د: پشتیوان فەرەج 29/12/2025 76 جار خوێنراوەتەوە

مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە عێڕاق چیمان پێ دەڵێ؟

لەو کاتەوەی عێراق دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی پەسەند کرد، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، فۆرمولەیەکی دەستووری ڕوونی پەیڕەو کردووە، ئەویش دەنگدانی نهێنی و زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوو دەیە ئەزموون
 پەرلەمان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پڕۆسەکە بە دەگمەن ئاسان بووە.

لە ژێر چوارچێوەی یاساییدا واقیعێکی سیاسی هەیە کە بەهۆی دابەشکردنی دەسەڵاتی نافەرمی، گرێبەستی پشت پەردە، خولی دووبارەبوونەوەی دەنگدان، بنبەستی درێژخایەن و، لەم دواییانەدا، دەستێوەردانی دادوەری ڕاستەوخۆ کە کۆتایی بە خولی دانیشتنی سەرۆکی پەرلەمان هێناوە، لە قاڵب دراوە. ئەنجامەکەی هەڵوێستێکە کە هێندەی بە کۆدەنگی هەڵدەبژێردرێت، ئەوەندەش بە ژماردنی دەنگەکان هەڵدەبژێردرێت و لەپشتەوەی پرۆسەکە ڕئکەوتن هەیە.

پەیمانی نەنووسراو

لە مادەی 55ی دەستووری ساڵی 2005دا هاتووە، سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگر بە دەنگدانی نهێنی ڕاستەوخۆ هەڵبژێردرێن، بە بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای سەرجەم یاسادانەران. دەنگدانەکە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا دوای هەڵبژاردنەکان ڕوودەدات، هەرچەندە ئەگەر هیچ کاندیدێک زۆرینەی پێویست بەدەستنەهێنێت، ڕەنگە دانیشتنی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. هەروەها خودی پرۆسەکە پێویستی بە ئامادەبوونی زۆرینە( کوۆرم) داوای ئامادەبوونی زۆرینەی ڕەهای ئەندامان دەکات.

لە ڕووی یاساییەوە دەستوور ئاماژە بە تەرخانکردنی ئەم پۆستە بۆ لایەنئکی تائیفی و نەتەوەیی ناکات. به ڵام به کرده وه ئەم نەریتە سیاسییە دوای 2003 جێی خۆی گرتووه ، ئه ویش سه ڕۆکایه تی دەدرێت بە عه ڕه بێکی سوننه ، سه رۆکی حکومەت ده چێت بۆ هێزه سیاسییه شیعه کان و سه رۆکایتی کۆماریش بۆ لایه نه کوردییه کان. هەرچەندە ئەم ڕێکخستنە نەنووسراوە و پابەند و ئیلزامی نییە، بەڵام بووەتە بەردی بناغەی سیستەمی سیاسی عێراق و لەو کاتەوە هەموو خولێکی پەرلەمانی لە قاڵب داوە.

سیحری ژمارە ١٦٥

بەو پێیەی لە ئێستادا پەرلەمان لە ٣٢٩ کورسی پێکهاتووە، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پێویستی بە لانیکەم ١٦٥ دەنگ هەیە کە نیوەی کۆی ئەندامان، لەگەڵ یەک. ئەم ئاستەنگە بەبێ گوێدانە ئەوەی چەند یاسادانەر بەشداری دانیشتنەکە دەکەن، جێبەجێ دەکرێت، بە مەرجێک نیسابی یاسایی جێبەجێ بکرێت.

لە خولی پێشووی پەرلەمانیدا، ژمارەی پێویست بەپێی قەبارەی پەرلەمان لەو کاتەدا جیاواز بوو. لە کاتێکدا دەستوور ئاستی دەنگدان دیاری دەکات، بەڵام ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی دووەم دیاری ناکات، ئەمەش پەرلەمان هێشتۆتەوە پشت بە داب و نەریتی سیاسی ببەستێت. لە ئەنجامدا زۆرجار هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان چەندین خول درێژ بووەتەوە یان بۆ دانیشتنەکانی دواتر دواخراوە تاوەکو دواجار کاندیدێک پشتگیری پێویستی دەستەبەر دەکات.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی دەستوەردانی کرد و بڕیاریدا کە پەرلەمان مەرج نییە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم دانیشتنیدا تەواو بکات، و ڕەنگە کاری یاسادانان بەردەوام بێت تەنانەت ئەگەر پۆستەکە بە بەتاڵیش بمێنێتەوە - بڕیارێک کە بەردەوامی دامەزراوەیی بەهێز دەکات لە کاتی ئیفلیجی سیاسیدا.

چۆن سەرۆک پەرلەمان عێراق هەڵبژێردران — وەرز بە وەرز

ئەنجومەنی نیشتمانی ڕاگوزەر (ئینتقالی) (٢٠٠٥)

لە نیسانی ٢٠٠٥، لە قۆناغی سیاسی کاتی عێراقدا، یاسادانەران هاجیم حەسەنییان وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ئینتقالی هەڵبژارد. دەنگدانەکە بە دەنگدانی نهێنی لە ژێر ڕێکخستنە یاساییە ئینتقالییەکاندا ئەنجامدرا، پێش ئەوەی دەستووری هەمیشەیی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یەکەم خولی دەستووری (٢٠٠٦-٢٠١٠)

پەرلەمان لە 22ی نیسانی 2006 مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد، ئەمەش یەکەم پۆستی سەرۆکایەتی بوو بەپێی دەستووری نوێ. داتا فەرمییەکانی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان ئاماژەیان بەوە کردووە کە نزیکەی ١٥٩ دەنگی لە پەرلەمانێکی ٢٧٥ کورسی بەدەستهێناوە، کە زۆرینەی ڕەهای ئەو کاتەی تێپەڕاندووە کە پێویست بوو.

ماوەی سەرۆکایەتییەکەی پشێو بوو، بە دووبارەبوونەوەی ناکۆکی لەناو پەرلەمان و هەڵپەساردنی دانیشتنەکان و گرژی سیاسی. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٨، ئەلمەشهەدانی پێش تەواوکردنی ئەو خولە دەستی لەکارکێشایەوە.

ئەوەی بەدوایدا هات یەکێک بوو لە سەرەتاییترین تاقیکردنەوەکانی پەرلەمان بۆ پارچەپارچەبوون. بەهۆی ئەوەی هەمان ژووری ٢٧٥ کورسی نەیتوانی لەسەر جێگرەوەیەک ڕێکبکەوێت، چەندین هەوڵ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ لە ماوەی چەند مانگێکدا شکستی هێنا. تەنها لە 19ی نیسانی 2009 بوو، دوای دواکەوتنی دانیشتنەکان و دووبارەبوونەوەی خولی دەنگدان، پەرلەمانتاران ئەیاد ئەلسەمەڕائییان هەڵبژارد. لە کۆی ٢٣٢ پەرلەمانتاری ئامادەبوو ١٥٣ دەنگی بەدەستهێنا - چونکە ٤٣ پەرلەمانتار ئامادە نەبوون - کۆتایی بەو بنبەستە هێنا و نیشانیدا کە چۆن پارچەپارچەبوون دەتوانێت تەنانەت پرۆسەکانی دەستووریش بوەستێنێت.

خولی دووەمی دەستووری (2010–2014)

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ پەرلەمانێکی چاکسازیکراوی هێنایە ئاراوە کە ٣٢٥ کورسی تێدابوو و بەو پێیەش ئاستی زۆرینەی ڕەهای بەرزکردەوە. لە 11ی تشرینی دووەمی 2010 پەرلەمان بە کۆی 227 دەنگی یەکلاکەرەوە ئوسامە نوجەیفی وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد. هەڵبژاردنەکەی بەشێک بوو لە ڕێککەوتنێکی سیاسی فراوانتر کە دوای هەڵبژاردنەکانی ئازاری ٢٠١٠ کۆتایی بە چەند مانگێک لە کێشە و گرفتەکان هێنا.

نوجەیفی بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی پێش خۆی، خولی تەواوەتی تەواو کرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قۆناغێکە کە کۆدەنگی نێوان بلۆکەکان وەرگێڕدرا بۆ سەقامگیری دامەزراوەیی.

خولی سێیەمی دەستووری (2014–2018)

هەمان پێکهاتەی ٣٢٥ کورسی کە بۆ خولی پەرلەمانی ٢٠١٤-٢٠١٨ گواسترایەوە. لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١٤، پەرلەمانتاران بە ١٩٤ دەنگ سەلیم جبورییان وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد، کە پشتیوانییەکی بەرفراوانی بلۆکە گەورەکانی پەرلەمان پشتگیریان لێدەکرا. ماوەی سەرۆکایەتییەکەی پڕ لە ئاستەنگ و ئاسایشی نیشتمانیدا ڕوویدا، بەڵام خودی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە درێژایی خولەکە جێگیر بوو.

خولی چوارەمی دەستووری (2018–2022)

پێش دەنگدانی ساڵی ٢٠١٨، چاکسازییەکی هەڵبژاردن پەرلەمانی فراوانتر کرد بۆ ٣٢٩ کورسی، بەمەش مەرجی زۆرینەی ڕەها زیادکرا. ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانێکی شکاوی زیاتری هێنایە ئاراوە و دانیشتنەکانی سەرەتایی نەیانتوانی ڕێککەوتن لەسەر سەرۆکی پەرلەمان بەرهەم بهێنن. لە 15ی ئەیلولی 2018، دوای چەندین خولی دەنگدان، محەمەد حەلبوسی بە 169 دەنگ هەڵبژێردرا و بووە گەنجترین کەسایەتی کە ئەو پۆستەی وەرگرتبێت.

خولی پێنجەمی دەستووری (2022–2025)

کاتێک پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراوی ٣٢٩ کورسی لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ کۆبووەوە، پەرلەمانتاران حەلبوسییان بۆ خولی دووەم هەڵبژاردەوە. لە خولی یەکەمدا ٢٠٠ دەنگی بەدەستهێنا - ئەنجامێک کە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەگەڕێتەوە بۆ نوێبوونەوەی لێکتێگەیشتنی سیاسی لە نێوان بلۆکە گەورەکاندا.

ئەو سەقامگیرییە تەمەنی کورت بوو. لە 14ی تشرینی دووەمی 2023 دادگای باڵای فیدراڵی ئەندامێتی پەرلەمانی حەلبوسی هەڵوەشاندەوە بەهۆی دۆسیەیەکی یاسایی و تۆمەتەکانی ساختەکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارێکی تێدابوو، کە ئەو ڕەتیکردەوە. ئەم بڕیارە دۆخێکی بێ وێنەی دروست کرد: سەرۆکی دانیشتوو بە فەرمانی دادوەری دوورخرایەوە، پۆستەکەی بە بەتاڵی هێشتەوە چونکە جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی دەکرد.

دوای نزیکەی ساڵێک لە چەقبەستوویی سیاسی، پەرلەمان لە 31ی تشرینی یەکەمی 2024 مەحمود ئەلمەشهەدانی هەڵبژاردەوە و 182 دەنگی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای چەندین خول کە لە سەرەتادا هیچ کاندیدێک نەگەیشتە زۆرینەی ڕەها. گەڕانەوەی  مەشهەدانی جەختی لەسەر دوو تایبەتمەندی پەرلەمانی عێراق کردەوە: لە کاتی چەقبەستووی درێژخایەن و پارچەپارچەبوون و نەمانی کۆدەنگی و تەوافوق و مەیلی پاشەکشەکردن لایەنە نەیارەکان لەسەر کەسایەتیەکی پیری بەئەزموونەکان ڕؽک دەکەون.

خولی شەشەمی دەستووری (2025–)

لەگەڵ کۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنی شەشەمین پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، ئێستا دەسەڵاتی یاسادانانی تازە هەڵبژێردراو لەبەردەم ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی خۆیدایە. دوای هەڵبژاردنەکان، بلۆکە سوننەکان هەوڵیاندا کاریگەریی خۆیان چەسپێنن بە پێکهێنانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی وەک چوارچێوەیەک کە مەبەست لێی یەکخستنی یاریزانە سەرەکییەکانی سوننە بوو وەک چوارچێوەی هەماهەنگی لە نێوان کوتلە شیعەکاندا.

ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی کۆمەڵێک هێزی سوننە کۆدەکاتەوە، لەوانە پارتی تەقەدوم (پێشکەوتن) بە سەرۆکایەتی حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پارتی ئەلعەزم (ئیرادە) بە سەرۆکایەتی موتەننا ئەلسەمەڕائی، هاوپەیمانی سەروەری (السیادە) خەمیس ئەلخەنجەر، هەروەها هاوپەیمانی نیشتمانی ئەلحەسمی جەماوەر پارتی ئەلوەتانیە.

سەرەڕای ئەم دەرکەوتنە یەکگرتووییە، ڕکابەرییە دێرینەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. تەقەدوم لە هەڵبژاردنەکاندا وەک گەورەترین بلۆکی سوننە دەرکەوت کە ٢٧ کورس هەیە و بە نیازی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانەوەیە. ئەلعەزم کە ١٥ کورسی مسۆگەر کرد و زۆرجاریش لەگەڵ حەلبوسی پێکدادانیان هەبووە، بەردەوامە وەک ئاستەنگێکی گەورە.

هەروەها پاڵێوراوانی دیکەش سەریان هەڵداوە، لەوانە محەمەد تەمیم، وەزیری پێشووی پەروەردە، ثابت عەباسی، وەزیری بەرگری، سالم ئەلعیساوی پەرلەمانتار و پەرلەمانتار مەحمود ئەلقەیسی.

ڕێگای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت. دەستەبەرنەکردنی ١٦٥ دەنگی پێویست دەتوانێت بڕیارەکە دوابخات کە بڕیارە لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان کە بڕیارە ٢٩ی کانوونی دووەم بەڕێوەبچێت یان بلۆکە سوننەکان ناچاربکەن سازان لە کۆتا خولەکدا بکەن کە دابەشکردنی سەرۆکی لیژنەکان و پۆرتفۆلیۆی وەزارییەکان لە قاڵب دەدەنەوە.

ئەگەر پێکهاتەی سوننە نەتوانێت لە دەوری یەک سەرۆکی پەرلەمان یەکبگرێتەوە، پەرلەمان ناتوانێت دەست بە کاری ئاسایی یاسادانان بکات و دەنگدانی سەرۆکایەتی دوادەخرێت. لە هەمان کاتدا پێکهاتەکانی تر - شیعە و کورد - ناتوانن بە شێوەیەکی دەستوری کەسێک لە دەرەوەی پێکهاتەی سوننە بسەپێنن، تەنانەت ئەگەر دەنگی پێویستیان هەبێت.

دەرئەنجامە ئەگەرییەکە یان سازشێکی زۆرەملێی سوننە و سوننەیە یان گەڕانەوە بۆ ئەو مۆدێلەی کە لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢دا بەکارهاتووە: ڕێککەوتنێکی پێکهاتەکان کە تێیدا ئیتار و بلۆکە کوردییەکان سوننەکان بەرەو یەک هەڵبژاردنی قبوڵکراو بکەن. ئەگەر ڕکابەری سوننە توندتر بێت، ڕەنگە هەندێک بلۆک هەوڵی پێشخستنی کاندیدێکی سوننە بدەن کە هێزە غەیرە سوننەکان پشتگیریان لێدەکەن، بەڵام ئەمە مەترسی کاردانەوەی سیاسی بەرچاوی لەناو شەقامی سوننەدا هەیە.

هاوسەنگییەکی ناسک
کۆدەنگی سیستەمی موحاسەسە و بەرژەوەندی حزبەکان

لە ماوەی پێنج خولی پەرلەمانیدا، نەخشێکی بەردەوام سەریهەڵداوە. لە کاتێکدا ڕێسا دەستوورییەکانی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکایەتی وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام دەرئەنجامەکانی نزیکەی تەواو وابەستەی ڕێکخستنە سیاسییەکان بووە.

کاتێک بلۆکە گەورەکان گەیشتنە ڕێککەوتنی پێشوەختە - وەک لە ساڵی ٢٠١٠، ٢٠١٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ - هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بە خێرایی بەردەوام بوو. لە بەرامبەردا، کاتێک پارچەپارچەبوون زاڵ بوو، پرۆسەکە درێژەی کێشا، وەک لە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٨ و ٢٠٢٤دا بینرا. دەستێوەردانی دادوەری بووە هۆکاری یەکلاکەرەوە و کۆتاییهێنان بە ئەرکی حەلبوسی لە ساڵی ٢٠٢٣.

ئەمڕۆ لەگەڵ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە ٢٩ی کانوونی دووەم،پەرلەمانی نوێ ئامادەیە جارێکی دیکە هاوسەنگی ناسکی نێوان ڕێکاری دەستووری و موزایەدەی سیاسی و هاوسەنگی هەرێمایەتی لە یەکێک لە پۆستە پەرلەمانییەکانی تاقیبکاتەوە کە زۆرترین کێبڕکێی لەسەرە. ئەمڕۆ هەموو چاوەکان لەسەر پەرلەمانن  بزانن حکومەتی نوێ ی عێراق چۆن پێک دەهێنرێت.

هەموو وتارەکانی د: پشتیوان فەرەج

سەرەکی