نیاز عەبدولڵا
19/08/2025
26 جار خوێنراوەتەوە
هەڵوەشاندنەوەی پارتی پێویستییەكی مێژووییە
مەسعود بارزانی لە ١٦ی ئابی ئەم ساڵ، لە ساڵیادی ٧٩ ساڵەی حیزبەكەیدا وتی "دامەزراندنی پارتی پێویستیەکی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستان"، بەڵام لە راستیدا هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموكرات لە ئێستادا پێویستییەكی مێژووییە، چونكە ئەم حیزبە دەستی سوورە بەخوێنی سەردەشت عوسمان و رەئوف ئاكرەیی و سۆرانی مامە حەمە و ویدات حوسێن و سەدان تێكۆشەر و ئازادیخوازی كوردستان، ئەم حیزبە ئەمڕۆ جارێكی دیكە لە رێگای سێیەمین جار داتاشینی تۆمەتی ساختە و سزادانەوەی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن، سەلماندی لە كاتی دزینی نەوتی هەرێمی كوردستاندا ناسیۆنالیستێكی جوداخوازی پلە یەكە و، لە بەكارهێنانی یاساكانی سەردەمی رژێمی بەعس دژ بە رۆژنامەنووسان و خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان، عێراقی و رەفتار بەعسییەكی پلە یەكە.
پارتی بەهۆی تاوانەكانی بۆسەر بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی، بەهۆی هەبوونی میلیشیا و ئەوەی هەرێمی كوردستانی خستۆتەناو بۆشاییەكی یاسایی، دادگاكان بۆ تۆڵەكردنەوە و مەرامی تایبەتی خۆی بەكاردەهێنێت،... بۆتە مەترسی گەورە بۆسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، بەپێی مەرجەكانی یاسای پارتە سیاسییەكانی هەرێم ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣، دەبێت پارتی هەڵبوەشێتەوە، چونكە خیانەت، میلیشیا، دەستتێوەردان لە كاری دادگاكان و دروستكردنی مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم، هەموویان لەو تاوانانەن كە دەبێت بەهۆیانەوە ئەو پارتە هەڵبوەشێتەوە نەك لە دەسەڵاتە ستەمكار و خوێنڕێژییەكەیدا بەردەوام بێت. پارتی بەپێی هەمان یاسا لە ساڵی ٢٠١٥ ساڵایەكی یاسایی دژ بە بزووتنەوەی گۆڕان تۆماركرد، بەو تۆمەتەی ئەو حیزبە "لە خۆپیشاندان و چالاكییەكانیدا منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بەكاردەهێنێت" بۆیە داوای قەدەغەكردنی بەشداری ئەو پارتەی لە هەڵبژاردنەكان و دەسەڵاتەكانی هەرێم كرد، ،بەڵام ئامادەنەبوو تاوانەكان حوكمڕانی ستەمكارانەی خۆی بەپێی ئەو یاسایە هەڵبسەنگێنێت.
سزادانەوەی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە دادگایەكی تەواو زەرد و لەژێر چاودێری ئەمنی میلیشیاكانی حیزبێكی تەمەن ٧٩ ساڵە، كە سەرۆكەكەی پێی وایە ٦٣ ساڵە پێشمەرگەیە و لە ئێستادا لە بارەگا بارزانییەكەی خەریكی سوڵحی عەشایەرییە، مەترسی بەردەوامی حوكمڕانی ئەو حیزبە لەسەر ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی دەسەلمێنێت.
|