ئیسماعیل حەمە
26/11/2024
772 جار خوێنراوەتەوە
مێژووی جووەکانی کوردستان
دەمێکە لەدووی ئەم مێژووەم، زۆر شتم لەبارەی ئەم نەتەوە بیستوو خوێندۆتەوە، لەزۆر سوچ و کۆڵان و گۆشەو ڕۆژنامەو ....تادەگاتە تەورات گەڕام.
تادواجار کتێبێکم دەستکەوت کە یەکێک لەنەوەی جووەکانی هەڵەبجەیەو ئێستا دانیشتوی ئیسرائیلە ئەم کتێبەی نوسیوە.
کتێبەکە لەڕێگەی چاوپێکەوتن و نوسیننەوەی مێژووی دەماودەمەوە تۆمارکردووە..
کتێبێکی دەوڵەمەندە بەدەیان وێنەو بەڵگەنامەو ناونیشانی کەسایەتیە جووەکانی(هەڵەبجەو سلێمانی و کۆیەو پێنجوێن...)
کتێبەکە هەندێک حەڤیقەت و هەندێک هەڵەی مێژووی تێدایە..
بەکۆچە مێژووییەکەی جووەکان لەقەفقازەوە دەستپێدەکات بۆکوردستان، باسی ئەو ناڕەحاتی و دەردیسەریانە دەست پێدەکات کەسنوری چەندین وڵاتیان بڕیوە بۆئەوەی بگەنەوە ئیسرائیل...
لەیەکێک لەپەرەگرافەکاندا دەڵێت کۆچەکە لەقەفقازەوە بۆ ئیسرائیل بووە، بەڵام ئینگلیزەکان ڕێگریان کردوون...
نوسەری کتێبەکە ناویשאול אלעזר شاول ئیلعازەرەو ئەوکاتەی جووەکان هەڵەبجەیان جێهێشتووەو گەڕاونەتەوە هەڵەبجە تەمەنی تەنها شەش ساڵ بووە.
لەڕێگەی گێڕانەوەکانی نەکی و مڵم نوری و کەسانی دیکەوە چەندین چیرۆکی ناخۆش و خۆش دەگێڕێتەوە، کەلەسەر دەستی بنەماڵەی بەگەکانی هەڵەبجەو میرەکانی بابان و گوندنشینەکانی قەرەداخەوە بەسەریان هاتووە....
سەبارەت بەجووەکانی قەرەداخ دەڵێ: جووەکان کاتێک لەباکورەوە کۆچیان کردو بەرەو خاکی کۆزار. هەندێکیش دەڵێن لەئەنجامی شەڕوکوشتارێکی نێوان جووەکان ونەتەوە موسڵمانەکانی قەفقازەوە کۆچیان کرد هەندێکیان چوونەوە ئیسرائیل 40 خێزانیشیان بەرەو ناوچەی قەرەداخی کوردستان هاتن..
هەروەها دەڵێ ناونانی قەرەداخ هەمان ناوی ئەو شارەیە کە جووەکان لەقەفقاز لێی ژیابوون....
کتێبەکە 358 لاپەڕەو دەلاپەڕەیەکی نەخشەو بەڵگەنامەی کۆڵان و ماڵ و کەنیشتەکانی جووەکانە لەهەڵەبجەو سلێمانی...
سەرەتای کتێبەکە بەمێژووی کۆچەکە دەستپێدەکات بۆکوردستان،
پاشان باسی هەڵوێستی هەندێک کاربەدەستی بەگەکانی هەڵەبجەو میرەکانی بابان دەکات کەچۆن تەماحیان لەکیژوو ژنەشۆخەکانی جووەکان کردووەو ڕفاندوونیان، یان بەزەبری هێز داگیریان کردوە.
لەلاپەڕە 24و 27 باسی ڕوداوی لەو شێوەدەکات، کەحامی بەگ ژنێکی بەناوی حەلاو کەجوویەکی دانیشتوی هەڵەبجەبووەو مێردی هەبووە، چۆن بەزۆر داگیری کردوەو بەمێردەکەی تەڵاق داوە...
وێنەی حەلاوخان و حامی بەگ لاپەڕە 29 دانراوە...
بەهەمان شێوە لەلاپەڕە 41و 42 باشی چیرۆکێکی تەماح بازی یەکێک لەشازادەکانی بابان دەکات بۆسەر کچە جووەیە!!!
باسی هەڵهاتنی کچەجووەکەدەکات، لەهەڵەبجەوە بۆ شاری کەرکوک...
لەلاپەڕە 128و 129 چیرۆکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، کەچۆن کوردێک تەماحی لەژنەجوویەک کردووەو داوای کردووە شووی پێبکات و کچەش ئینکاری کردووەو وتویەتی من مێردم هەیە، دواتر بەزۆر ژنەی داگیرکردووە، دواتریش کابرا چۆتە لای خەیاتێک جلی زاوایەتی بۆبدورێت، کابرای خەیاتیش مێردی ژنەکەبووەو لەترساندا هیچی نەوتوە، بەڵام ئەم گۆانییە بۆ وتوە کەدەڵێ
( ئامینێ تاقانەی دایە، سەد بریا مێردت نەبوایەم...)
لەلاپەڕە 203 دەڵێ لەشارەکانی دیکەی عیراق چونە ژوورەوەی جووەکان بۆناو چاخانەو کافێکانی شیعەو عەرەبەکان قەدەغەبووە.
لەلاپەڕە 234 دەڵێ بزووتنەوەی زایۆنیزم بۆیەکەمجار لەشاری کەرکوکەوە سەری هەڵدا.
لەلاپەڕە 244 دەڵێ جووەکان دەیان ویست عیراق و کوردستان بەجێبهێڵن، بەهۆی ناهەموواری دۆخی ژیانیان، لەمکاتەدا بازرگانەکان و دەوڵەمەندە جووەکان دەیانویست بچنە ئێران و لەوێ وە بچنە ئیسرائیل، لەلایەن قاچاخچیە هەڵەبجەییەکانەوە؟بەقاچاق دەبرانە ئیران و سنوری پاوە، هەندێکیشان لەڕێگە دەکوژران، نمونەی جوویەکی بازرگان دەهێنێتەوە کەلەسنوری بەحیری سیروان و ناۆچەی نەورۆڵی گوژراوە.
لەلاپەڕە 245 بەهەمان شێوە دەڵێ قاچاخچیەکی هەڵەبجەیی سێ بازرگانی دەوڵەمەندی جوو دەکوژێت، لەڕێگەی هەڵەبجە پاوە.
دواتر دەڵێ لەلایەن بزووتنەوەی زایۆنیزمەوە ئەو هەڵەبجەییە کوژراوەو ئەمە یەکەمین تۆڵەسەندنەوەیە کەئەم ڕێکخراوە ئەنجامی داوە.....
کتێبەکە پڕپڕە،لەڕووداوی جۆراوجۆرو ئەوەی خوازیاری ئەم بەسەرهاتانەیە دەتوانێ سوودی لێوەربگرێت...
هیوادارم بتوانم و دەرفەتم هەبێ بەشێکی دیکەتان لەسەرئەم کتێبە بنوسم.
|