خۆگر کەمال 21/06/2025 1672 جار خوێنراوەتەوە

بۆ ئەوانەی بە قسەی میت و مۆساد سەما دەکەن

دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا، پاشانیش بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، ناوە ناوەش لە راگەیاندەکان ناوی کورد دێنێ و باسی زوڵمی تورکیا دەکات. ئاشکرایە ئیسرائیل و ناتۆ وەک سەدەی رابردوو دەیانەوێ یاری بەکارتی کورد بکەن، تاکو شەڕ تەواو دەبێ و هاوسەنگی نوێ دروست دەکەنەوە لەگەڵ دەوڵەتەکانی تورک و عەرەب و فارس.

ئەوەی ئەم یاریە دەگێڕێ دیارە دەزگا سیخوڕیەکانی مۆساد و میت و سی ئای ئەین، دەزگای پاراستنیش وەک دەسکەلا لە دەستیاندایە بۆ ئەوەی شەڕەکەیان بە کورد بکەن لە دژی کورد.
ئەو یاریەی زلهێزەکان لە ڕێگەی دەزگا سیخوڕەکان دەیگێڕن پێش هەموو کەس ڕ.ئاپۆ کۆدەکەی ئاشکرا کردووە، بۆیە لە پەنجا ساڵی رابردوو نەبووە کەرستەی دەسەتیان، چونکە وانەی لە بەرخودانی سەرەتای سەدەی بیست تاکو ئاشبەتاڵی بارزانی وەرگرتبوو. هەندێک ئاقڵ کورت کە بە قسەیەکی راگەیاندی دێنە سەما، وا دەزانن کوردستان بەدەستی مۆساد دەبێتە دەوڵەت، ئەقڵی ئەوانە بەقەد ئەقڵی مستەفا بارزانی و کوڕ و نەوەکانیەتی، بۆیەش وەک دەسکەلا پەنجا ساڵە دۆزی کورد لەدەستیاندا قوماری پێدەکەن.

ڕ.ئاپۆ خاوەن پارادایم و سیستەم و مۆدێلی خۆیەتی لە تێکۆشان، هێڵی تێکۆشانیشی مێژوو و کولتور و راستینەی ڕۆژهەڵات و کوردستانە، چونکە دەزانێ دەبێ دۆزی کورد لەگەڵ ئەوان چارەسەربێ. دیسان گەورەترین شەڕی لەگەڵ دەوڵەت ـ نەتەوەکانی داگیرکەری سەر کوردستان هەڵگیرساندووە، چونکە دەیەوێ دۆزی کورد لەدەست ئەوان دەرخا و خودی کورد لەسەر دۆزەکەی بڕیاردەربێ.
دۆگماتیزمی سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ ستراتیژی چارەسەری دۆزی رەوای کورد جیاوازن، تەڤگەری ئاپۆچی سیاسەت لەگەڵ هەموو جیهان دەکات لەناویدا ئەمریکا و ئیسرائیلیش، ئەویش بەڕێنمای ڕ.ئاپۆ دەکرێ، بەڵام چارەنوسی نەتەوەکەی ناخاتە دەست کەس، ئەزموونی ٢٠١٩ ی ئەمریکاشمان لە رۆژئاوا لەبیرنەچووە...

لەم شەڕی ئیسرائیل و ئێرانەدا، دەبێ ئێران بڕووخێ، یان ئێران ئیتر ناگەڕێتەوە دۆخی رابردووی. بۆ کورد و دۆزەکەی دەرفەتێک دروست دەبێ، بەڵام دەبێ سیاسەتی کوردی بەردەکان بجوڵێنێ، بێ ئەوەی گەلانیتر بکەینە دوژمنی خۆمان. واتا بە قسەی ئەوانیتر شەڕی کەسیتر نەکەین. چونکە لەکۆتای تەنها ماڵوێرانی بۆ کورد دەمێنێتەوە.

ئیسرائیل و ئەمریکا و رۆژئاوا داوای هیچ هاوپەیمانی و پلان و پرۆژەیەکیان بۆ کورد نییە تاکو کورد پشتگوێی خستبێ، تەنها خەتوکەی تورک و فارس دەدەن لە دژی کورد، ئەوان بەوشێوەیە ئەرمەن و ئاشوری و رۆمیان لەناوبرد، ئێستا دەیانەوێ کورد بکەنە قوربانی هەژموونگەرای خۆیان.
ڕ.ئاپۆ ئەگەر کەوتبا ناو ئەم یاریە، مۆساد و سی ئای ئەی و میت پیلانگێڕی ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩ یان ئەنجامناداو و ئەویش ٢٦ ساڵ لە زیندان نابوو... دوای ٢٦ ساڵیش دیسان خاوەن هەمان پلان و پرۆژەیە، بۆ ئەمەش زیاتر لە ٢٥ هەزار لاپەڕەی نووسیوە.

تورک لەم  شەڕی هەژمونگەرایەیی ئیسرائیل ـ ئەمریکا تۆقیون، دەزانن دوای کەوتنی ئێران نۆرەی ئەوانە، بۆ ئەوەشە هەشت مانگە کەوتونەتە دانوستان لەگەڵ ڕ.ئاپۆ... تورک دەیانەوێ کارتی کورد لەدەست ئیسرائیل دەرخەن و ئەوان لەگەڵ کورد خۆیان وەک دەیانەوێ شتێک بکەن. وەک دەرفەتێکی سەرەتای باشە، بەڵام دۆزی کورد چارەسەرناکا، لە سۆنگەی ئەم دەرفەت و گۆڕینی هاوسەنگی ناوچەکە ڕ.ئاپۆ پلان و پرۆژەیەکی پێشکەشی رای گشتی جیهان و کورد و پەکەکە کرد، تورک چاوەڕێی دۆخەکەن تاکو شتێک نەسلمێنن بۆ کورد، بەڵام دۆخەکە لەدەست ئەواندانییە، چونکە تەڤگەری ئازادی خاوەن هێزە و لەسەر گۆڕانکاریەکان بەکاریگەرە.

لە رۆژهەڵاتیش ئەگەر وەک رۆژئاوا لەسەر بنەمای پێکەوە ژیانی دیموکراتیانەی گەلان، دۆزی کورد بەرەو پێشەوە بچێ بەبێ شەڕ، ئەوکات پیلانی دەزگا سیخوڕیەکان پووچەڵ دەبووەوە، پرۆژەی ڕ.ئاپۆ سەر دەکەوت، دەبێ هەموو کورد تێکۆشان بکات کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات لەسەربنەمای چارەسەری دیموکراتیانە لەگەڵ گەڵانیتر ببێتە خاوەن خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەی، پارادایمی ژن، ژیان، ئازادیش بەگشتی لەنێوان گەلانی ئێران رێککەوتنی لەسەر هەیە.
بۆیە بە دەنگی دهۆڵی سیخوڕان مەکەونە سەما، خۆتان لەگەڵ پرۆژە و پلانی ڕێبەر ئاپۆ بکەنە یەک تاکە رێگەیە لەناو شەڕ و قەیرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەموو وتارەکانی خۆگر کەمال

سەرەکی