عەزیز ڕەئووف
30/12/2025
155 جار خوێنراوەتەوە
ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات
ئەوەی لەبەغدا روودەدات درووست ئەنجامی تێکشکان و پەرتپەرتبوون و وێرانبوونی دنیای ئێمەیە. ئەو ململانێیەی دوو بەرەی کورد لەبەردەم کۆی هێزە عیراقییەکان چوونە بەرەی هێزە عیراقییەکان، ئەو مەهزەلەیەیە کە بە عیراق و دونیا دەڵێین کورد چەند پەرتپەرت و نەیاری یەکترن و چەند بەتاڵن لە سیاسەت و چۆن بەرژەوەندی خۆیان و کاندیدەکانیان دەخەنە پێش کۆی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.
ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات هێندەی تر ماڵی کوردی پەرتتر کرد و کردەی کۆبوونەوەی پارلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی پەکتر خست، کە بۆ من گرنگ نییە چ بەرەیەکان لەسەر حەقن، ئەوەی بۆ من گرنگە دەبینم ئەم مەهزەلەیەی لە بەغدا دەگوزەرێت دوور و نزیک هیچ پەیوەندی بە شەقامەکانی ئێمەوە نییە و هێندەی تر بێئومێدمان دەکات کە ئەم دووهێزە بتوانن دنیای ئێمە جوانتر بکەن.
ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات درووست پێی وتین هیچ هێزێکی تر لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی بوونی نییە و بە ئاشکرا ئەو بۆشاییەی پیشانداین و دروست پیی وتین هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بەسەر ئەجێندای هێزەکانی دەسەڵاتدا دابەش دەبن و دەزانین کە ئەو گومانەی لەسەر ئۆپۆزسیۆنی ساختە هەمانبوو، دروست لەم ململانێ ناتەندروست و قێزەونەی جێگری دووەمی سەرۆکی پارلەمان دەرکەوت کە چۆن هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بوون بە بەشێکی سەرەکی لەم گەمە سیاسییەدا.
ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات گاڵتەجاڕییەکی سیاسی بێوێنەیە و ئاوێنەیەکە ڕووخساری ڕووتی خۆمانی پیشانداین و دەریخست لە دنیای دەسەڵات و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان چۆن دابەزیوەتە ئاستێکی تەواو لاوازی ململانێی نادرووست و قێزەون کە زیادەڕۆیی ناکەم کە بڵێم مرۆڤ هەندێ جار شەرم دەکات لە سەرزەمینێکدا دەژی کە ئەم جۆرە لە هێز و لە سیاسی حوکمڕانی دەکات.
ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە.
|