د: پشتیوان فەرەج
        
        04/11/2025
        185 جار خوێنراوەتەوە
    
    
    بۆچی لە هەڵبژاردن خەڵک دەنگ بە کەسایەتی دەدات نەوەک بەرنامەی حزب؟
     
 ئەی بۆچی پێویستمان بە کاندیدی لاوازە نەوەک بەهێز بۆ پەرلەمان؟ 
 
لەسەردەمی هەڵبژاردن زۆربەی پارت و بەربژێری حزبەکان هەوڵدەدەن جوانترین و بەهێزترین کەسایەتی خۆیان و کاریگەرترین پڕۆژە و بەرنامەکانی حزبەکەیان بۆ خەڵک بخەنە ڕوو کە ئەمەش کارێکی ئاساییە بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بهێنن,  
 
بەڵام توێژینەوەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن. توێژینەوەکانی ئەم چەند ساڵەی زانستە سیاسیەکان لەدوای 2015 ەوە دەیسەلمێنن کە ئەگەر هاتوو کاندیدێک جورئەتی ئەوەی کرد هەندێ خاڵی لاواز و کەموکورتیەکانی خۆی چ وەک کەسایەتیەک و چ وەک بەرنامەی حزبەکەی بخاتە ڕوو ئەوا ئەگەری هەیە زیاتر بچێتە دڵی خەڵکەوە و ئەگەری سەرکەوتنی خۆی و حزبەکەی زیاتر دەکات وەک لەوەی تەنها لایەنی بەهێز بخاتە ڕوو. 
 
ئەمە بۆچی وەهایە؟ 
چونکە دەنگدەر بەدوای کاندیدێک دەگەڕێت کە وەک خۆی بێت بە کوردی و بەکورتی دەنگدەر دەیەوێت دەنگ بە کەسێک بدات کە مرۆفێکی ( ڕاستەقینە بێت) واتە ساختە نەبێت و بانگەشەی ئەوە نەکات کە عەسای سیحری پێیە و توانای هەیە هەموو کێشەکان چارەسەر بکات. بە زمانی ئینگلیزی بە ئەم جۆرە کەسایەتیە سیاسیانە دەڵێن (ئۆسێنتیک). 
 
بەڵگەی زانستی چیە؟ 
لە زانستە سیاسیەکاندا بەتایبەت لەم دە ساڵەی دواییەدا زۆربەی توێژینەوە سیاسیەکان زیاتر تیشک دەخەنە سەر کەسایەتی کەسی سیاسی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا. هەر لە هەڵبژاردنی ئۆلاف شووزەوە لە  ئەڵمانیاوە تا هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا هێشتا توێژنەوەکان گرنگیەکی زۆر بەکەسایەتی کاندید و بەربژێر دەدەن چونکە کەسایەتی کەسی سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا یەکلاکەرەوەیە وگرنگیەکی زیاتری هەیە بەبەراورد بەبەرنامە و پلان و ئەجێندای پارتە سییاسیەکان. دەرکەوتوە ئەو کاندیدانەی کە ژیانی تایبەتی خۆیان لە خەڵک بە گشتی دەشارنەوە کەمتر ڕاستەقینەتر و کەمتر ڕەسەنتر دەردەکەون و ئەو کاتانەی کە سیاسیەک ناترسێ کەموکوڕیەکانی خۆی بخاتە ڕوو و دان بە کەموکورتیەکانی خۆی یان پارتەکەی دەنێت زیاتر دەچێتە دڵی خەڵکەوە و زیاتر ڕاستەقینەتر دەردەکەون و لە هەڵبژاردن براوە دەبن. 
باشە ئەی لەسەر چ  بنەمایەک کاندیدی ڕاستەقینە  (ڕەسەن) بناسینەوە؟ 
 
بۆ ئەوەی کاندیدی ڕاستەقینە و ڕەسەن (بە ئینگلیزیەکەی ئۆسێنتیک) بناسینەوە دەبێ بەدوای ئەم سێ تایبەتمەندیەی خوارەوەدا بگەڕێین: 
ئاسایی بوون (کەسێکی ڕاستەقینەیە, خاکیە, لوت بەرز نیە, بەزمانی خەڵکی دەدوێ, لە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان دەیبینی و لە خەڵکەوە نزیکە, کەسێکی ساختە و فریودەر نیە, لەگەڵ خۆیان ڕاستگۆن,دەست پاک و دڵسۆزن, جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ژیانی پیشەیی و ژیانی تایبەتیاندا نیە, ئامانجیان لەخشتەبردنی خەڵک نیە, خۆیان جیاناکەنەوە لە کۆمەڵگا, ئاساییە بەلایانەوە ژیان و بۆچونە شەخسیەکانی خۆیان بخەنە ڕوو, لە خەڵکەوە زۆر دوور نین و خۆیان بە نوخبە و ئیلیت نازانن, بەشێوەیەکی خۆڕسکانە توانای سەرکردایەتی و ڕابەرایەتیان هەیە, پلە و پۆست نایانگۆڕێت و بەگشتی خۆشەویستن لەناو خەڵکدا و خەمی گشتیان هەیە ) بە ئینگلیزیەکەی واتە ئۆردینەری 
 
نەگۆڕ و تەبایە لەگەڵ خۆی (ڕاستگۆ و خاوەن هەڵوێستنە, سەرڕاستە و خاوەن پرینسیپە,کەسایەتیەکی بەهێزە و بەشێوەیەکی بەردەوام هەمان بیروباوەڕی خۆی دەخاتە ڕوو, هەرگیز لە خۆی ناگۆڕێت, لەسەر بۆچونی خۆی سوورە ئەگەر دەنگیش لەدەست بدات, ئیشکەر و دڵسۆزە, لە واقیعەوە نزیکە, کردارەکانی لە گەڵ گوتار و تێڕوانینەکانیان یەک دەگرێتەوە, پرۆفایلێکی کاریگەریان هەیە لە سۆشیاڵ میدیا, خاوەن بۆچون و بیرکردنەوە و حیکایەتی تایبەت بەخۆیانن و لە ڕابردودا سەلماندویانە خزمەتی خەڵک ئامانجیان بووە) بە ئینگلیزیەکەی واتە کونسیستێنسی 
 
خۆڕسک و خێران (شەفافن, ئازا و بەعیرەت, بەڕاشکاو و ڕاستگۆیی باس لە ژیانی خۆی دەکات و ناترسێت, بۆچونی تاکەکەسی خۆی و بیروباوەڕ و هەستەکانی ناشارێتەوە, ئاساییە بەلایەوە خەڵک لە ژیانی تایبەتمەندی شارەزا بن, هەست و سۆز بەسەریدا زاڵە و جارجار عاتیفیانە دەردەکەون, جار جار هەڵە دەکات و دان بە هەڵەکانی خۆیدا دەنێ,  بەهێزو نەگؤڕن و ئەوە دەکەن و ئەوە دەڵێن کە بیری لێدەکەنەوە, پابەندی مۆڕاڵ و ئیتیکی گشتین و گوێ لە خەڵک دەگرن ) بە ئینگلیزیەکەی واتە ئیممیدیەسی 
 
بەربژێری ڕاستەقینە پەیامێکی هەیە توشی شۆکت دەکات و ناتوانی ئەو پەیامەی لە بیر بکەی لەکاتی دەنگدان. 
 
ئایا هیچ پەیامێکتان بیستووە کەلەبیرت مابێ و قەناعەتی پێ کردبی؟ 
 
ئایا بەربژێرێک شک دەبەن ئەو مەرجانەی تیا بێ؟ 
 
     
      
                                 |