ناوبازاڕەکەی بەدەست کوردەوە بوو ئێستا سێ چوار دواکان ماون، ئەوانیش متەقیان لەخۆ بڕیوە نەکو دەریانکەن.
ڕاستە ئێمە باسی پێکەوەژیانی ئاشتیانەو یەکتر قەبوڵکردن دەکەین، لێ هێشتا ئەوی تر وابیر ناکاتەوە، کێ گۆێ لەپەیامی موکەڕەم تاڵەبنی دەگرێت کەدەڵێ ڕۆژگارێ کەرکوک عەرەبی تیانەبووە، لەو سلێمانیە پرسیاری ماڵێکمان کرد، ئەوەی پرسیارمان لێکرد عەرەب دەرچوو، مامۆستا جەمال نەبەز لەکەرکوک مامۆستا بووە، ناڵێ لەدوا ناوەندی عەرەب نەبوو دەڵێ کوردو تورکمان هەبوون، ئێستاچی؟.
چوارسەت بۆ پێنجسەت هەزار ئاوارەی عەرەب لەکەرکوک خۆ تۆمار دەکەن زۆرێکیان خانویان کڕیوە، یان سەرپێچی و تەجاوزیان کردوە، سبەی ئەو شوێنە وەک موڵکی خۆیان تۆمار دەکەن، ئەسڵ پڕۆژەی عێراق هەر کەرکوک نیە ئەو چاوی لەهەولێرو سلێمانی و دهۆکیشە، ئەمە میلییش کراوە، واتە هاوڵاتی شیعەو سونەی عەرەبیشی بۆ سازدراوە،خەمەکە ئەوەیە، بۆیەدەبێت عیلاجی ڕیشەیی بدۆزینەوە، من هاوارم بۆ دوای سەرژمێریە، کێ دەڵێ ئەوەی باسی سەرژمێری 57 دەکات وەک بنەما سبەی وەک حوشتر مل سەری خۆی ناشارێتەوە.
ئەمەریکیەکان لە2007 بۆ دەساڵ جێبەجێکردنی مادەی 140یان دواخست، دوای دەساڵڵەکە حەشر درووست بوو، ئەی ئێستا چی، هەقە کورد لەوبارەیەوە برینەکانی خۆی بەرێتە بەردەم ئەمەریکاو دنیا، چ نادادیەک دەگوزەرێ، نیوە دوورگەی ڤارۆ دەوڵەتەو کوردیش مافی ئەوەی نیە خۆخاوەنیشی لەناو دەوڵەتی کۆڵۆنیالدا هەبێت.
کەی ئەم کۆڵی سیزیفە دادەنەین و ئیدی ترسی ئەوەمان نابێت غلۆر بێتەوە، وەک شانۆیەکەی ئەو بابا کوردەی تاکۆڵەکەی دەبردەوە سەر قەڵای کەرکوک دایکی غلۆر دەبوەوە، تادایکی دەبرد کۆڵەکە، تا ئەو کاتەی ئۆتۆمیلێکی عەرەبی تەعریب لێیداو کوشتی، دواساتی بەر لەمەرگی یەکجاری چاوی لەسەر غلۆربوونەوەی دایکی بوو.
|