عوسمان زیندانی 06/03/2024 260 جار خوێنراوەتەوە

لەڕوانگەی مافی مرۆڤەوە... مووچە و (١١) كورسی گەڕانەوە بۆ دواوە یان هەوڵدان بۆ پێشەوە؟

بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ، هەموو مرۆڤێك مافی ژیانێكی  گونجاو و دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان و خۆشگوزەرانی هەیە و مافی  ئازادی و بیركردنەوە و ڕا دەبڕین و مافی هەڵسوڕانی سیاسی  و فكری و ڕۆشنبیری و بەشداری ڕاستەوخۆی  ژیانی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی و حوكمڕانی هەیە جا وەك تاك بێت یان وەك گروپ و نەتەوە و كەمینەیەك
 یان پێكهاتەیەكی نەتەوەیی دیاركراو بێت لەناو دەوڵەتێكی سەربەخۆدا یان لەناو هەرێمی دەوڵەتێكی فیدراڵیدا بێت ٠
پێویستە بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی عێراقی  لە چوارچێوەی ئەم بنەمایە خوێندنەوەی بۆ بكەین كە  تاچەند ڕەچاوی ئەم مافانە كراوە و لە ڕەهەند وهۆكارەكانی دەرچوونی ئەم بڕیارانە بكۆڵینەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەوە ٠
  یەكەم : گەلی كوردستان وەك هەرگەلێكی تر مافی ژیانێكی شایستەی هەیە و كارمەند و فەرمانبەرانی بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی كار و دامەزراندن و جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ و یاساكانی عێراق مافی مووچە وكرێی شایستەی هەیە ، بۆیە  بەپێی ئەم پێوەرە بێت بڕیاردانی دادگا بۆ پابەند كردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق وهەرێمی كوردستان بەپێدان ودابینیكردنی مووچە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەچەند ساڵێكە دوا دەخرێت و ساڵی وا هەیە چەند مووچەیەك هەر نادەن ، كارێكی ڕاست وڕەوایە و لەبەرژەوەندی  جەماوەرە بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی ،كە مووچە سەرچاوەی سەرەكی  بژێوی ودابینكردنی پێویستیەكانی ژیانی خەڵكیە و دەگونجێت لەگەڵ مافی مرۆڤدا ٠
 دەمێنێتەوە چۆنیەتی پێدانی مووچەیە كەبە چ شێوازێك بێت بەڕاستی ئەركی سەرەكی هەردوو حكومەتی عێراق و بەتایبەت حكومەتی هەرێمە كە هەوڵی ئاسانكاری بدات بۆ ئەم كارە لە چوارچێوەی پاراستنی كەرامەتی ئینساندا بێت نەك یاری كردن بەكات  ٠
دووەم : كەمكردنەوەی  (١١) كورسی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ پێكهاتە نەتەوەیەكانی ناو پێكهاتەی كشتی خەڵكی كوردستان  دیاركراوە  تا بەشێوەی
 ( كۆتا)  پێكهاتەی( توركمان وئاشوری وكلدان وسریان و ئەرمەن) بتوانن بەشێوازی (كۆتا)  بەئاسانی و بەڕاستەخۆیی بەشداری لە ژیانی سیاسی و ناوەند ودەسەڵاتدارێتی سیاسی هەرێمی كوردستان بكەن ، بەدڵنیایەوە بەڕاستی نەهێشتنی (١١) كورسی پێكهاتەكان پێچەوانەی مافی مرۆڤە و پێچەوانەی ئەو یاسا و ڕێكارانەی  یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە كە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پیادەی  شێوازی  (كۆتا)  كراوە وهەتا ئێستاش بەردەوامە ٠
سێیەم : كارێكی گرنگە  كە لێكدانەوە  بۆ هۆكاری دەرچوونی ئەم بڕیارانە  بكرێت لەسەر هەر سێ ئاستی ناوخۆی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی كە بۆچی هەرێمی كوردستان گەیشتووە بەم ڕۆژە و ئەی دادگای ئیتحادی  بۆچی ئەم بڕیارانەی دەركردو هەردوو پرسكەی كردە یەك  پاكێج و پێكەوە بڕیاری دا لەكاتێكدا كێشەی بەسەرچوونی وادەی پەرلەمان و پرسێكی تازەیە و جیاوازە و ڕەهەندی سیاسی هەیە بەڵام پرسی مووچە و بودجە پرسێكی كۆن وهی چەندین ساڵ پێش ئێستایە ڕەهەندێكی یاسایی وئەخلاقی و مرۆیی هەیە ، 
بەڵام عەقلیەتی ناوەندێتی و كاریگەری دەرەكی و بۆشاییە یاساییەكانی هەرێم  زەمینەی دەرچوونی ئەم. بڕیارەیە ٠
١- هۆكارە ناوخۆیەكان بریتیە لەو ڕەوشەی خراپەی كە عێراق و هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە و ململانێ كردن لەسەر پشكی زیاتر لەدەسەڵاتدارێتی و  بەدەستهێنانی سەرەوت وسامان ، پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانی لاواز كرد  تا ئاستی پیلانگێڕان لەیەكتری  وبەنا بردنی بەر نەیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان ، دادگای ئیتحادی هات كارتی مافی مووچە و كارتی ململانێی سیاسی لەگەل دەسەڵاتی هەرێم تێكەل كرد كە ئەمە لەگەڵ فەلسەفەی جێبەجێكردنی پاراستنی ماف هاوڵاتیان بەپێی یاسا نایەتەوە  و جەماوەر لێی زیانی كرد و ژیانی سەخت و دژوار دەكات ٠
٢- هەرێمی كوردستان  لەناوخۆدا بەهۆی شكستی سیاسەتی ئابووری و شێوازی حوكمڕانی وگەندەڵیەوە تووشی قەیرانی ئابووری  بووە و كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی  دواخست و بەنایاسایی ماوەكەی درێژ كردەوە و
 وادەی یاسایی تەمەنی كۆمسیۆنی ڕاپرسی وهەڵبژاردنی كوردستان بەسەر چوو وهیچ كارێكی نەكرد و سامانی نەوتی بەتاڵان فرۆشت بەكۆمپانیا بیانیەكان و دەرئەنجام نەوت فرۆشتنیش ڕاگیرا ، هەموو ئەمانە  و ململانێی نێوان یەكێتی وپارتی وای كرد كەدادگای ئیتحادی بتوانێت بەئارەزووی خۆی و بەهۆی ئەو بۆشاییە یاسایانەی دروست كرا لەهەرێم و پەنا بردنی لایەك و چەندین گروپی فشار بۆ دادگای ئیتحادی كە لەجیاتی دامەزراوەیی یاساداننی هەرێم خۆی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكات و چارەنووسی كۆتا وڕێژەی كورسی پەرلەمان  دیاری بكات بەڵام دادگای ئیتحادی  كەخۆی بەشێكە لەو ململانێیە لەناو عێراق و هەرێمدا هەیە ولە زۆرێك لەبڕیارەكانی لە ژێر گاریگەری ئیقلیمیدا ئەو چارەنووسی یاسا و كۆتاكانی دیاری كرد ٠
٢- دەوڵەتە ئیقلیمیەكان و بەدیاركراوی كۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی توركیا بەڕاستەخۆ تدخل دەكەن لە ناو پرۆسەی سیاسی لەعێراق و هەرێمداهەمیشە فشار دەكەن بۆ لاوازكردن ولەناو بردنی قەوارەی هەرێمی كوددستان و هەمووان باش دەزانین جگە لە ساروخ و درۆنەكانیان لە ڕێگەی  سوپاو عەمامەبەسەرەكانی ناو عێراقەوە یاری بەدواڕۆژی سیاسی و ژیانی خەڵك دەكەن هۆكاری سەركیش بۆ ڕۆڵی ئێران و توركیا هەر ململانێی نێوان یەكێتی و پارتیە كەلە پێناوی دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانیان دابەش بوون بەسەر ڕیزبەندی ئیقلیمی بئ ئەوەی حساب بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی وژیان وگوزەرانی خەڵك ودواڕۆژی هەرێمەكە بكەن ، نەگوێیان گرت لە دەنگی خەڵك  بۆ بەرجەستەكردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی كەمافی ڕەوایی خەڵكە و نەحسابیان كرد بۆ ڕاو بۆچوونی دامەزراوە جیهانیەكان كە داوای هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد ، هەتا ئێستاش لەسەرپلان و ئەم سیاسەتەیان بەردەوامن لەبەرئەوەی بیروباوەڕی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم وعێراق  ئەحزابی قەومی و بۆرژوازین و ئامانجیان بەرژەوەندی ئابووری خۆیانە نەك ژیان و مافی هاونیشتمانیان ٠
بۆیە لە بارێكی سیاسی وا ئاڵۆز و تیكچڕژاودا و دەبێت مرۆڤ پشوو درێژ و بەئیرادە بێت و بەردەوام بێت لەتێكۆشانی سیاسی و مەدەنی  بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی و حوكمڕانی نەك ڕازی بوون بەم زوڵم وستەمە و دەبێت هەمیشە بۆ پێشەوە بڕوانین و هەنگاو بنێین ، چونكە نەڕازی بوون بەم واقیعە و نەگەڕانەوە بۆ دواوە ڕێگە چارەیە بەڵكو خەبات دەبێت بۆ مافە ڕۆژانەیەكان و ئاڵوگۆڕی سیاسی پێكەوە گرێ  بێت و بۆ پێشەوە بڕۆین نەك بگەڕێینەوە دواوە و دەبێت دوای تەواو بوونی كێشەی مووچە  بەردەوام بین وكاربكەین  بۆ ئەو ئامانجانە كەمافی هەموو ئینسانێكە ٠

سەرەکی