لەتیف فاتیح فەرەج 04/01/2025 251 جار خوێنراوەتەوە

ئاشتی سەردەگرێت ئەگەر

پەیامەکەی ئاپۆ ئەوەی لە 28ی مانگی دوازدەی ساڵی بەرێدا ناردویەتی جا حەوت خاڵ بێت یان پتر زۆر ڕونە، ئەویش ئەوەیە ئیتر دەبێت ئاشتی بەرقەراربێت، ئەم پەیامە کە هەریەک لە سری سورەیائۆندەر و پەروین بۆڵدان هەر یەک بەجۆرێ ئاماژەیان پێداوە هیچ گرێ و گۆڵێکی تیا نیە، هەڵبەت پەیامەکانی دە دوازدە ساڵ لەمەوبەری ئاپۆش هەر وەسا بوون، ئەوە دەوڵەت بوو دوای زریپۆش و دەبابەی گەیاندە ناو کۆڵانەکانی جزیرە و شارەکانی دیکە، دەوڵەت بە دانانی قەیوم سوکایەتی بەخۆی و بە دیموکراسیە درۆزنانەکەی خۆی دەکات.

ئاپۆ لە دیداری سێ سەعاتی خۆیدا لەگەڵ نوێنەرانی دەمپارتی بەڕون و ڕەوانی بە خەڵکی تورکیا و بەجیهانی گوت، کورد هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەیە، بەمەش دوپاتی ئەو ڕاستیەی کردەوە کە کورد شەڕیان ناوێت و ئەوەی هەمیشە چاوی لەشەڕە وەک چارەسەر ئەوی دیکەیە، ئەوی دیکە کە هاوزەمان لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئاشتی لە تورکیا دەکات، لە ڕۆژئاوا و باشور بۆمب دەبارێنێ و کوشت و بڕ دەکات.

ئەوەی زۆر گرنگە لەو بابەتەدا ئاماژەی پێبکرێت، ئەوەیە کە پەیامەکەی ئیمرالی هەرزۆر زوو لەلایەن قەندیل و گەجەکەوە پشتگیری کراو لەناوخۆی تورکیاش وێڕای پشتگیری دەمپارتی لایەنگەلی دیکەش خوازیاری سەرگرتنی پڕۆژەکەن،  لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێشدا هەردوو نوێنەری دەمپارتی بۆ ئیمرالی لەسەر داوای ئۆجالان ئەگەر تەگەرەی تێنەخرێت هاوڕێ لەگەڵ سیاسەتمەداری دیاری کورد ئەحمەد تورک سەردانی لایەنە سیاسیەکان دەکەن.

ئاشتی کاتێک بەتەواوەتی دێتە دی کە کۆی دەسەڵاتدارانی تورک و دەوڵەتی قوڵ و گورگە بۆرەکان بڕوایان پێی هەبێت، جگە لەوەش تورکیا دەبێت دەست لە پەلاماری سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبگرێت و ئەوەندەش گەلە کۆمەی سەربازی نەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرەتایترین هەنگاوی نیاز پاکیە، ئایە ئەوە دەکات، دەبێت هەموو لایەک چاوەڕێ بین.

تورکیا دەزانێ بۆ ناوچەکە دیزاینێکی نوێ بەڕێوەیە، بۆیە ئەرکی ئەوە ئەرێنی وەڵامی پەیامی ئاپۆ بداتەوە، بێگومان لەوەشدا سەرکەوتو نەبوو کە ئیمرالی و قەندیل و دەمپارتی لەیەکتر بترازێنێ، ئەمەش خاڵێکی گرنگە، حکومەتی ئێستای تورکیا لەدەرەوەو ناوەوە خاڵی لاوازی زۆرن، لەناوخۆ کێشەی ئابوری شکانی لیرەی تورکی، جیاوازی ئایدۆلۆژی و جیابوونەوەی بەردەوام لە ئاکەپە،، هەروەها پاشەکشەی جەماوەری ئەو حزبە لە هەڵبژاردنەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ئەو زیاتر پێویستی بە ئاشتیە، وێڕای شەڕفرۆشتنی بەردەوامیش بە ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا تا ئێستا لەسەر ڕێگەی ڕاستی سەرکەوتنە، هەڵبەت بە پاڵپشتی هاوپەیمانان.

ئێمە لە ساڵی تازەدا چاوەڕوانی ئاشتی و سەرکەوتنی دۆزی کورد دەکەین.

هەموو وتارەکانی لەتیف فاتیح فەرەج

هەموو وتارەکانی لەتیف فاتیح فەرەج

هەموو وتارەکانی لەتیف فاتیح فەرەج

هەموو وتارەکانی لەتیف فاتیح فەرەج

هەموو وتارەکانی لەتیف فاتیح فەرەج

هەموو وتارەکانی لەتیف فاتیح فەرەج

سەرەکی