زاگرۆس هیوا
27/01/2025
178 جار خوێنراوەتەوە
"فرمێسکی هاکان"
ماوەیەک بوو هاتوچۆیەکی چڕ و پڕ لە نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و دەموچاوی جۆراجۆری پارتی بارزانی بەڕێوە دەچوو.
خەمخۆرانی ئەم نیشتمانە هەموو دەستیان لە سەر دڵیان بوو کە ئاخۆ چ گەلەکۆمەیەک لە ئارادایە. چۆنکە مەسعود بارزانی هەر دوو کوڕەکەی خۆی، مەسرور و مەنسوری، ناردە ئانکارا و ئەمانە لەگەڵ بەرپرسە سەربازیی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا کۆبوونەوە.
پاش ماوەیەک بەرهەمی ئەم سەردانانە بەدەرکەوتن. دوو سەربازی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژران، تۆمەتەکە خرایە پاڵ پەکەکە. گوایە هێزی پاسەوانی سنوور خەریکی ئەرکی ئاسایی خۆیان بوون و گەریلا هێرشی کردووەتە سەریان و دوانی لێیان کوشتوون.
هەمان ڕۆژ سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویان کردەوە کە ئەم دوو سەربازە بە تۆپبارانی تورکیا کوژراون. لێرەدا بەرلەوەی بپرسین چۆن کوژران، پێویستە ئەو پرسیارە بکەین کە بۆ کوژران. با لە وڵامەکەی بگەڕێین.دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەم 10 ساڵە هەموو دەرفەت و تواناکاری سەربازیی، ئابووریی، سیاسی و دیپلۆماسی خستەگەڕ بۆ ئەوەی کە بتوانێت لە چوارچێوەی “پیلانی چۆکپێدانان” ـدا بە هێرشێکی هەمەلایەن کۆتایی بە بزووتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان بهێنێت. بە تایبەت لە 2019ـوە لە خواکورکەوە بگرە تا حەفتانین بە هاوکاری پەدەکە دەستی بە شاڵاوێکی مەزنی داگیرکاریی کرد. بەڵام گەریلا بە گۆڕینی تاکتیک و ستراتیژی شەڕ و بە گیانبازییەکی بێ وێنە شکستی بەم پیلانەی سوپای تورکیا هێنا. ئەوەتا لە زاپدا گەریلا چەندین قەڵای دمدمی سەردەمی دروست کردووە کە سوپای دووەمی ناتۆ ئەمە چوار ساڵە نەیتوانیوە زەفەریان پێ بەرێت. دەستی خیانەت و بەکرێگیراوی ناوخۆیی ئەمە چوارساڵە قەڵای دمدمیان گەمارۆداوە بۆ ئەوەی کە گەریلای لەپزێڕین و دڵ پۆڵایین ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام خۆڕاگرییەکە هەر بەردەوامە.
هەربۆیە ئێستا دەوڵەتی تورکیا تاکتیکی شەڕی بەوەکالەت بەکار دەهێنێت. لە 2024ـوە بگرە تا ئێستا ئەردۆغان و هاکان فیدان هەوڵ دەدەن بە هەر شێویەک دەبێت عێراق پەلکێشی ناو ئەم شەڕە بکەن. لە 22ـی نیسانی 2024ـدا ئەردۆغان سەردانی بەغدادی کرد و لەئەنجامی ئەم سەردانەدا پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو ڕاگەیاندر. هێزەکانی سەر بە پەدەکە ئەمجارە بە جلوبەرگ و ئاڵای سوپای عێراقەوە لە ژێر ناوی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق گەمارۆی قەڵای دمدم و گەریلای لەپزێڕینیان دا. بەڵام قەڵاکە هەر نەڕۆخا. ناچار مەسعود بارزانی لە 3ـی تەمووزی 2024ـدا چووە بەغداد بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی عێراقی ڕازی بکات تانک و تۆپ و زرێپۆشی سوپای تورکیا لە ئامێدی و شێلادزێ و دێرەلووکەوە گەمارۆی گەریلا بدەن، هەربۆیە ئەردۆغان مزگێنی دا کە لە هاویندا کلیل و قوفڵەکە قاپات دەکەن. بەڵام بۆ خۆیان کلیل و قوفڵ کران. هاوین هات و تێپەڕی، مزگێنییەکەی ئەردۆغان کەوتە بەر شەپۆلی بای پاییز و بەفر و بۆرانی زستانیشی بە سەردا باری و ئەوەتا بەهار و خاکەلێوە دێت، بەڵام قەڵای دمدم هەر لە شوێنی خۆیەتی و گەریلا ڕۆژانە لە دژی سوپای تورکیا چالاکی دەکات.
دەتوانین بڵێین کە هەموو پلانی ئەردۆغان و هاکان فیدان و مەسعود بارزانی بۆ ڕووخاندنی قەڵای دەمدەمی سەردەم لە ساڵی 2024ـدا شکستیان هێنا.
هەربۆیە دەستیان بە پیلانێکی نوێ کرد. پیلانەکە ئەوەی کە ئەمجارە عێراق زیاتر و زیاتر پەلکێشی ناو شەڕی دژ بە گەریلا بکرێت. چونکە تورکیا بە تەنیا خۆی و پەدەکەوە ناتوانن شکست بە گەریلا بهێنن. پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ئەم شەڕە یەنەکەش بەشێوەیەک مەجبور دەکات کە ئەویش دوژمنایەتی گەریلا بکات. بۆ ئەوەی کە عێراق پەلکێشی ناو شەڕەکە بکرێت، پێویستە سەرەتا بنەمای یاسایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی دروست بکرێت. ئەمەش هەر لە خۆیەوە دروست ناکرێت، چونکە پەکەکە تا ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی عێراق شەڕی نەکردووە. تەنانەت باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەتی عیراق لە بەر ڕۆڵی پەکەکە لە پاراستنی پێکهاتەکانی عێراق لە بەرامبەر هێرشی تیرۆریستی داعش سوپاسی پەکەکەی کرد و گوتی کە پەکەکە شەرەفی هەموو مرۆڤایەتی پاراست. گەلانی ئێراق، بە کوردیشەوە، پەکەکە نەک وەک مەترسی نازانن، بەڵکو وەک دۆستی ڕۆژی تەنگانەی خۆیانی دەزانن.
بۆ ئەوەی کە ئەمە بگۆڕدرێت، پێویستە لە شوێنێک شەڕێک لەنێوان پەکەکە و سوپای عێراقدا بنرێتەوە. وا نیشان بدرێک کە پەکەکە هێرشی کردووەتە سەر سوپای عێراق. لە بەرامبەر ئەمەدا دوو ئاستەنگ هەبوو. یەکەم سوپای عێراق لە هیچ شوێنێکدا لە بواری جوگرافیدا بەریەککەوتنی لەگەڵ پەکەکە نییە. دووەم، لە ناو سوپای عێراق خۆفرۆشی وا پەیدا نابێت کە ئاژاوەگێڕییەکی وەها بکات. هەربۆیە بەشێکی چەکدارەکانی پەدەکە کران بە پاسەوانی سنووری سەر بە سوپای عێراق و بۆ دەوروپشتی قەڵای دمدمی گەریلا جوڵەیان پێکرا. ئەمە زیاتر لە ساڵێکە هەموو هەوڵێک دەدەن تا بەڵکو گەریلا پاسەوانێکی سنوور بکوژێت. گەریلا چونکە ئاگاداری ئەم پیلانەیە، تا ئێستاش دانی بە خۆیدا گرتووە و خۆی لاداوە لە شەڕ. هەربۆیە مەنسور بارزانی و سەربەست لەزگین هاتنە مەیدان. هەمان سەربەست لەزگین کە لە 2017 بە پیلان میت هێرشی شەنگالی کردبوو و ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهانی شەهید کردبوو. سەربەست لەزگین ئەمجارەش بە بەرچاوی هەموو کەسێکەوە دوو پاسەوانی سنووری بە کوشتن دا، بۆ خۆیشی چووە سەر گۆڕەکەیان و وتاری دا و قەڵای دمدمی تاوانبارکرد. ئەمانە هەموو ئامادەکاری پێشوەختە بوون بۆ سەردانی هاکان فیدان.
دەڵێن تیمساح پاش ئەوەی کە نێچیرەکەی خۆی لەت لەت دەکات، دەکوژێت و دەیخوات فرمێسیکی بۆ دەڕێژێت. ئەو فرمێسکەی کە هاکان فیدان لە بەغداد بۆ کوژرانی دوو پاسەوانی سنووری ئێراق ڕژاندی، هەمان فرمێسکە. چونکە هاکان فیدان بۆ خۆی ئەندازیاری کوشتنی ئەو دوو پاسەوانەیە. هاکان فیدان کە هاتە بەغداد، دوو کوردی عێراقی لەبەر پێ ئەودا کرابوون بەقوربانی. سەرەتا سەرەخۆشی لە دەوڵەتی عێراق کرد و فرمێسکی تیمساحی بۆ ئەمانە ڕژاند. پاشان گوتی پەکەکە سەربازی عێراقی کوشتووە، سەربازی ئێمەش دەکوژێت، مەترسی هاوبەشە و پێویستە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەند بکرێت. پێویستە بگوترێت هەمان ڕۆژ ئیبراهیم کاڵنی سەرۆکی میت لە شام بوو لە لای جۆلانی و هەمان پەیامی دا. ئەگەر پەکەکە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناوزەند بکرێت، ئەوکاتە لە بواری سیاسیی و و یاساییدا هیچ ئاستەنگییەک نامێنێت بۆ ئەوەی سوپای عێراق شەڕی گەریلا بکات. ئایا عەقڵی سیاسیی و ستراتیژی لە بەغداد ئەمە پەسەند دەکات و دەکەوێتە ناو ئەو داوەی کە مەسعود بارزانی و هاکان فیدان دایانناوە؟ ئایا ئەو عێراقەی کە کێشەی کوردی لە بواری یاسایی و دەستووریدا چارەسەر کردووە جارێکی دی کێشەیەک بە ناو کێشەی کورد بۆ خۆی دروست دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە تێپەڕبوونی کات دیار دەبێت.
لێرەدا دەمەوێت سەبارەت بە پاسەوانی سنووریش ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم. ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان بە پاسەوانیکردن لە سنوورەوە نییە. کێلی سنووری نێوان تورکیا و عێراقیان تەنانەت بە دووربینیش نەبینیوە. بە دەیان کیلۆمەتر لە کێلە سنوورییەکان دوورن.
هەموویان لە دەوروپشتی ئامێدین و پاسەوانی لە سوپای داگیرکەری تورک دەکەن. زیاتر لە باخەوان دەچن تا پاسەوان. باشتر وایە ناوەکەیان بگۆڕن بۆ باخەوانی سنوور و مووچەکەشیان لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ بێت، نەک وەزارەتی بەرگری. ئەگەر باخەوانی بکەن زیاتر سوود دەگەیەنن بە عێراق و بە کوردستانیش و بە بنەماڵەکەشیان. لانی کەم، هەر جارێک و هاکان فیدان و سەربەست لەزگین چەند کەسێکیان لێ نادەن بە کوشت.با پێشنارێکی زمانەوانیش بکەین.
فرمێسکی تیمساح دەستەواژەیەکە کە لەهەموو دونیادا بۆ دووڕوویی بەکار دێت. ئەوەندەی بزانم لە کوردستان تیمساح نییە، بەڵام هاکان و نۆکەرانی هاکان زۆرن. هەربۆیە با ئەم دەستەواژەیە بکوردێنین و لەمەودوا پێ بڵێین فرمێسکی هاکان
|