خالید قادر
21/01/2026
115 جار خوێنراوەتەوە
ترسی هاکان فیدان لە چیدایە؟
لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، هەمیشە ئەو کەسانەی لە رەگ و ریشەی خۆیان دادەبڕێن و دەبنە بەشێک لە ئامێری سەرکوتکاری داگیرکەر، دەبنە قێزەونترین و توندترین ئامراز بۆ لێدانی نەتەوەکەی خۆیان. هاکان فیدان، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری (میت) و وەزیری ئێستای دەرەوەی تورکیا، نموونەی ئەو کوردە دەستکەلایەیە کە لە نێو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی تورکدا تواوەتەوە. وەک کەسێکی خۆفرۆش و بێئیرادە، بۆ سەلماندنی دڵسۆزیی خۆی بۆ عەقڵییەتی تورکچێتی، ئامادەیە لە هەمووان زیاتر دژایەتی رەگی خۆی بکات.
کاتێک ورد دەبینەوە لە گوتارە سیاسییەکانی فیدان، دەبینین ئەو لە نێو جەرگەی دەزگای میت و گەرای تیرۆر و سڕینەوەی نەیارەکانی ئەردۆگانەوە هاتووەتە ناو دنیای دیپلۆماسییەوە. ئەو بە هەمان عەقڵییەتی شۆفێنیانەی ئەتاتورک و بە بەرگێکی نوێوە، سەرپەرشتی دژایەتی پرسی کورد، داگیرکاری، پلانڕێژی دژی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی دەکات؛ بە تایبەت لە پیلانگێڕییەکانی ئێستایدا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. ئەوەتا فیدان چەند رۆژێک پێش ئێستا بە هاوکێشەیەکی سادەی بیرکاری وەک (٢+٢=٤) شەرعییەت دەداتە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر رۆژئاوا و تێکشکاندنی قەوارەی سیاسیی کورد. بەڵام هەڵەی گەورەی ئەو ئەوەیە کە لە فەلسەفەی مێژوو و ئیرادەی گەلان تێناگات. ئەو نازانێت لە فەرهەنگی تێکۆشانی ئێمەدا، وەک شاعیر و هونەرمەندی نیشتمانپەروەر (نادری قازی) دەڵێت: "دوو زاید دوو دەبێتە یەک". ئەمە تەنیا کایەیەکی شیعری نییە، بەڵکو مانیفێستی یەکبوونی نیشتمانێکە کە بە هیچ سنوورێکی دەستکرد و بە هیچ هاوکێشەیەکی هەواڵگری دابەش نابێت.
هەڵبەتە خودی بەکارهێنان و شێواندنی ئەم دێرەی نادری قازی لە لایەن هاکان فیدانەوە، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ئەم گوزارشتە مێژووییە چەندە زامێکی قووڵی لەسەر دڵی نەیاران جێهێشتووە. نەیارانی ئێمە دەزانن کاتێک کورد دەڵێت "دوو زاید دوو دەکاتە یەک"، واتە کۆتاییهێنان بەو پارچەپارچەییەی کە ئەوان بۆ سەدەیەک وەک ستراتیژ کاریان لەسەر کردووە.
رەنگە باشووری کوردستان لە پەرەپێدان و چەسپاندنی چەمکەکانی (باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا) لە گوتاری میدیایی و سیاسیی کوردیدا، ئەو شەرەفە مێژووییەی پێ بڕابێت کاتێک لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، وردە وردە ئەم چەمکانە چەسپان و بوونە گرنگترین دەستکەوتی هۆشیاریی نەتەوەیی تاکی کورد. خۆشبەختانە ئێستا ئەم چەمکانە تەنیا ئاراستەی جوگرافی نین، بەڵکو وەک پەیمانێکی ئەخلاقیی نەتەوەیی بوونەتە وێردی سەرزمانان و وەک بزمارێکیش لە جەرگی دوژمنان رادەچن و سنوورە دەستکردەکان دەبەزێنن.
هێشتا لە یادمانە کە جاران لە بری "باشووری کوردستان" دەگوترا: کوردستانی باشوور یان عێراق؛ بۆ بەشەکانی تریش پاشگری وڵاتانی داگیرکەریان بەکار دەهێنا وەک (کوردی تورکیا، ئێران و سووریا). بەڵام ئەمڕۆ ئەو جۆرە ناونانە لە نێو بیرکردنەوەی گشتیدا جێگەی نەماوەتەوە و بووەتە بەشێک لە پەروەردەی نەتەوەیی.
هەر ئەمەشە وا لە پەرلەمانتارانی تورک بکات نەخشەی کوردستانی گەورە وەک هەڕەشەیەک لەسەر خۆیان لە ناو پەرلەماندا بەرز بکەنەوە و بە لەرزینەوە بڵێن: کوردەکان داوای کوردستانی گەورە دەکەن. هەر بۆیە وەک سەگی هار بەردەبنە هەر دەستکەوتێکی نەتەوەیی و پلانڕێژی لەباربردنی دەدەن. ئەو هەوڵەش تەنیا لە هێرش و کۆبوونەوە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکو وەک سێبەرێکی رەش دەگاتە ناو هەموو کوچە و قوژبنێک کە کوردی لێ بێت.
رۆژێک ناڵیی کوڕم بە پەرۆشەوە باسی ئەوەی بۆ کردم کە لە قوتابخانەکەیان لە غوربەت، ژوورێکی تایبەت هەیە بۆ ناساندنی کلتوور و زمانی گەلان.
کاتێک ویستبووی وەک کوردێک شوێنی نیشتمانەکەی لەسەر نەخشەی جیهان نیشانی هاوڕێکانی بدات، هیچ ناو و نیشانێکی کوردستانی نەدۆزیبووەوە.
بە تووڕەیی و چاوێکی پڕ لە پرسیارەوە گەڕایەوە و وتی:بۆچی ئێمە وڵاتمان نییە؟.
دیمەنی ناڵی، کە بە ئاڵایەکی بچووکەوە لە حەوشەی قوتابخانەکەدا بەرگری لە بوونی خۆی دەکرد لە بەرانبەر ئەو منداڵە تورکانەی کە ناڕەزاییان دەردەبڕی، کورتکراوەی هەمان ئەو ململانێیەیە کە ئێستا لە رۆژئاوا، باشوور و هەموو بستێکی کوردستان بەردەوامە.
رەنگە کوردانی دەرەوەی وڵات زیاتر زوخاوی بێدەوڵەتی و پلانڕێژی دوژمنان بە دەمارەکانیاندا رۆبچێت؛ چونکە کاتێک لەگەڵ گەنجێکی سکۆتلەندی، ئیرلەندی، کەتەلۆنی یان باسکێک دادەنیشیت و گفتوگۆ دەکەیت، دەبینیت سەرباری تێکەڵبوونیان لەگەڵ سیستەمی پێشکەوتووی ئەوروپا، هێشتا خەمی نەتەوەکەیان کە نەبووەتە دەوڵەت، لە چاوەکانیاندا دەدرەوشێتەوە. کاتێک لەگەڵ ئەڵمانییەک، ئیسپانییەک یان پۆڵەندییەک بە زمانی ئینگلیزی دەدوێیت و ئەو دەڵێت: "تێناگەم، بە زمانەکەی خۆم قسەم لەگەڵ بکە"، لەوێدا تێدەگەیت کە زمانی دایکت چەند شیرینە.
دڵنیام ئەم پەلەقاژەیەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی بەکرێگیراوەکانییەوە لە رۆژئاوا دەیکات و مەبەستیەتی باشووری کوردستانیش بگرێتەوە، بۆ رێگریکردنە لەو گۆڕانکارییە حەتمییەی کە چاوەڕێی ناوچەکە دەکات؛ بۆیە بە دڵنیاییەوە هەموو پیلانگێڕییەکانیان شکست دەهێنن و دواجار گەلەکەمان سەردەکەوێت.
ئەوان لە نالییەکان دەترسن، چونکە دەزانن فیدانەکان تەنیا دەستکەلایەکی کاتین. هەر بۆیە ئەگەر بتوانن هەوڵی داگیرکردنی رۆژئاوا بدەن، باشوور پەکبخەن و باکوور و رۆژهەڵات بخنکێنن، ئەو ئیرادەیەی هەر دەمێنێتەوە کە بڵێت: ئێمە هەین، ناتوانن لەسەر نەخشەی مێژوو بمانسڕنەوە و دواجار سەردەکەوین.
٢+٢=١
|