هونەر تۆفیق 12/04/2025 483 جار خوێنراوەتەوە

لەعومانەوە ، ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی تر

کۆبوونەوەی ئێران لەگەڵ ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکادا  وەک دانیشتنە لەگەڵ بکوژی حوسەیندا .

ئاخر ئەگەر یەزید بکوژی حسەینی سەدەی حەوتەم بێت ، بۆ ئێران حسەینەکەی سەدەی بیستویەکەمیان ( قاسمی سلێمانی) بە فەرمانی ترامپ کوژرا  ، کە ئێستا لە عومانەوە لەگەڵیدا کۆدەبنەوە.

ئەمەش لە خواردنەوەی ئەو ژەهرە دەکات کە ڕابەری پێشوو خومەینی لەڕاگرتنی جەنگی عێراقدا خواردیەوە . بۆیە ڕابەری ئێستاش(خامەنەئی) لەهەمان ئەو ژەهرە دەخواتەوە.

دۆخی نوێ ی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە جیهاندا مەگەر لە جەنگی جیهانی یەکەمدا هێندەی ئەمڕۆ نالەبار و ئاڵۆزبووبێت کە ئەمریکا لەئاستی جیهاندا و ئێران لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەردووکیان دوو سەرچاوەی سەرەکی ئاڵۆزیەکانن.

کەوایە دانیشتنی ئەو دوو جەمسەرە جیهانی و ئیقلیمیە دەیان دۆسیە ناچاری کۆبوونەوەی کردوون کە ئەنجامەکەی جەنگ بێت یان ئاشتی شێوەی ناوچەکەی پێوە دەگۆڕێت 
ناکۆکی ئێران و ئەمریکا گەرچی لە بابەتی بەدەست هێنان و نەهێنانی چەکی ئەتۆمیدا دەردەبڕێت بەڵام دەیان پرسی تری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی ،ئابووری و سیاسی و سەربازی لە یەمەن و دەریای سوورەوە تا لوبنان و دەریای ناوەڕاست و عێراق و کەنداوی پێوە بەندە 

چاککردن و گونجاندنی ئەو پرسانە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا لەڕێگای بەرپاکردنی جەنگەوە بێت یان بە دانوستان و ئاشتی هیچ لایەکیان بەدەست بەتاڵی لە مەیدانەکەدا ناباتە دەرەوە.

ئێران لەبەرامبەر داخوازیەکانی ئەمریکادا مەرج و خواستی خۆی هەیە و ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو ئاشتی یەی بەئێرانی دەبەخشێت خواست و مەرجی خۆی دەبێت 
لەدەرەوەی هەردووکیاندا چین و ڕوسیاش ، وەک دوو هێزی خاوەن نفوز لە ناوچەکە و ئێراندا کە بۆچوونی نوێ و جیاوازیان بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و چارەسەری ئاڵۆزیەکانی جیهانە بێ سیستەمەکەی ئەمڕۆ هەیە ، ناهێڵن کۆتایی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران  بە کردنە دەرەوەی ئەوان کۆتایی بێت.

لەحاڵێکدا لەم دوو مانگەی پێشوودا ڕوسیا و ئێران ڕێکەوتنی فرەلایەنی ستراتیژیان کردووە تا ئەو ئاستەی دیدی سیاسی ڕوسیا لە زاری دۆگینەوە دەڵێت : باشترین بژاردەی ئێستای روسیا و ئێران ئەوەیە یەکبگرن و ببنە یەک دەولەتی کۆنفیدراڵی چونکە دۆخی جیوسیاسی ئێستا بەو یەکگرتنەیەیان لەیەک دەوڵەتدا سەقامگیری بۆ جیهان و ناوچەکە دێنێتەدی.

ئەم قسەیە لە زمانی دۆگینەوە ، هەمان ئەو دیدەی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیایە کە نزیکبوونەوەی نەیارەکانی ڕوسیا لەسنوورەکەیانەوە  جا لە ئۆکرانیاوە بێت یان لە ئێرانەوە
مۆسکۆ ناچار بە جەنگ دەکات.

لە عومانەوە ئەوە یەکلادەکرێتەوە کە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێ ی نفوز و سیاسەتی ناوچەکەمان لە ڕێگای جەنگەوە  یان ئاشتی دێتەدی  کە لەهەردوو حاڵەکەدا ئێمەی پێش عومان و دوای عومان دوو سەردەمی زۆر جیاوازین

هەموو وتارەکانی هونەر تۆفیق

هەموو وتارەکانی هونەر تۆفیق

هەموو وتارەکانی هونەر تۆفیق

سەرەکی