عەزیز ڕەئووف
11/12/2025
154 جار خوێنراوەتەوە
چی لە چەمچەماڵەوە فێربین؟
ڕووداوەکەی چەمچەماڵ هەر رووداوێکی سروشتی ئاسایی نەبوو، بەڵکو چەند خاڵێکی گرنگی بۆ دەرخستین:
یەکەم: ئیدی لە دنیایەکداین کە هەواڵ و ڕووداو هەر بە بێدەنگی نامێنێتەوە. دوو ڕۆژە چەمچەماڵ و دەوروبەری سەردێڕی کۆی میدیاکانن. ئەم ڕووداوە دەریخست کە چیدی ناکرێت رووداو بە شاراوەیی بمێنێتەوە و خۆی هەر ئەمەش دیوە ئیجابیەکەی میدیایە.
دووەم: هیچ ڕووداوێک بارتەقای ئەم رووداوە ڕوخساری بەرپرسانی هەڵنەماڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیحراج نەکرد، ئەمەش وا دەکات ئیدی دەبێت ئەم رووداوە وامان لێ بکات لەبەرپرسان بپرسینەوە و ستۆپێک بەو هەموو بێحورمەتییە بکەین.
سێیەم: پەرۆشی خەڵکی مەدەنی و یارمەتیدان و بەتەنگەوەهاتن، دیمەنێکی یەکجار جوانی ئەم ڕووداوە بوو. زۆرێک لە خەڵک پیش دەسەڵات و لایەنەکان بەتەنگ سەر و ماڵی خەڵکەوە بوون. ئەمەش ئەو هاوخەمییە دەردەخات سەرباری ئەو دۆخە نالەبارە، هێشتا مرۆڤ لەم هەرێمە لەمرۆڤایەتی نەکەوتووە.
چوارەم: بەتەنگەوە هاتنی خەڵک بۆ کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ و پەرۆشی خەڵک بۆ پڕکردنەوەی کتێبخانەکە، ئومێدبەخشە بەوەی هێشتا گیانی خوێندن و زانیاری و کتێب لەم شارەدا زیندووە.
پێنجەم: بەتەنگەوەهاتنی خوێندکاران بەتایبەت مامۆستا ئازاکانی قوتابخانەی قەندیل لە تەکیە، ئەو ڕاستییەی دەرخست کە مامۆستای مەزن دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی تەندروست پەروەردە بکات.
شەشەم: بەتەنگەوەهاتنی گیانداری سەر شەقامەکان و ڕزگارکردنی سەگی بێلانە، لەو دیمەنە ژیاندۆست و ئاژەڵدۆستانە بوو کە سیمای هەرە دیاری جوانییەکانی مرۆڤ لە چەمچەماڵ نیشان دەدات.
حەوتەم: میواندۆستی و جوانییەکانی ئەم شارە لەم ڕووداوەدا دەرکەوت، پیاوێکم بینی هیچی بۆ دەرنەچبوو، کەچی بە پەیامنێری کەناڵەکەی دەوت: نیوەڕۆ میوانمان بە ئەمەش ئەوپەڕی جوانی و میواندۆستی خەڵکی ئەم شارە بوو.
هەشتەم: ژنێکی ئازای چەمچەماڵ دەڵێ: دەبێ قایمقام دەست لەکار بکێشێتەوە، بارتەقای کۆی هێزەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن ڕادیکاڵ و هوشیار و خۆنەویست بوو، کە هیچ هێزێکی سیاسی ئەو جورئەتەی نەکرد بە ئاشکرا دەنگ هەڵبڕێت.
نۆیەم: ئەم ڕووداوەی چەمچەماڵ دەریخست کۆی دامەزراوەکانی حکومەت پەکیان کەوتووە و خەڵکی کوردستان کۆمەک بۆ ئەو شارە کۆ دەکەنەوە. ئەمەش دەریدەخات لەبەردەم مۆدێلێکی کۆتایی دەسەڵاتداین کە ناتوانێت و نایەوێت خزمەت بە شارێک بکات کە لە غازی سروشتیدا دەوڵەمەندترین ناوچەی کوردستانە.
دەیەم: لەم سەروبەندەدا خەریکە کۆدەنگییەک دژ بە بەرپرسان دروست دەبێت، ئۆپۆزسیۆنی ساختە دیت و دەڵێت بەرپرسانی چەمچەماڵ دەدەینە دادگا، وەک ئەوەی دادگا زۆر باڵا دەست بێت لەم وڵاتە. وەک کۆی جارەکانی تر ئەمجارەش ئۆپۆزسیۆنی ساختە فریای دەسەڵات کەوت.
|