سەردار عەزیز
20/01/2025
266 جار خوێنراوەتەوە
دونیای پیاوە پرتەقاڵییەکە
ئێستا شەوێکی ساردە لە واشنتۆن. کە ڕۆژ دەبێتەوە دونیا دەگۆڕێت. پیاوێک بە ڕەنگی پرتەقاڵ دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکێکی سپی. بایدن هەرزوو لە بیر دەچێت. بەڵام ترەمپ دەبێتە دیاردە. لە مێژوی ئەمریکادا مەگەر ئەندو جاکسۆن وەهابوبێت.
چەمکێک کە سەریهەڵداوەتەوە لە گەڵ گەڕانەوەی ترەمپدا، چەمکی کۆرت-ە. ئەم چەمکە زیاتر بە مانای دیوان یان دێوەخان دێت. هەرچەندە دێوەخان گونجاونیە، چونکە دێوەخان شوێنی میوانە نەک دەستوپێوەند. چەمکی کۆرت، بەمانای ئەوەی هەموو ئەوانەی لە دەوری ترەمپن وەک میر و پادشاکانی سەردەمە کۆنەکان، هەموو تەواو گوێڕایەڵ و گوێ لە مستن.
بەڵام هەر لە ئێستاوە هەست بە بەرەیی و جودایی دەکرێت، بە تایبەتی بەرەی هەرە دەوڵەمەندەکان بە سەرۆکایەتی مۆسک، لە گەل بەرەی خۆ بە کرێکارکردووی وەک ستیڤ بانۆن. ترەمپ لایەنی مۆسکی گرت، بەڵام ئاماژەیەکی ڕونە بە ململانێ.
ترەمپ دێت بۆ دونیایەک کە هەموو شتێک تیایدا لە قەیرانەدایە. سەرچاوەی ئەم قەیرانە ئەوەیە کە ئەمریکا نایەوێت خاوەنی دونیا بێت یان پۆلیسی دونیابێت. لە بەرامبەردا زۆرێک بە دەرفەتی دەزانن کە ڕۆڵیان هەبێت. ئەم گۆڕانکارییە، تەنها لە خواستی ئەمریکادا نیە، بەڵکو لە بەهێزبونی ئەوانیتریشدایە. ڕەنگە کارەکانی پیتەر فرانکۆپان لە هەموو کەس زیاتر بەرجەستەی ئەم گۆڕانکارییە بکەن. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە کە هیچ کێشەیەک لە دونیادا چارسەر نابێت، بەڵکو هەموو هەوڵدەدات چۆن ببێتە بەشێک لێی و سودی لێببینێت. دونیایەکی گورگانە بەڕێوەیە.
هەندێک وەهای دەبینن کە هەوڵی هەندێک بۆ گەڕانەوەی فۆرمیولەیەکی شەڕی سارد بۆ ئیدارەدانی اەم دۆخەیە. غەسان سەلامە بڕوای وەهایە ئەمریکا بە ئەنقەست دەیەوێت مللانێی خۆی لە گەڵ چیندا چڕ بکاتەوە، هەتا وەک ململانێی لە گەڵ سۆڤییەتدا لێبکات، کە دەبێتە فۆرمیولایەک بۆ بەڕێوەچونی ململانێکان، بەوەی دونیا دابەش دەکات بۆ دۆستی ئەمریکا و دۆستی چین. بەم شێوەیە ململانێکە ئاسان دەکات و ئەگەری بردنەوەی زیاترە، لەوەی کۆمەڵێک هێز لە ململانێدابن لە دونیایەکی پشێودا. ئاماژە بۆ بونی مۆدێلێکی وەها زۆرە.
لە هەمانکاتدا کەسێکی وەک ئەمین مەعلوف وەها دەبینێت کە دونیا لە وونبوندایە. ئەمە سێهەمین جارە، سەرهەڵدانی دەرەوەی ڕۆژئاوا هەوڵی بونی خۆی دەدات لە دونیادا، ئەمجارە لە هەموان بە گوڕترە، بەڵام هیچ گەرەنتی نیە بۆ سەرکەوتن.
گەر لە سوریا بنواڕین وەک ڕوداوێک لە هەناو ئەم فۆرمیولانەدا زۆر شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. سوریا نەک تەنها شکستی ئێران و ڕوسیا بوو، بەڵکو شکستی گەورەی چینیش بوو. چینییەکان لە پاش ٢٠١٦ پاڵپشتی خۆیان بۆ سوریا چەند قات کرد. چونکە وەهایان هیواخواست کە بەهاری عەرەبی کۆتایی هات و دیکتاتۆریەت سەرکەوت. چین دژ بە خواستی گەلانە بۆ دیموکراسی، ئەو هەموو خواستێکی دیموکراسی بە پیلانی ڕۆژئاوا دەبینێت.
بەڵام خوێندنەوەکەی هەڵەبوو، لە چەندین ئاستدا کەوتنی ئەسەد ئەوەی دەرخست، بەرەی دژە ڕۆژئاوا کە بەرەی دیکتاتۆریەت و سەرکوت و کوشتنە، لە هیچ کوێ سەرکەوتوو نیە. بۆیە لە کاتێکدا بەرەی دەرەوەی ڕۆژهەڵات هەڵدەکشین بەڵام لە ئاستی حوکمداریی جگە لە حوکمی شەخس و دیکتاتۆریەت بەدیلیان نیە.
دیارە ڕەنگە ئێمە لە سەردەمی زێڕینی دیکتاتۆریەتدا بژین لە مێژوی نوێدا، تەنانەت لە ئەمریکاش دیکتاتۆریەت دۆستی زۆرە. بەڵام ئەم دۆخە کاتییە، وەک لە بیستەکانی سەدەی بیستدا بینیمان.
بێینە سەر کورد.
گەلانی عەرەب و تورک و فارس، ئەگەر پشتیوانی ڕۆژئاوا نەبێت ئامانجیان ئەوەیە کە کورد لە سەر گۆی سەوی بسڕنەوە. ئەمە هەر لە نکوڵییەوە لە بونیان هەتا هێرشی ڕۆژانەی درۆن و ئەو ڕقە ناکۆتاییەی کە لە سۆشیال میدیادا هەیە بە زەقی دیارە.
بەڵام پشت بەستنی کورد بە ڕۆژئاوا لە هەمانکاتدا مەترسی زۆرە، چونکە ڕۆژئاوا هەمیشە جۆلانێ دەکات لە نێوان بەرژەوەندیی و بەهادا.
ئێستا گفتوگۆیەکی چڕ بەڕێوەدەچێت لە نەوان سوریا و تورکیا و ئەمریکا و ئەوروپا و کوردەکان. وەک سەرچاوەکان دەڵێن تورک زۆر پەلەیەیانە، ڕەنگە وەها ببینن کە پێش ترەمپ فرسەتە، وەک لە چڕ کردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین بە هاوکاری جاشەکانی ئەحمەد شەرعیش.
هاتنی ترەمپ هاتنەوەی هێزە لە بەرامبەر یاسا و بەهادا. زۆربەی زۆری مێژوی مرۆڤایەتی پێش لیبرالیزم، مێژوی هێزی ڕووت بوە. لە ڕژێکی سارددا ترەمپ دێت بۆ دونیایەکی زێدە گەرم.
|