کەمال چۆمانی
25/08/2025
267 جار خوێنراوەتەوە
لە <<ماوەت>>ەوە بۆ <<لالەزار>>؛ مێژوی پڕ لە خوێنڕێژی بە ناوی کوردایەتی
- تەموزی ١٩٦٤، مەلا مستەفای بارزانی هێرشی کردە سەر باڵی مەکتەبی سیاسیی. مەلا مستەفای بارزانی لەڕێی توندوتیژییەوە کۆتایی بە ململانێیەکی سیاسیی هێنا.
- لە هاوینی ١٩٧٨ یەکێتی هێزەکانی بەرەو دەڤەری برادۆست و سێکوچکەی عێراق-ئێران-تورکیا دەگواستەوە، لە پێکدادانێکدا لەگەڵ پارتی بەشێک لە سەرکردایەتییەکەیان کوژرا و بەشێکی زۆر دەستگیرکران. ململانێیەکی دیکەی سیاسیی بە توندوتیژی وەڵامدرایەوە.
- لە قڕناقە و پشتاشان، لە سەرەتای هەشتاکان، زنجیرەیەک شەڕ لەنێوان یەکێتی و بەرەو جود ( پدک، حشع، حسک، پاسۆک) دروستبو. یەکێتی قەتڵوعامی شیوعییەکانی کرد. ئێران لە ١٩٨٦ هەموانی کۆکردەوە و بەرەی کوردستانی بۆ دروستکردن.
- سەرەتای ١٩٩٣ یەکێتی و پارتی، بەتایبەت پارتی، هێرشیان کردە سەر پەکەکە، تەنانەت رۆژنامەنوسی برینداریشیان کوشت.
- کۆتایییەکانی ١٩٩٣ یەکێتی و بزوتنەوەی ئیسلامیی دەستیان بە خوێنڕێژی کرد.
- لە ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ یەکێتی و پارتی ئەوەی بەعس پێی نەکردن، ئەوان بە یەکتریان کرد. بە <<بلۆک سەری یەکترمان پاکدەکردەوە>>. من بیرمە کە دیلیان لە یەکتر کوشتن. سجنی ئاکرێ بو بە ئەبوغرێبی نوێ.
- ئینجا ١٩٩٧ پارتی لەگەڵ تورکیا دەستی بە شەڕی پەکەکە کرد.
- ئینجا یەکێتی لە ٢٠٠٠ شەڕی پەکەکەی کرد.
- دواتر ئیسلامییەکان و یەکێتی دیسان لە مەنتقیەی هەڵەبجە و خورماڵ.
- یەکگرتو لە ٢٠٠٦ ویستی بەتەنیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی عێراقەوە، پارتی هێرشی کردە سەریان و گروپێکی لێ کوشتن.
- دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، بڕیاربو دیموکراسی دروستبکەین، کاتێک خەڵک خۆپیشاندانی کرد لە ٢٠١١، بە گولە وەڵامدرانەوە.
- ٢٠١٤ کاتێک پارلەمان ویستی قانونی سەرۆکایەتیی بگۆڕێ، بە لولەی تفەنگ پارلەمان داخرا.
- ٢٠٢١ دو ئامۆزا لە کۆدێتایەکی سپیدا کۆتایییان بە دەستەڵاتی ئامۆزاکان هێنا.
- لە بەرەبەیانی ٢٢ی ئۆگەستی ٢٠٢٥ هێزەکانی یەکێتی هێرشیان کردە سەر شوێنی مانەوەی سەرۆکی حیزبی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی و هێزە چەکدارەکەی، گروپێکیان لێ کوشتن و ئەوانیتریشیان دەستگیرکردن.
ئەوەی سەرەوە، روداوە هەرە دیارەکانن و دەیان کوشتن و بڕین و چەتەگەرایی دی هەن باسم نەکردون. ئەوە پیشانمان دەدات عەقڵییەتی سیاسیی سیاسەتمەدار و حیزبە سیاسییەکانمان نەک هەر پێنەگەییشتوە، بەڵکو تەنها لە زمانی کوشتن و بڕین تێدەگا لە ململانێی سیاسییدا.
روداوەکەی لالەزار دەرەنجامە، نەک هۆکار. دەرەنجامی ٧٠ ساڵ کوشتوبڕی بە ناوی خەباتی ئازادیخوازیی گەلێکی چەوساوە.
روداوەکەی لالەزار نابێتە هۆی بەخۆداچونەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی زیاتر خۆپڕچەککردن بەڵام نازانین کەی ئەو خۆپڕچەککردن و خۆبەهێزکردنە جارێکی تر لە کوێ و چۆن دەتەقێتەوە.
دەبێ کۆمەڵگای کوردی و حیزبە سیاسییەکان خاڵێک بۆ توندوتیژییە لە یەکلاییکردنەوەی ململانێی سیاسیی دابنێن. ئەمڕۆ بافێل تاڵەبانی بەهێزە بەرانبەر لاهور شێخ جەنگی، لەوانەیە سبەی ببێتە لاهور شێخ جەنگی یان هەر کەسێکی تر بەرانبەر بافێل تاڵەبانی. هەمان مەترسی هەیە لەناو پارتی کە کێ و چۆن شوێنی مەسعود بارزانی دەگرێتەوە.
وا باشترە بۆ خودی سەلامەتیی ئەو حیزب و سەرکردانە کۆتایی بەو چەتەگەرایییە بهێنن ئەگەرنا هەرگیز نە خۆیان و نە ماڵ و منداڵیان سەلامەت دەبن. هەموشیان ئەو راستییە دەزانن، بەڵام لەبری ئەوەی بێن لەڕێی دیموکراسی و حوکمی قانونەوە خۆیان و حیزب و کەسوکاریان بپارێزن، پێیانوایە دەبێ توندوتیژ بن و خاوەن میلیشیا بن. ئەوان پێیانوایە سیاسەتکردن لەناو جەنگەڵ پێویستی بەوەیە هێزی میلیشیای توندوتیژ و بەهێزت هەبێ، بەڵام ئەوان ئەوە لەبیردەکەن کە خۆیان ئەو جەنگەڵەیان دروستکردوە، دەیانتوانی باخچەیەک لەبری جەنگەڵ دروستبکەن.
|