کەمال چۆمانی 11/07/2025 375 جار خوێنراوەتەوە

رۆحی پەکەکە نامرێ

رۆحی پەکەکە نامرێ، نابێ بشمرێ. بە رۆحییەتی تێکۆشانی پەنجا ساڵی رابردو، پێ دەنێینە سەردەمێکی دیکەی تێکۆشانی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی. ئەو رۆحییەتە داینەمۆی کۆمەڵگای دیموکرات و ئازاد دەبێ. پەکەکە لە پەنجا ساڵی رابردو ئینسانێکی نوێی کوردی بیناکردوە. ئەو ئینسانە ئێستا دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قوڕس بۆ پراکتیزەکردنی فەلسەفەی پەنجا ساڵ خەباتی چەکداری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفیی پەکەکە.

سبەی رۆژێکی مێژویییە بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە. سبەینێ دەستپێکێکی نوێیە لە فۆرمێکی دیکەی خەبات بە هەمان رۆحی پەنجا ساڵی رابردو. فۆرمێک خۆی دەخەوێنێت و فۆرمێکی تری خەبات سەردەردێنێ. فۆرم گرنگ نییە، گرنگ ئەو رۆحی تێکۆشانە بەزیندویی بمێنێتەوە. 

ئێمە لە لە باشور لە 1991 بەولاوە، فۆرمی پێشمەرگایەتی و خەباتمان نەگۆڕی، بەڵام رۆحەکەیمان کوشت. دەبوایە رۆحی ئازادیخوازی بمابوایە، بەڵام فۆرمەکەی بنێژرایە. 

هێڵێکی ناو یەکێتی و چەپەکان لەدوای 1991، ویستیان فۆرمێکی تری سیاسەت بە رۆحییەتی خەباتی ئازادیخوازیی گەشەپێبدەن، لەناو سەرکردە دیارەکان نەوشیروان مستەفا یەکێکیان بو. هەروەها ئەوانەی ویستیان رۆحی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی بەردەوامی پێبدەن، گروپێکی گەنجی سەرەتای نەوەدەکان بون لە وێنەی بەکر عەلی و رەئوف ئاکرەیی و دەیانی تر، بەڵام تیرۆریان کردن. ئەو ئازادیخوازانە بون کە ویستیان لەڕێی فۆرمێکی تری سیاسیی کۆمەڵایەتیی دیسێنتراڵ کۆمەڵگە رێکبخەن، سەرکوتیان کردن.

رۆحی پەکەکە نامرێ. سەردەمی نوێی خەبات بۆ کۆمەڵگای دیموکرات و ئازاد زۆر قورسترە لە خەباتی چەکداری. ئاشتی زۆر لە شەڕ قوڕسترە. وەک جارێک گوتم، تەنها ئەوانە دەتوانن لە ئاشتیدا کۆتر بن کە لە شەڕدا هەڵۆ بون.

بەو هیوایەی ئاشتی سەربکەوێ و هیواکان بەدیبێن. دوژمنانی ئاشتی لە هەمو رۆژێک زیاتر هەوڵدەدەن ئەو پرۆسەیە سەرنەگرێ. دوژمنان لە کەس و گروپی بچوکی ناوخۆ و ناو دەوڵەتەوە بگرە، بۆ هێزە ئیقلیمییەکان، دڵشاد نین بەو پڕۆسەیە. دەبێ وریا بین. دەبێ هەوڵی جدی بدەین تا ئەو ئاشتییە سەربکەوێ.

هەموو وتارەکانی کەمال چۆمانی

هەموو وتارەکانی کەمال چۆمانی

سەرەکی